مەشخەڵ كەوڵۆسی
لەدوای ئەوەی لەڕۆژی ٢٠٢۳/٥/١ وێنەیەكی نوسەر و توێژەی بواری ئەنفال و جینۆساید و پیاوێكی بەسەلیقەی وەكو عارف قوربانی بڵاوكرایەوە لەئانوساتی كرێكاریكردندا، كاردانەوەی جۆراوجۆری لێكەوتەوە، ئەوانەی لەخەمی ئەم میڵەتەدان بەتوندی شۆك بوون. سەرەتا پێویستە لای هەموو لایەك ڕوون بێت كە هیچ پیشەیەك نەنگی و شورەیی نیە. ئێمە كاتێ شۆكدەبین نوسەرێكی وەكو عارف قوربانی كرێكاری بكات، هۆكارەكەی ئەوەنیە كە كرێكاریی پیشەیەكی نزمە!
نا بەڵكو چونكە ئەو نوسەرە و پیشەیەكی تری هەیە، هەروەك چۆن ئەگەر پزیشكێك لەچركەساتێكدا بێت و بیەوێت وەكو پەیامنێر كاربكات هەمووان شۆك دەبن، یان ئەگەر لەچركەیەدا كرێكارێك بێت و بیەوێت وەكو نوسەر كار بكات، بەهەمان شێوە هەموو خاوەن پیشەكانی تر!.
بەڵام لەو مەسەلە ڕۆتینییە بترازێت، دەبێ سەرنجی مەردودی هەر كارێك بدەین لەسەر نەتەوەی كورد. ئێمە هەمووان دەزانین نەتەوەی كورد لەقۆناغی ڕزگاریدایە، پێویستی بەوەیە زۆرترین بیرمەند و نوسەر و ڕۆشنبیر، خەڵكانێك كە بتوانن بنەماكانی فیكری نەتەوەیی دابڕێژن.
ڕەنگە لەڕاستی دوورنەكەومەوە ئەگەر بڵێم: ئەگەر هەموو تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردی بیر بكەوە، بنوسن و هەوڵ بدەن، هێشتا ڕێگای پڕ هەڵەمووت و ئایندەی تاریكی كورد ڕووناك نابێتەوە!.
لەكۆمەڵگەیەكی پێشكەوتووی گەورە و سۆپەرپاوەری وەكو ئەمریكادا، هەزاران تینك تانك و نوسەری گەورە و بەسەلیقە كاردەن و بیردەكەنەوە چۆن ئەمریكا لە لوتكەدا بهێڵنەوە! سەدان پەیمانگا لەهەوڵدان بۆ پێگەیاندنی بیرمەند و خەڵكانی ئەكادیمی، تاكو بیربكەنەوەو، ڕێگاكانی گەیشتن بەئامانج لەبەردەم كۆمەڵگەكاندا كەشف بكەن، لەبەرانبەر ئەوەشدا دەژین و بژێوییان بۆ دابیندەكرێت. ئەوانە ئەو توێژەن كە بەڕەنجی بیر دەژین. بەڵام ژیانێكی شەرەفمەندانە.
كۆمەڵگەی كوردی لەمێژە گرفتاری دەردێكی قورسە، دەردێك كە لەنەوەكانی پێشووەو گەیشتووە بەنەوەی ئێمە و بڕواناكەم تا چەند سەدەیەكی تر لێی دەربازببین، ئەویش ئەوەیە زۆر بە شێوەیەكی بێ بایەخ سەیری قەڵەم ونوسین و شیعر و فیكر و دەكات.
لاقرتێ كردن بە فیكر و قەڵەم و نوسین گەیشتۆتە ڕادەیەكی وا، مرۆڤی كورد هیچ بایەخێك نەدات بە بیركردنەوە، چونكە بە نوسین و كاركردن لەژانرە ڕۆشنبیرییەكاندا، ناتوانێت بژێۆی خۆی دابین بكات.
ئەوە لەكاتێكدایە كورد لەهەموو نەتەوەو گەلانی تری دنیا زیاتر پێویستی بەبیركردنەوەیە، پێویستی بەزیادكردنی سەرمایەی مرۆیی بیرمەندان و ڕۆشنبیرانە، تاكو بتوانین لەم قۆناغی ڕزگاری نیشتمانییە دەرچین!
كورد دەبوو دەیان ئەكادیمیا دروست بكات و خەڵكی كورد فێری ئەوە بكات ڕوو بكاتە بیركردنەوە و نوسین. ڕەنگە لەناو دێرەكانی نوسینی یەكێكیاندا كلیلی درگای داخراوی سەربەخۆیی كوردستان بدۆزینەوە. هەروەك ئەوەی جووەكان دوای ۳٠٠٠ ساڵ لەناو
دێڕەكانی هێرتزلدا ڕێگای ڕزگارییان دۆزییەوە. لەكاتێكدا كورد ئەركی دروستكردنی ئەكادیمیاشی لەكۆڵ بووەتەوە، عارف قوربانییەكان بەخۆڕسك هاتوون بیردەكەنەوەو دەنوسن و لەسەر زامە بەسوێكەی كورد، لەسەر ئەنفال و جینۆساید هەڵوێستە دەكەن ودەیكەنە دۆكیۆمێنت، بەڵام نەك ڕێزی ناگیرێت، بەڵكو لەناو شار و حیزبەكەی خۆیشیدا دەربەدەر دەكرێت و، ناچار دەبێت، لەبری ئەركی هزری خۆی، ڕووبكاتە ئەركی بازوو! ئەمە چ گۆڕانكارییەكە بەرەو شیوە قووڵەكانی تاریكی! لەبری ئەوەی هەوڵ بدرایە عارف قوربانی و كەسانی وەكو ئەو لەدەیان خولی ڕاهێناندا بەشداری بكەن تاكو كەیسەكانی جینۆساید بەشێوەی ستانداردی جیهانی بنوسەوەو بیانكەنە دۆكیۆمێنت، بەڵام هەمووان توشی خورپە دەبن بەوەی عارف قوربانی خەریكی كرێكارییە و وازی هێناوە لەو ئەركەی كە پێویست بوو هەمووان هاوكاری بوونایە. باشە وەرن با بپرسین: كەی كورد ئەم قەیرانە گەورەیە تێدەپەڕێنێت كە بێكەس لەبارەیەوە دەڵێت:
تازە زانیم پولێ ناكا، فەلسەفە و شیعر و هورنە
بێ پشوو كاكە منیش كەوڵی كەریم واكردە بەر
ئەگەر بڕیاری كۆمەڵگەی كورد ئەوەیە نان نەدا بە زانا و ڕۆشنبیرەكانی، تەنها لەهێزی بازودا نان پەیدا بكرێت، فەرموو با زانكۆ و پەیمانگا و میدیاكان و هەموو چالاكییە ڕۆشنبیرییەكان بوەستێنین. دەنا پێویستە هەر ئەمڕۆ، هەنگاو بنێین بۆ تێپەڕاندنی ئەو نەخۆشینە و هەمووان دان بەوەدا بنێین كە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی ڕزگاری و گەیشتن بەسەربەخۆیی، پێویستە هەموومان بیربكەینەوە، نەك پێویستمان بە نوسەرەكانی خۆمانە، بەڵكو پێوستە نوسەرانی بیانیش بەكرێ بگرین و بیرمان بۆ بكەنەوە، دەبێ بیر و بیرۆكەیان لێ بكڕین. نەك عارف قوربانی ناچار بكەین، ڕاوی بنێین و لەدەرەوەی
كرێكاری بكات.