پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

واشنتن رەتیدەکاتەوە پەیوەندیەکانی لەگەڵ سووریا ئاسایی بکاتەوە

دوێنێ ئەنقەرە کۆبوونەوەی چوار قۆڵی مۆسکۆی لەگەڵ وەزیرانی بەرگری و بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری تورکیا، رووسیا، ئێران و سووریا بە بەرهەمدار ناوبرد.

راگەیەندراوەکەی تورکیا لە کاتێکدایە کە باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دووپاتیکردەوە کە واشنتن  ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا رەتکردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، باربارا لیف لەگەڵ دەسەڵاتی دانوستانکاری سووریا کۆبووەوە، بۆ ئەوەی جەخت لەوە بکاتەوە کە سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە سووریا نەگۆڕاوە.

خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا، ئەنجامی کۆبوونەوەی چوارقۆڵی مۆسکۆی لەسەر رێگای ئاسایی بوونەوە لەگەڵ دیمەشق هەڵسەنگاند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەرهەمدار بوو.

ئاکار ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی هەوڵیداوە، لە رێگەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی مۆسکۆدا، بە زووترین کات ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەدیبهێنێت، هەروەها هەوڵدەدات بۆ رزگاربوون لە  تیرۆر و دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکانی تورکیا.

ئاکار دوای گەڕانەوەی لە مۆسکۆ، گوتی: تورکیا جەختی لە یەکگرتوویی و سەروەری خاکی سووریا کردەوە و کە تاکە ئامانجی بوونی هێزەکانی تورکیا لە باکووری سووریا بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانن.

لەو چوارچێوەیەدا وەزیری تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بەبێ پچڕان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی رووبەرووبونەوەی تیرۆر، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم بابەتە نەک تەنها لە بەرژەوەندی ئەنقەرەدا نییە، بەڵکو هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکپارچەیی خاکی سووریاش.

میدیاکانی سوریای نزیک لە حکومەت پشتڕاستیان کردەوە، کە شاندی سووریا بۆ کۆبوونەوەکانی مۆسکۆ جەخت لەسەر پرسی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە باکووری سووریا دەکاتەوە.

وەزیری بەرگری تورکیا ئاشکراشی کرد، ئامانجیان ئەوەیە شەپۆلی پەنابەران لە سووریاوە بۆ تورکیا رابگرن، لە رێگەی دروستکردنی هەلومەرجی گونجاو لە خاکەکانی سووریا، و دواتر دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی پەنابەرانی سووریا لە تورکیاوە بۆ وڵاتەکەیان”.