ماكوان عيززهت – هەولێر
فەرەیدوون ساڵح خۆشناو هاونووسەری پەرتووکی (لە مامۆستای باش بۆ باشتر) ڕایگەیاند: بەپێی ئەو ئەزموونەی دوای زیاتر لە ١٨ ساڵ مامۆستایەتی بەدەستم هێناوە و هەروەها تێبینیکردن و تەفرەنجەگرتن، زۆرێک لەو کێشە و گرفتانەی کە رووبەڕووی خۆم و بەتایبەت ئەو مامۆستایانە دەبوویەوە کە تازە دەبوون بە مامۆستا و دوای ماوەیەکی کورت وازیان دەهێنا و بەرگەی ئەم پیشە پیرۆزەیان نەدەگرت؛ بۆیە نووسینی پەرتووکیکی لەم شێوەیە بە پیویست زانی و دوایی ماندووبوونیکی زۆر، سوپاس بۆ خوا و دەستخۆشی لە هەموو ئەو مامۆستایانە و برا و برادەر و خزم و کەس و خانەوادە کە هاوکار بوون لە نووسین و چاپ کردنی ئەم کتیبە و هیوادارم بتوانین خزمەتێک بێت بۆ بواری پەروەردە و مامۆستایانی خۆشەویست.
خۆشناو گوتیشی: ئەم پەرتووکە لە شەش بەش پێک هاتووە؛ لەبەشی یەکەمدا باس لە گرنگی یەکەم ڕۆژی وانەوتنەوە کراوە؛ لە بەشی دووەمدا بنەما گرنگەکانی بەڕێوەبردنی پۆل و ڕێگاکانی وانەگوتنەوە گفتوگۆی لەسەر کراوە؛ لە بەشی سێهەمدا چەند بنەمایەک بۆ بوون بە مامۆستایەکی پڕۆفێشنال باسی لێوە کراوە. هەڵسەنگاندن ئەرکێکی سەرەکی مامۆستایانە و، بەشی چوارەم تایبەتە بە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە بە شێوەیەکی سەردەمیانە و دروست؛ بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان بابەتێکە نە تەنها بۆ مامۆستایان بەلکو بۆ ڕاهێنەرانیش زۆر پێویستە و دەتوانن لە بەشی پێنجەمدا زانیاری پێویستی لە بارەوە وەربگرن؛ لە کۆتاییدا باس لە تەندروستی جەستەیی و دەروونی مامۆستایان و ڕاهێنەران کراوە.
مامۆستا فەرەیدوون خۆشناو دووپاتی کردووە کە لەم پەرتووکەدا زۆربەی ئەو بابەتەی کە مامۆستایان و ڕاهێنەران لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە پیرۆزە پێویستیان پێی دەبێت باس کراوە و هیوادارین ببێتە ڕێبەرێکی بەسوود بۆیان.
ئەم پەرتووکە لە ١٩٠ لاپەڕە پێک هاتووە و نرخی پێنجهەزار دیناری لەسەر دانراوە؛ فەرەیدوون ساڵح خۆشناو و روسووڵ ساڵح خۆشناو نووسیانە و دالیا خۆشناو، بەرگەکەی کشت و دیزاین کردووە و ئاکام مەلا حەسەن بە زمانی و ڕێزمان و رێنووسەکەیدا چووەتەوە.
بۆ هاندانی نووسەران و دەستکەوتنی ئەم پەرتووکە دەتوانن سەردانی پەڕاوگەی شادڵ بکەن کە کەوتووەتە ١٠٠مەتری، سەرووتری مزگەوتی خدیجەکوبرا، تەنیشت ئامادەییە کچانەکەی ئاڵا.