شەڕی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سودان پێی نایە ناو هەفتەی سێیەمەوە، هیچ سەرکەوتن و دۆڕاوێک نییە و هیچ زانیارییەکی متمانەپێکراویش لە لایەنی سێیەم نییە سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی شوێنەکان لەلایەن شەڕەکەرەکانەوە.
لە 15ی نیسانی رابردوودا، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لەنێوان هەردوولا، هێزەکانی پشتیوانی خێرا کۆنترۆڵی خۆی بەسەر کۆشکی کۆماری و میوانخانە و فڕۆکەخانەکانی مەروا و محەممەدی پێنجەم راگەیاند. لە کاتێکدا سوپا رایگەیاندووە “وەڵامی هێرشێکی خیانەتکارانەی بە فڕۆکەی جەنگی داوەتەوە و سەربازگەکانی پشتیوانی خێرا لە ناوچەکانی تایبە و سوبەی لە خەرتوم بۆردومان کرد”.
بەڵام شەڕەکە بەردەوامە و پێی نایە هەفتەی سێیەم، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بەدەستبهێنێت، لە دوایین لێدوانەکانیاندا سوپا ئاماژەی بەوەدا، کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر زۆربەی شوێنەکانی وڵاتدا کردووە، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە دۆخەکە لە کەمێک ئاڵۆزە”.
لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، رایگەیاندبوو، لەسەدا 90ی شاری خەرتومیان کۆنترۆڵکردووە، و هەموو دەروازەکانی چوونە ژوورەوەیان داخستووە.
لە دوایین راگەیەندراوی سوپادا، گوتەبێژی سوپای سوودان رایگەیاندووە، هێزەکانی بەردەوامن لە چاودێریکردنی جوڵەی کاروانەکانی دوژمن، هەروەها داوای هێزەکانی پشتیوانی خێرا کردووە، سوود لە لێبوردنی فەرماندەی گشتی سوپا وەربگرن بە خۆ رادەستکردنەوەیان بە نزیکترین یەکەی سەربازی.
فەرماندەی گشتی لیوا عەبدولفەتاح ئەلبورهان پێشتر رایگەیاندبوو، کە سوپا ئامادەیە لە ئەندامانی پشتیوانی خێرا و ئەفسەرەکانی خۆشببێت و بە کوڕی سوودان ناوی بردوون، جگە لە سەرکردایەتی پشتیوانی خێرا و جێگرەکەی نەبێت، ئەوانیش، لیوا محەممەد حەمدان دەقڵۆ و عەبدولڕەحیم-ی برای کە هاوکات جێگری فەرماندەی پشتیوانی خێرایە.
رۆژی شەممە 29ـی نیسانی 2023، عەمید نەبیل عەبدوڵڵا، گوتەبێژی سوپای سوودان، لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا رەتدەکەنەوە، “چونکە ئەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەیکەن، کودەتایە دژ بە سوپا و پێویستە سزا بدرێن”.
لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی دانوستاندن لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا، گوتەبێژی سوپای سوودان بە کوردستان24ـی گوت، “تا ئەو کاتەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا چەکەکانیان دانەنێن، هیچ جۆرە گفتوگۆیەکیان لەگەڵدا ناکەین. بڕیارەکە بەدەست خۆیانە، با بێن چەکەکانیان رادەست بکەن و بە شێوەیەکی ئاشتییانە گفوگۆ بکەین، یان با بەردەوام بن لە شەڕکردن، ئێمەش بە هێز کێشەکە یەکلادەکەینەوە، هەرچەندە پێشمان ناخۆشە”.
لەسەرەتای شەڕەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 600 کەس کوژراون و بە هەزارانیش برینداربوون.