سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندی داوە لەسەر خەرجکردنی بودجەی پێویست بۆ هەڵبژاردن

سەرۆک بارزانی لە ‌دواین پەیامی خۆیدا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لە نوێنەرایەتیی وڵاتان لە کوردستان باس لەوە دەکات دەبێت ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەشێک لە ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش پشتیوانیی ئەو پەیامە دەکەن و داوا دەکەن ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت. فراکسیۆنی پارتی لە ڕاگەیاندراوێکدا داوا لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات، تا ١٨ـی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان کارابکرێتەوە بۆ ئەوەی شەش مانگ کات لەبەردەم کۆمیسیۆن بێت بۆ ھەڵبژاردن. گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەگەر تا ١٨ـی ئەم مانگە لایەنەکان ڕێکنەکەون، گرفت بۆ ھەڵبژاردن دروست دەبێت.

بڕیاربوو ڕۆژی ١-١٠-٢٠٢٢ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەسەر یاسای ھەڵبژاردن، پێکھاتەی کۆمیسیۆن و شێوازی کردنی ھەڵبژاردنەکە لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەیی، بوونە ھۆکاری دواکەوتنی ھەڵبژاردن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە ڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢٣ـی وەکو وادەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد، بەڵام بەرلەوەی ھەڵبژاردن بکرێت، یاسای ھەڵبژاردن پێویستی بە ھەموارکردنەوەیە و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنیش پێویستی بە کاراکردنەوەیە.
ڕۆژی شەممە، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ھاوبەشی نوێنەرایەتییەکانی وڵاتان لە ھەولێر کرد، شاندی میوان وێڕای دەستخۆشی لە دیاریکردنی وادەی کردنی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان، جەختیان لە بایەخی کردنی ھەڵبژاردن و دەستگرتن بە بەھا دیموکراتییەکان و پاراستن و بەھێزکردنی بنەماکانی شەرعییەت لە ھەرێمی کوردستان کردەوە.
سەرۆک بارزانی، ڕایگەیاند: گەلی کوردستان قوربانی داوە بۆ ئەوەی بە ئازادی بژیت و بەھاکانی دیموکراسی پیادە بکرێت و لە دوای ڕاپەڕینی گەلی کوردستان لە ١٩٩١ لە شاری کۆیە بۆ یەکەمجار ڕایگەیاندووە کە پێویستە لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعییەتی دەستووری بڕۆین و ھەڵبژاردن بکرێت، سەرۆک بارزانی، دووپاتیکردەوە کە کوردستان لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکی ترە و، لەپێناو پاراستنی شەرعییەت و بەھاکانی دیموکراسی، پێویستە لە ھەرێمی کوردستان ئەمساڵ ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت.
لەبارەی چۆنیەتی بەشداری پێکھاتەکانیش، سەرۆک بارزانی ڕوونیکردەوە: پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان خۆیان چ بڕیارێک بدەن ئێمە پشتیوانی ویستی ئەوان دەبین.
ڕۆژی ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ درێژکردەوە، لەکاتێکدا خولی پێنجەم ڕۆژی ٦-١١-٢٠٢٢ کۆتایی ھات. ڕۆژی یەک شەممە، لە ڕاگەیێندراوێکدا فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان داوای لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد، لە نزیکترین کاتدا دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەرکەکانی بە مەبەستی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکبھێنێت.
فراکسیۆنی پارتی داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات، لە دانیشتنی ڕۆژی ١٤-٣-٢٠٢٣ بڕیاری پێکھێنانی لیژنەیەک دراوە و ئەرکەکانی لیژنەکە کۆتایی ھاتووە و پێویستە لە چەند ڕۆژی ئاییندەدا متمانەدان بە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی ھەرێمی کوردستان بخرێتە بەرنامەی کارەوە بەر لە ١٨ـی ئەم مانگە، کە دەکاتە ٦ مانگ بەر لە وادەی دیاریکراوی ھەڵبژاردن، بۆ ئەوەی کۆمیسیۆنێکی کارا ھەبێت و بیانووی دواخستنی ھەڵبژاردن نەمێنێت.
ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی ھاتووە لە ماوەی ڕابردوو یەکێک لە بەربەستە سیاسییەکان یاسای ھەڵبژاردن بووە، ئێستە لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا ھەیە بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و لەم بارەیەوە پارتیمان نەرمی زۆری نواندووە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراودا بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە داوا دەکەین سەرجەم ئەو پێشنیازەیاسایانەی لەلایەن فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانەوە پێشکێشکراوە خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ بکرێت و بچێتە نێو پڕۆسەی یاسادانان تا بەر لە ١٨ـی ئەم مانگە یاسای نوێ لە بەردەستی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستاندا بێت و ھەڵبژاردن لە کاتی دیارکراودا بکرێت.
ڕۆژی ٢٦-٣-٢٠٢٣، دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا مەرسوومی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن خستەڕوو و ڕایگەیاند، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٠٥ـی ھەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانە، ڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢٣ـی وەکو ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە، بەڵام تا ئێستە ١١ کورسییەکەی پێکھاتەکان گرفتی پێش کردنی ھەڵبژاردنە. یونامیش دوو پێشنیازی ھەیە، یەکەم، پێکھاتەکان بە یەک بازنە بەشداری ھەڵبژاردن بکەن، دووەم، لەئەگەری ڕێکنەکەوتن لەوبارەوە، دوو کورسیی پێکھاتەکان بۆ سلێمانی بێت، خودی پێکھاتەکانیش دەڵێن، بەیەک بازنە بەشداری ھەڵبژاردن دەکەن ئەگەریش کورسییەکانیان بدرێنە پارێزگای سلێمانی، دەبێت ژمارەی کورسییەکانیان زیادبکرێت.
ھاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی ھەڵبژاردنی پارتی، دەڵێت: پێکھاتەکان ھەر بڕیارێک بدەن ئێمە لەگەڵیداین، بۆ پرسی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن ھەر شتێک پێویست بکات پارتی ئامادەیە و ھەر ڕۆژێک یەکێتی ئامادەبێت ئێمە ئامادەین بۆ کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا بگەینە ڕێککەوتن و ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، کە ئەوە داواکاری سەرەکی پارتییە و ھەموو ڕێگەیەک دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا ھەڵبژاردن بکرێت.
بەھمەن کاکە عەبدوڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: پارتی سوورە لەسەر ئەوەی ھەڵبژاردن بکرێت، ساڵی ڕابردووش لەگەڵ ئەوە بووین ھەڵبژاردن بکرێت، بەڵام بەداخەوە ئەو کات ھەندێک لایەن بیانۆیان ھێنایەوە، وەکو ئێستە کە نایانەوێت ھەڵبژاردن بکرێت.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی: چەندین کۆبوونەوە لە نێوان ھەر دوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی کراون، ھەتا کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکان لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە، ھەم لەسەر یاسای ھەڵبژاردن، ھەمیش لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، بۆیە داوا دەکەین ھەرچی زووە پەرلەمان بەکاری یاسایی خۆی ھەستێت.
مونا قەھوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانی، ڕایگەیاند: بەھیچ شێوازێک نابێت دەستکاری ١١ کورسی پێکھاتەکان بکرێت و بەیەک بازنە بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین، بەڵام ئەگەر دەیانەوێت کورسی بۆ پارێزگای سلێمانی زیاد بکەن ئەوە دەبێت کورسی زیادبکرێت و لەدەرەوەی ئەو ١١ کورسییە بێت.
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانی، دەشڵێت: گفتوگۆکردن لەسەر بەشداری پێکھاتەکان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمان کۆتایی ھاتووە و وەکو پێکھاتەکان ڕای خۆیان بە نوێنەری یونامی داوە و بەڕاشکاوی ئاگادارمان کردوونەتەوە کە لەگەڵ ھەڵبژاردنین لەکاتی خۆیدا، بەڵام دەستکاری کورسی پێکھاتەکان نەکرێت.
ئایدن مەعروف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی داوای لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد پرسی کۆتاکان تێکەڵی ناکۆکییە سیاسییەکانیان نەکەن و دەڵێت: پاراستنی مافی پێکھاتەکان، دەبێتە پاڵنەرێکی بەھێز بۆ ئەو پێکەوەژیانەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، ئێستە پێکەوە ژیانێکی زۆر باش لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، ئەمە جێگەی دڵخۆشیمانە و پێکھاتەکان نوێنەری خۆیان ھەیە لە پەرلەمان، سەرۆکایەتی ھەرێم و حکوومەتی ھەرێم، بۆیە وەکو پێکھاتەکان دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر پارێزگاکاندا ڕەتدەکەینەوە و پێداگیری دەکەین بە یەک بازنە بەشداری ھەڵبژاردن بکەین.
شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان، گوتی: ھیچ ڕێگرییەک لە بەردەم ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نەماوە، جگە لە ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان و بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: ئەگەر تا ١٨ـی ئەم مانگە، لایەنە سیاسییەکان نەگەنە ڕێککەوتن، ڕەنگە گرفت بۆ کردنی ھەڵبژاردن دروست ببێت، بۆ کردنی ھەڵبژاردنیش دەبێ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ئەرکی یاسایی خۆی جێبەجێ بکات و ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن بدرێتە کۆمیسیۆن.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن، ئاماژەی بەوە کرد: مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھەفتەی رابردوو بە نووسراوی فەرمی ئاگاداری کردوونەتەوە کە ئەوان ئامادەن ھەر بودجە و تێچوویەک بۆ ھەڵبژاردن پێویست بێت دابین بکەن.
ئارام برادۆستی، بەرپرسی ئوفیسی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لقی ھەولێر، ڕایگەیاند: ئەگەر لایەنەکان و پەرلەمان ئامادەکاریەکان لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو بکەن، کۆمیسیۆن دەتوانێت لەو وادەی کە سەرۆکی ھەرێم دیاری کردووە ھەڵبژاردن بکات و ھیچ کێشەیەک نابێت.