كارزان گلی – ههولێر
پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، كە لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز، بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا دەكات، چاوی لەوەیە بتوانێت ١٠٠ كورسی پەرلەمان بباتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە و باسی لێوە دەكرێت، ئایا هەدەپە، دەبێتە پارتی یەكلاكەرەوەی پەرلەمانی توركیا؟
ئۆپۆزسیۆنی توركیا، بەڵێنی داوە ئەگەر توانییان لەناو پەرلەمانی توركیا ببنە زۆرینە و هەروەها پۆستی سەركۆماری توركیاش ببەنەوە، سیستەمی سیاسی لە توركیا لە سەرۆکایەتیەوە دەكەنەوە بە پەرلەمانی، بەڵام دەنگی ئۆپۆزسیۆن، بەس نییە بۆ ئەوەی بتوانن ئەو خەونەیان بهێننە دی، دەبێت هەدەپە پشتگیرییان لێ بكات.
شەڕی گەورەی ئەم هەڵبژاردنە، زۆرینەی پەرلەمانە، چونكە ئەگەر بەرەی ئۆپۆزسیۆن ببێتە زۆرینەی پەرلەمان، دەستیان واڵا دەبێت تا بتوانن سیستەمی سیاسی بگۆڕن.
ئەگەر سەیری وتارێكی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا بكەین لە چەند رۆژی رابردوودا، بەڵێنی دا كە دەستووری توركیا نۆژەن بكەنەوە، واتە سەركۆمار لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا هەموو شتێكی لەدەست نابێت و رەنگە بەشێك دەسەڵاتەكانی بۆ پەرلەمان بەجێ بهێڵێت.
وەكو ئەوەی شارەزایانی بواری سیاسەت و لێكۆڵەران باسی دەكەن، هیچ بەرەیەك ناتوانن دەستوور هەموار بكەنەوە ئەگەر هەدەپە پاڵپشتگیان لێ نەكات.
هەدەپە، چاوی لەوەیە بتوانێت سەدا١٥ـی دەنگەكانی توركیا بەدەست بهێنێت، كە دەكاتە نزیكەی سەد كورسیی پەرلەمانی، بەمەش دەبنە دووەم پارتی هەرە گەورەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، بۆیە هەمواركردنەوەی دەستوور بەبێ هەدەپە ناكرێت.
هەدەپە دەتوانێت یارییەكە تێك بدات و دەیشتوانێت یارییەكە لە بەرژەوەندی هەر بەرەیەكی بیەوێت یەكلایی بكاتەوە، بۆ نموونە كاتێك ئۆپۆزسیۆنی توركیا توانییان بە دەنگی هەدەپە زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بهێنن، هەدەپە رۆڵی سەرەكیی دەبێت لەوەی بە چی شێوازێک پشتگیری لە سیستەمی پەرلەمانی دەكات، چونكە ئێستاش لەناو هەدەپەییەكاندا بۆچوونێك هەیە، كە سیستەمی سەرۆكایەتییان بۆ کورد پێ باشترە لە سیستەمی پەرلەمانی.
قەندیل، پێی باشە سیستەمی سیاسیی توركیا پەرلەمانی بێت، هەربۆیە لە ٢٠١٧ فشاری زۆری كردە سەر هەدەپە تا دژی سیستەمی سەرۆكایەتیی بوەستێتەوە، هەرواش بوو و هەدەپە بە توندی دژی ئەو سیستەمە وەستایەوە.
بەڵام لەلایەكی تر، بۆچوونی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكەش هەیە، كاتێك لە ئیمیرالییەوە، بە سری سورەیا ئۆندەری گوتبوو، پێویست ناكات كورد دژی سیستەمی سەرۆكایەتیی بوەستێتەوە، بەڵكو دەبێت بەجوانی بیخوێنێتەوە و بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدات.
بەڵام ئەگەر سەیری وتار و بۆچوونی سیاسییەكانی هەدەپە بكەین، بە سەلاحەدین دەمیرتاشیشەوە، دژی سیستەمی سەرۆكایەتین و دەڵێن ئەو سیستەمە تاكڕەویی بەدوای خۆیدا هێناوە، هیچ مەرجێكیشیان نییە تا سیستەمی سیاسی لە توركیا ببێتەوە پەرلەمانی.
بەڵام كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، دەڵێت پرسی كورد لە توركیا، لەرێگەی پەرلەمانەوە چارەسەر دەكەین، لێرەدا ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە، كە هەدەپە، سوود لەو بەڵێنە وەردەگرێت تا بتوانن لەناو پەرلەمان و لە سیستەمی پەرلەمانیدا پرسی كورد یەكلایی بكرێتەوە، ئەمەش بەبێ كێشە ناکرێت، چونكە پارتی خاس، كە پارتێكی نەژادپەرستە و لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، بەئاشكرا دژی چارەسەركردنی پرسی كوردە و دەڵێت لە توركیا شتێك نییە بە ناوی پرسی كورد، بۆیە شەڕی دوای هەڵبژاردن لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا، هەدەپە رۆڵی سەرەكیی تێدا دەبینێت، بەڵام روون نییە، دەتوانێت لەو شەڕەدا سەر كەوێ، یان وەكو ریفڕاندۆمی ٢٠١٨ بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور دەدۆڕێت و بە زیانێكی قورس لێی دێتە دەرەوە.