چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سەرۆککۆماری عێراق: پەیوەندییەکانی بەغدا و تاران بەهێزتر دەبن

دوای کۆبوونەوەیان لە تاران، سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆککۆماری ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەو تەوەرانەیان خستەڕوو کە گفتوگۆیان لەبارەوە کردووە.

لە سەرەتای کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەدا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری عێراق گوتی: “هاتنی شاندی عێراق وەک نیازپاکی دەبینم، هیوادارم خاڵێکی گرنگ بێت بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولامان”.

رەئیسی، گوتیشی: “بەرژەوەندییەکانمان لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی لە هەموو بوارە جیاوازەکان، وا دەخوازێت کە لەگەڵ یەکتر بین و لێکتێگەیشتنی نێوانمان بەردەوام بێت”.

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، وێڕای سوپاسگوزاری بۆ سەرۆککۆماری ئێران بۆ ئەو بانگهێشتەی ئاراستەیان کردون و رایگەیاند، جەخت لە پەیوەندییەکانی مێژووییەکانی عێراق و ئێران دەکەنەوە.

راشیگەیاند: “پەیوەندییەکانی بەغدا و تاران تەنیا پەیوەندی حکومی نین، بەڵکو لە چەندین بواری دیکە پەیوەندییمان هەیە، جوگرافیا و مێژووی هاوبەشمان هەیە، هەروەها بازرگانی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی هاوبەشمان هەیە، ئەو پەیوەندییانەی هەمانەی گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، دەبێ هەوڵی پێشخستنی پەیوەندییەکانمان بدەین”.

لەتیف رەشید، گوتیشی: “گەلی عێراق بەوەفایە بەرامبەر بە ئێران، کاتێک بە دەستی زوڵمەوە گیرمان خواردبوو ئێران یارمەتی داین، ئەوکاتە لە هەموو لایەکەوە دەرگاکانی بە رووی ئێمەدا کردەوە، بۆ ئەوەی خەڵک لە دەستی رژێمی دیکتاتۆری پێشووی عێراق رزگاریان بێت، هەروەها ئەوکاتەی کەوتینە ژێر هێرشی کیمیایی لە هەڵەبجە ئێران گرنگی پێداین، لەکاتی شەڕی دژی داعش، ئێران هاوکاری کردین”.

سەرۆککۆماری عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، پەیوەندییەکانی بەغدا و تاران بەهێزن و بەهێزتریش دەبێت، “پێویستە کاربکەین بۆ هەماهەنگی و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ئێستا هەن، لەنێویشیاندا چاودێریکردنی ئاوی عێراق لەلایەن ئێرانەوە لەسەر ئاستی رووباری دیجلە و فورات کە بەشێکیان سەرچاوەکانیان ئێرانە، هەروەها دەبێ هەماهەنگیمان هەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان”.

ئەمڕۆ 29/4/2023 رەشید لەتیف سەرۆککۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە تاران، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مێهرئاباد، سەرۆککۆماری عێراق لە لایەن “ئیحسان خەندوزی” وەزیری ئابووری و دارایی ئێران و یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئافرەتان وکاروباری خێزان، پێشوازیان لێکرا و دواتر لەلایەن ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە.