پێشكه‌شكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان به‌ شاری هه‌ولێر و هاووڵاتییانی به‌رده‌وامه‌

چواس خالید – هەولێر

پارێزگاری هه‌ولێر به‌ردی بناغه‌ی دوو شه‌قامی سی مه‌تری له‌ گه‌ڕه‌كی هه‌ولێری نوێ دانا و ئاماژەی بەوەکرد، به‌رده‌وام ده‌بن له‌ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیانی پارێزگای هه‌ولێر.

١ی ئایاری ٢٠٢٣، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر ڕایگه‌یاند، له‌ ڕۆژی جیهانی كرێكاراندا، به‌ردی بناغه‌ی دروستكردنی دوو شه‌قامی سی مه‌تری له‌ گه‌ڕێكی هه‌ولێری نوێ داده‌نێین.
له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، پارێزگاری هه‌ولێر ڕوونی كرده‌وه‌، یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌كان له‌ سه‌ر بودجه‌ی ١٥%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێره‌ و شه‌قامه‌كه‌ی دیكه‌ش له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێر دروست ده‌كرێن.
به‌ گوته‌ی پارێزگاری هه‌ولێر “دروستكردنی ئه‌و دوو شه‌قامه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی هه‌ولێری نوێی شاری هه‌ولێر، نزیكه‌ی دوو سه‌د و نه‌وه‌ت و سێ ملیۆن دیناره‌ و به‌ ته‌واو بوونی هاووڵاتییانی ئێو ناوچه‌یه‌ زۆر لێی سودمه‌ند ده‌بن”.
پێشكه‌شكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان به‌شاری هه‌ولێر و هاووڵاتییانی شاره‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ و هاوكات له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ دوو ملیار و چوار سه‌د و نۆ ملیۆن دیناری عێراقی، ئاوه‌ڕۆی سندوقی شه‌قامی سی مه‌تری هه‌ولێر دروست ده‌كرێت.
ئێستا كاركردن له‌ پڕۆژه‌ی دروستكردنی ئاوه‌ڕۆی سندووقی شه‌قامی سی مه‌تری و به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پلانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌، بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی لافاو و ڕێگری له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاوی باران له‌ سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر، كه‌ ساڵانه‌ و له‌وه‌رزی زستاندا، به‌ به‌رده‌وامی ئاوی باران له‌و ناوچه‌یه‌ كۆده‌بێته‌وه‌ و هه‌ندێك جاریش ده‌په‌ڕیه‌ نێو دووكان و دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ و زیانی ماددی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنا.
ئه‌و پڕۆژه‌ گرنگه‌ی شاری هه‌ولێر كه‌ كۆتایی به‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاوی باران و مه‌ترسییه‌كانی لافاو كه‌م ده‌كاته‌وه‌، به‌ گوژمه‌ی دوو ملیار و چوار سه‌د و نۆ ملیۆن و سێ سه‌د و حه‌فتا هه‌زار دیناری عێراقی جێبه‌جێ ده‌كرێت، كه‌ له‌ سه‌ر شه‌قامی سی مه‌تری هه‌ولێر، به‌رده‌م باڵێخانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست پێده‌كات، تا شه‌قامی شه‌ست مه‌تری نزیك سایلۆی هه‌ولێر؛ درێژیه‌كه‌ی هه‌زار و دوو سه‌د و بیست مه‌تر و به‌هۆی قه‌رته‌باڵغی ناوچه‌كه‌ و هاتوچۆی زۆری هاووڵاتیان پێیدا، كاره‌كان به‌خێرای ده‌كرێت، به‌جۆرێك ئێستا نزیك به‌ هه‌زار مه‌تری پڕۆژه‌كه‌ ته‌واو كراوه‌، كه‌ له‌و هه‌زار مه‌تره‌‌، پێنج سه‌د مه‌تری داپۆشراوه‌ته‌وه‌ و قیرتاویش كراوه‌ و ماوه‌یه‌كه‌ به‌ڕووی شۆفێراندا كراوه‌ته‌وه‌ و له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ی پڕۆژه‌كه‌شدا كاركردن هه‌ر به‌و خێراییه‌ به‌رده‌وامه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ته‌واوی پڕۆژه‌كه‌ به‌ كوالێتی به‌رزی ستاندارده‌وه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر خه‌رمانی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه‌ کە پێشكه‌ش به‌ شاری هه‌ولێر كراوه‌.
سه‌رباری درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، به‌رده‌وامه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی كارنامه‌كه‌ی له‌ چاكسازی و هه‌مه‌چه‌شنه‌كردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێی كوردستان، به‌جۆرێك، مانگانه‌ جێبه‌جێكردنی چه‌ندان پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت.