خومچیاتی ١١٠ ساڵە بەردەوامە لە كوردستان

مەزهەر كەریم – سلێمانی

خومچیاتی لەبەر خواست لەسەر ڕەنگكردنەوەی قاتی شاڵ، دیسان دەگەڕێتەوە؛ خاوەنی دووكانێكی خومچیاتی ئاماژە بەوە دەكات كاری خومچیاتی ژیاوەتەوە لە سای قاتی شاڵەوە.

وەستای خومچی پەرەمێزێكی ناوەتە ژێر مەنجەڵە مسێکی گەورە و، پڕی كردووە لە ئاو؛ بە دوو داری گەورە، كە یەكی هێندەی كلكەتەورێك دەبوو ئاوەكەی تێک دەدا؛ جارجار دەستی ڕاستی دەكرد بە کۆنە تەنەكەیەكی دوانزەكیلۆی قوپاودا و هاڕاوەیەكی ڕەشی دەردەكرد‌ و، دەیكردە ئاوە كوڵاتوەكەوە‌ و ڕەنگی ئاوەكەی دەگۆڕی‌ و، ئەو قاتە شاڵانەی تێ دەژەند و، یەک یەک لە رەنگاوەكەی هەڵدەكێشا و بە دوو دارەكەی دەستی غەرقی مەنجەڵە مسەكەی دەكرد تا ڕەنگ بگرن.
وەستای خومچی، دووكانەكەی ها لە بازاڕی سەعید تاكۆی شاری سلێمانیدا؛ سەری دووكانەكەی بە دار گیراوە؛ لەبەر دووكەڵان ڕەش داگەڕاوە؛ پلاک و قایدەی گڵۆپ‌ و سەعاتی كارەباكەی ناو دوكانەكەی بۆ ساڵانێكی كۆن دەگەڕایەوە كە بیری مشتەریەكانی دەبردەوە بۆ ساڵانی حەفتا و هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو؛ هیچ دووكانێكی ئەو گوزەرەدا پێناچێت بەهێندەی ئەو دووكانە كۆن بێت، هێشتا سەربانەكەی گڵە‌ و، هەموو ساڵێک خاوەنەكەی گڵەبانی دەكاتەوە.
چەندە دوكانەكەی وەستای خومچی كۆنە خاوەنەكەش بەجل‌و بەرگێگی كوردی‌و جووتە پێڵاوێکی لایلۆنەوە هێندەی دیكە دەیگەڕاندینەوە بۆ دواوە؛ لەپڕ سەری مەنجەڵەكە هەڵدەداتەوە، هەر بە دارەكانی دەستی سووچێكی جلە كوردیەكان دەگرێت‌ و لە مەنجەڵی خومەكە دەریان دەكات مەترێک لەو لای مەنجەڵەكەوە بە تەنافێكیدا دادەت هەتا ئاوەچۆڕ بکا؛ ڕەنگەكەیان بە دڵی خاوەنی جلوبەرگەكە سەرلەنوێ‌ دەگوڕێت هەر دەڵێیت ئەو جلەش نەبووە.
لەگەڵ كوڵانی مەنجەڵە مس لەسەر ئاگر و دەنگی پەرەمێسدا، عەبدوڵا مەحموود وەستای خومچی بۆ “هەولێر” دوا و وتی: “ماوەیەكی زۆرە كاری نەماوە؛ ئەوە سەرلەنوێ‌ لە وەرزی بەهاردا پیاوانێك ئاشقی قاتی شاڵن‌ و چەندین قات شاڵیان هەیە ناتوانن دەستبەرداری قاتە كۆنەكانیان ببن؛ ئەوانیش كاڵ بوونەتەوە هەربۆیە ناچار دەبن بیدەن ڕەنگ بكرێتەوە كە دە بۆ پانزەهەزار دینار بەسە بۆ هەر قاتێك شاڵ و، وەك یەكەم جاری لێ دێتەوە؛ بەو هۆیەوە بازاڕی خومچیاتی سەرلەنوێ دەستی پێكردووەتەوە، ئەگینا بۆ خۆی نەماوە تا ڕادەیەك.
دەیشڵێت “كاری ڕەنگكردنی جلوبەرگ ئەوسا زوو بازاڕێكی باشی هەبووە؛ لە ساڵانی بیستەكان بە دواوە لەسەر دەستی جوولەكە خومچیەكان پەیدا بووە و، تا ساڵی نەوەدەكایش ئەم كارە بایەخێكی باشی هەبووە بەڵام دواتر بەهۆی پەیدابوونی جلی لایلۆن‌ و باشبوونی دۆخی ئابووری ئەم كارە گرنگیەکەی جارانی نەما و وەک هیوایەتێک، كاری خومچیاتی دەكەم؛ زۆركات هەر لە ماڵەوە كارەکە دەکەم و دووكان ناكەمەوە.”