پرۆژەی پاراستنی بۆڕیی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر کۆتایی هات و ئەمڕۆ وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ دەستی بەکار کردەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر ڕایگەیاند: “دوای تەواوبوونی گشت بڕگەکانی پرۆژەی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز سێ کە بە درێژیی زیاتر لە دوو هەزار و 750 مەتر لە گۆڕینی بۆڕیی GRP بۆ کاربۆنستیل بە تیرەی 1500 ملم، لە وێستگەی ناوەندی مارعۆدا تاوەکوو گەڕەکی 108ی عەنکاوە لە سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە 2ی 5ی 2023 دواقۆناغی بەستنەوەی هێڵی نوێ لەگەڵ هێڵی کۆن کۆتایی هات.”
ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر ئاشکرایشی کردووە: “ئەمڕۆ وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ دەستی بە کار کردەوە و گواستنەوەی ئاو بۆ شاری هەولێر دەستی پێ کردەوە.”
دوێنی 1ی 5ی 2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: “دوای ئامادەکردنی پرۆژەکە بە سوپاسەوە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەزامەندیی لەسەر درا بە گۆڕینی بۆڕی ئیفراز سێ، پرۆژەکە 11 کیلۆمەترە و گوژمەکەی 21 ملیار دینارە، لە قۆناغی یەکەم لەو شوێنە دەستمان پێ کرد کە زۆربەی شکانەکان لەو شوێنە بوو، قۆناغی یەکەم نزیکەی سێ کیلۆمەترە بە گوژمەی چوار ملیار و 357 ملیۆن دینار جێبەجێ کرا.”