سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نێچیرڤان بارزانی په‌یامێكی له‌ ڕۆژی جیهانی كرێكاراندا بڵاوكرده‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌ رۆژی جیهانی كرێكاراندا بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌” يه‌كى ئايار، ڕۆژى جيهانيى كرێكاران، به‌ گه‌رمى له‌ كرێكارانى كوردستان، عێراق و جيهان و سه‌نديكا و ڕێكخراوه‌كانيان پيرۆز ده‌كه‌م. به‌شدارى و قوربانيدانى كرێكارانى كوردستان له‌ شۆڕش و ڕۆڵى ديار و ڕه‌نجى زۆريان له‌ پرۆسه‌ى بنياتنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى كوردستاندا به‌رز ده‌نرخێنم و هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم”.

نێچیرڤان بارزانی ده‌شڵێت” له‌م ياده‌دا وێڕاى ده‌ربڕينى هه‌موو پشتگيرييه‌ك بۆ ماف و داوا ڕه‌واكانى كرێكاران، جه‌خت له‌ پێويستيى هه‌بوونی یاسایه‌کی سه‌رده‌میانه‌ی کار بۆ پاراستنی مافه‌کانی کرێکاران و ڕه‌خساندنى زه‌مينه‌ى سه‌لامه‌ت و ژينگه‌ى له‌بار و ڕێكخستنى دروستى كاتژمێره‌كانى كار و يه‌كسانى له‌ ده‌رفه‌تى كاردا ده‌كه‌ينه‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێ گرنگيى زياتر به‌ ژيان و گوزه‌رانى كرێكاران و خێزانه‌كانيان بدرێت‌ و سه‌ندیکا و ڕێکخراوه‌کانی کرێکارانیش کاراتر بۆ مافه‌کانیان کار بکه‌ن”.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان راشیده‌گه‌ێنێت” سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و كه‌سوكارى ئه‌و كرێكارانه‌ ده‌نێرين كه‌ له‌ كاتى كاردا گيانيان له‌ده‌ستداوه‌ و له‌سه‌ر لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانه له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ چاودێرييان بكه‌ن و يارمه‌تى بدرێن”.

له‌كۆتاییدا نێچیرڤان بارزانی ده‌ڵێت: يه‌كى ئايار له‌ هه‌مووان پيرۆز بێت و پشوويه‌كى ئارام و ئاسووده‌ بۆ كرێكاران ده‌خوازم.