سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات

باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک، بە سەردانێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بڕیارە سەردانی هەولێر و بەغدا بکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئامانجی سەردانەکەی  یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا چەند کارێکی لە پێشینەی  وڵاتەکە لەخۆ دەگرێت، لەوانەش بەرەوپێشبردنی هاوكاری و هەماهەنگی، ئابووری و كێشە ئەمنییەکان.

باربارا لیف، لە 29ی نیسانی 2023 هاتووەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سەردانەکەی بۆ ئوردن لەگەڵ سەرۆکوەزیران، وەزیرانی بەرگری و دەرەوە کۆبووەتەوە، تەوەری گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئۆردن بریتی بوون لەو دەرفەتانەی کە پەیوەندییان بە هاوئاهەنگی نێوانیان، چاكسازی ئابووری و رێگای جیاواز بۆ پەرەپێدان بە هاوبەشی ستراتیژیی نێوان ئۆردن و ئەمەریکا.

 بە گوێرەی راگەیندراوەكەی وەزارەتی دەرەوە، باربارا لیف لە عێراق لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی کۆدەبێتەوەو پاڵپشتیی ئەمەریکا بۆ ئاسایش، سەقامگیری و سەروەری بۆ عێراق دووپات دەکاتەوەو لە بەغداو هەولێر سەرنج دەخاتە سەر بەرەوپێشبردنی هاوبەشیی لەگەڵ حکومەت و خەڵكی عێراق.