کۆمپانیا نەوتییەکان داوادەکەن گوشار بکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان

لەگەڵ بەردەوامی ڕاگیرانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، گوشارەکان لەسەر عێراق زیاتر دەبن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و ئەنجامی گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا لەسەر ئەو بابەتە. دوای داوای کۆنگرێس و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا، کۆمپانیاکان داوا دەکەن هەرچی زووە هەناردەی ئەو نەوتە دەست پێبکاتەوە، کۆمپانیایەکی بەریتانی هۆشداری دەدات لەو ژینگەیەی لەبارەی کاری کۆمپانیاکان دروست کراوە .

کۆمپانیا کارکەرەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، کە ئێستا چاوەڕێی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانن و کەوتوونەتە نێوان هەولێر و بەغدا، هۆشداری دەدەن کە بەردەوامی ڕاگیرانی نەوتی کوردستان زیانی گەورەی دەبێت بۆ کاری کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان، بەرپرسیارێتییەکە لەسەر بەغدایە بۆ باشترکردنی ئەو دۆخە و دەستپێکردنەوەی هەناردەکە.
زیاتر لە مانگێکە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی وەستاوە، هێشتا تورکیا و عێراق لەسەر ئەو پرسە ڕێک نەکەوتوون، سەرەڕای گفتوگۆکانی تورکیا و عێراق لەسەر ئەو پرسە، بەڵام بابەتێکی دیکەیش یەخەی عێراقی گرتووە، ئەویش بەسەرچوونی ڕێککەوتنی لوولەی نەوتی عێراق و تورکیایە لە 2025دا،. ئێستا ڕاگیرانی نزیکەی چوار سەد هەزار بەرمیل بۆ بازاڕەکانی جیهان کاریگەری لەسەر بازاڕی وزەی جیهانیش داناوە، تاوەکو ئێستاش 5 کۆمپانیا داوایان کردووە ئەو هەناردەیە دەستپێبکاتەوە .
بەپێی زانیاری میدیای بەریتانیا، یەکێتی کۆمپانیا کارکەرەکان لە هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە DNO و گەنەل ئێنێرجی، گەڵف کیستۆن،HKN و شاماران داوا دەکەن بەغدا پەلە بکات لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
ئەو گرووپی کۆمپانیایانە سەرەڕای ئەو بڕیارە، ڕایانگەیاندووە کە کارکردنیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و ئەو بڕیارە کار ناکاتە سەر گەڕان و بەرهەمیان، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە بە کاتی ڕاگیراوە و داوا دەکەن گفتوگۆکانی تورکیا و عێراق بە خێرایی بگاتە ئەنجام، ئێستا هەندێک لەو ئەندامانەی ئەو گرووپانە دەڵێن: لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە کێشەی تەکنیکی ماون، بەڵام ئەوان بە پێچەوانەی ئەوەی دەگوترێت، پێویستە چالاکتر بن و کارەکانیان باشتر دەربخەن لە هەرێمی کوردستان .
ئەپیکور یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی هاوڕایە لەسەر ئەوە و دەڵێ : بەرەوپێشچوون نییە لەوبارەوە، ئێستا ئەوەی هەیە چاوەڕوانییە لە دۆخەکە بۆ دەست پێکردنەوە، بەڵام کارەکان بەردەوام دەبێت و چاوەڕێین بەربەستە سیاسییەکان لا ببرێن.
بەڵام سەرەڕای ئەوەش کۆمپانیاکان دەڵێن ناتوانین پێشبینی باشتربوونی وەبەرهێنان لە نەوت بکەین، لەکاتێکدا ئەو پێشکەوتنە زۆر بۆ کۆمپانیاکانی نەوت و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش گرنگە .
رۆژی 27ـی مانگ کۆمپانیای گەڵف کیستۆن ڕایگەیاند : تاوتوێی ڕێکارە یاساییەکان دەکەین لەبارەی بەردەامی ڕاگیرانی نەوتی کوردستان و ناچارکردنی کۆمپانیاکان بە ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان .
ئەپیکور یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی رۆژی ١٨ـی مانگی ڕابردوو لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، ئەو کۆمپانیایە و یەکیتی کۆمپانیا کارکەرەکانیش داوا لە ئەمریکا و بەریتانیا دەکەن کە ئەو کۆمپانیایانە لە لیستی کۆمپانیا باوەڕپێکراوەکانی هەردوو وڵاتدان، گوشار بخاتە سەر بەغدا و ئەنقەرە بۆ چارەی ئەو کێشە و لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو وردەکارییە بێت لەوبارەوە ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت .
نەوتی هەرێمی کوردستان ٪٨٠ زیاتری داهات و مووچەی هەرێمی کوردستان پێکدێنێت کۆمپانیاکان داوا دەکەن ئەو گفتوگۆیانەی لەوبارەوە هەن بۆ دەستپێکردنەوەی نەوت بە زوویی بگاتە ئەنجام .
هەرچەندە وەزارەتی نەوتی عێراق هێشتا هیچ وەڵامێکی لەوبارەوە نییە، بەڵام بەپێی گوتەی سەرچاوەکانی نزیکی حکومەتی عێراق دەڵێن دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان پەیوەندی بە کێشەی تەکنیکی هەیە و هەر چەند ڕۆژێکی پێویستە بۆ دەست پێ کردنەوەی .ئێستا گفتوگۆی تورکیا و عێراق جگە لەوەی لەسەر هەناردەی نەوتی کوردستانە، گفتوگۆکانی هەردوولا لەسەر چۆنیەتی درێژکردنەوەی ئەو رێککەوتنەشە کە لەنێوان هەردوولا لە بواری نەوتدا هەیە و ساڵی 2025 کۆتایی دێت .