چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دەستەی وەبەرهێنان دەبێتە ئەندام لە کۆمەڵەی پەرەپێدانی وەبەرهێنانی جیهانی

 – هەولێر:

دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە ئەندام لە کۆمەڵەی پەرەپێدانی وەبەرهێنانی جیهانی (WAIPA)، کە گەورەترین کۆمەڵەی وەبەرهێنانی لەسەر ئاستی جیهان و زۆربەی دەزگا و ئاژانسەکانی وەبەرهێنانی لەسەر ئاستی جیهان لەخۆگرتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (26ـی نیسانی 2023)، کۆمەڵەی پەرەپێدانی وەبەرهێنانی جیهانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە فەرمی بەخێرهاتنی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ کۆمەڵەکە و خواستی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی کوردستان وەک روویەکی سەرنجراکێش بۆ وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانی دووپاتکردووەتەوە لە رێگەی هەماهەنگی و هاوبەشیکردن لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان.

لەلایەن خۆیەوە، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، دەخوازن لە رێگەی ئەو کۆمەڵەیەوە پەیوەندییەکی باش دروستبکەن لەگەڵ دەزگاکانی وەبەرهێنان و وەبەرهێنەرانی جیهان لەپێناو بەرزکردنەوەی تواناکان و راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەرانی جیهانی بۆ هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاندووە، ئینڤێست کوردستان، ئامانجیەتی لەگەڵ ئاژانسی پەرەپێدانی وەبەرهێنان و هاوبەش و رێکخراوە نیودەوڵەتیەکان و وەبەرهێنەران و ئەندامێتی لە (WAIPA) ببەسترێتەوە بە تۆری وەبەرهێنەرانی جیهانەوە هەروەها ئامانجی سەرەکیمانە لەرێگەی بەرکەوتن و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستان بکەینە شوێنێکی لەبار و جێی سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی.

کۆمەڵەی پەرەپێدانی وەبەرهێنانی جیهانی (WAIPA) لە ساڵی 1995 دامەزراوە و بارەگای سەرەکی لە جنێڤی پایتەختی سویسرایە و لە سەرەتای دامەزراندنیدا 50 دەزگای وەبەر‌هێنانی نێودەوڵەتی لەخۆگرتبوو، ئێستاش زیاتر لە 130 ئەندامی هەیە.

ئامانجی ئەم کۆمەڵەیە دروستکردنی هەماهەنگییە لەنێوان دەزگاکانی وەبەرهێنان و ناساندنی وەبەرهێنانەکانە لەسەر ئاستی جیهان. هەروەها لە رێگەی چەندین چالاکییەوە کاردەکات بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی توانای پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و راهێنان لەسەر ئاستی جیهانی و گەیشتن بە داتا و زانیاری لەبارەی سیاسەت و ستراتیژی وەبەرهێنان و گرنگیدان بە وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانی.