نزیکەی پێنج مانگ دوای لەسێدارەدانی عەلی رەزا ئەکبەری، جێگری پێشووی وەزیری بەرگری ئێران، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا، رۆژنامەیەک ئاشکرای دەکات، ئەکبەری رۆڵی سەرەکی هەبووە لە ئاشکراکردنی دامەزراوەی فۆردۆ.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلی و ئێرانییەکانەوە بڵاویکردەوە، ئەو بەرپرسەی پێشووی ئێران، سیخوڕێکی چاوەڕواننەکراو بووە بەهۆی دڵسۆزی بەهێزی بۆ ئێران، بەڵام رۆڵی سەرەکی هەبوو لە ئاشکراکردنی دامەزراوەی فۆردۆ، کە چالاکییە نهێنییەکانی ئێرانی لەخۆگرتبوو، پێش ئەوەی تاران دان بە بوونی شوێنێکی ژێرزەمینیی پیتاندنی یۆرانیۆمدا بنێت لە ساڵی 2009.
ئەکبەری تەمەن 62 ساڵ کە خاوەنی رەگەزنامەی بەریتانیایە، لە بەرەبەیانی 14 یەنایەری 2023، سێ رۆژ دوای دزەپێکردنی دۆسیەی دەستگیرکردنەکەی بۆ میدیاکان لەسێدارەدرا.
بەپێی راپۆرتی نیویۆرک تایمز، لە سێدارەدانی ئەکبەری پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ عەلی شەمخانی سکرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هەیە، کۆتایی بە نهێنییەک هێنا کە 15 ساڵ بوو بە نهێنی هێڵدرابووەوە.
رۆژنامەکە بڵاوی کردەوە کە بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری بەریتانیا لە مانگی نیسانی ساڵی 2008 سەفەری تەلئەبیبی کردووە و پەیامێکی نهێنی بە ئیسرائیلییەکان داوە، سەبارەت بە بوونی سیخوڕێک لە بەریتانیا کە دەتوانێت دەستی بگات بە نهێنییە ئەتۆمی و بەرگرییەکانی ئێران.
ئەکبەری، لە ساڵی 2004 ەوە دەستی کردووە بە دزەپێکردنی نهێنییە ئەتۆمییەکان بۆ هەواڵگری بەریتانیا، ئەکبەری فەرماندەیەکی دیاری سەربازیی سوپای پاسداران و جێگری وەزیری بەرگری عەلی شەمخانی بووە.
سەرچاوە نزیکەکانی “سوپای پاسداران” بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی بەریتانی،یان راگەیاندووە، “رووسیا یارمەتی ئێرانی داوە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو سیخوڕەی کە بوونی دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆی ئاشکراکردووە، ئەویش ئەکبەرییە”.
دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن: لەنێوان مانگی ئاداری 2019 تا ئاداری 2020، ئەکبەرییان دەستگیرکردووە، بەڵام کاتی دەستگیرکردنی دیاری نەکراوە.
دوو رۆژ دوای لەسێدارەدانی ئەکبەری، میدیای وڵاتی ئێران دانپێدانانەکانی ئەکبەری یان پەخش کردووە، کە تیایدا باس لە رۆڵی خۆی دەکات لە پشتڕاستکردنەوەی گرنگی موحسین فەخریزادە، جێگری پێشووی وەزیری بەرگری ئێران بۆ کاروباری توێژینەوە، کە بە دۆشکەیەکی ئۆتۆماتیکی تیرۆر کرابوو، ئێران ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پشت تیرۆرکردنی ئەوەوەیە.
لە دانپێدانانەکەدا، ئەکبەری باسی لە دامەزراندنی خۆی کرد لەلایەن هەواڵگری بەریتانیاوە، ئاشکرای کرد کە زانیاریی پێشکەش بە وڵاتانی دەرەوە کردووە، لەوانەش دیاریکردنی گرنگی بەرپرسان و کەسانی کاریگەر، بەتایبەتی لە دۆسیەی ئەتۆمی و بابەتەکانی پەیوەست بە چالاکییەکانی ناوچەکە.
لە دانپێنانە ڤیدیۆیەکەیدا ئەکبەری رایدەگەیەنێت: “پرسیاریان لێکردم کە ئایا دەکرێت کەسێک، با بڵێین دکتۆر فەخریزادە، بەشداری پڕۆژەیەک بکات، منیش گوتم: بۆچی ناتوانێت؟”.
چەند رۆژێک بەر لە لەسێدارەدانی، “بی بی سی” فارسی پەیامێکی دەنگیی ئەکبەری ئاشکرا کرد، کە لە ناو زیندانەوە قسەی دەکرد، تیایدا باس لەوە دەکات کە زیاتر لە 10 مانگ ئەشکەنجە دراوە، و ناچار کراوە لەبەردەم کامێرا دان بەو تاوانانەدا بنێت کە ئەنجامی نەداوە.
گوتیشی: “هیچ بەڵگەیەک لە دژی من نییە، ئاماژەی بە چالاکییە ئابوورییەکانی کرد، کە دوای جێهێشتنی ئێران، لە چەند وڵاتێکی ئەوروپیدا ئەنجامی داوە، بەڵام بە هەڵهاتن و خاوەندارێتی کۆمپانیای ساختە تۆمەتبارکرا”.
ئێران رایگەیاند، ئەکبەری ناسنامە و سرووشتی چالاکییەکانی زیاتر لە 100 بەرپرسی ئاشکرا کردووە، کە دیارترینیان فەخریزادە بووە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری دیپلۆماتکارێکی باڵای ئێران و راوێژکاری حکومەتی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، ئەکبەری لە یەکێک لە کۆبوونەوە فەرمییەکانی ئێران داوای کردووە ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت.