چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

گرتووخانەکانی عێراق پڕ بوون و حکوومەت دەیەوێ بە سزای جێگرەوە کێشەکە چارە بکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

گرتووخانەکانی عێراق پڕ بوون لە حوکمدراوان و شوێنی حەوانەوە و چاودێریکردنی زیندانییان لەگەڵ ستانداردی جیهانی هاوسەنگ نین. حکوومەتی عێراق بۆ کەمکردنەوەی ئەو قەرەباڵغییە و ڕەچاوکردنی ڕێنماییە نێودەوڵەتییەکان، دەیەوێ بە میکانیزمێکی جیاواز لەو چڕییە کەم بکاتەوە، هاوکات دەیەوێ ئەشکەنجەدانی زۆرەملێ بۆ وەرگرتن دانپێدانانیش بنبڕ بکات.

زەید خەلەف ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ کاروباری مافی مرۆڤ باسی لەوە کردووە کە کۆمەڵێک دۆسیە چوونەتە بەردەم دادگا کە باس لە هەبوونی ئەشکەنجە بۆ وەرگرتنی دانپێدانی زۆرەملێ لە گرتووخانەکانی عێراق دەکەن و بۆیەش بە پێویستی زانیوە دۆخی گرتووخانەکانی عێراق گۆڕانی بەسەردا بێت و بە چاکسازی و دۆزینەوەی ئەلترناتیڤ و سزای جێگرەوە، جۆری سزاکان بگۆڕێت.
لە لایەکی ترەوە وەزارەتی دادی عێراق خۆی دانی بەوە ناوە کە چڕیی زیندانییان لە گرتوخانەکانی عێراق ٣٠٠% زیادی کردووە، لەگەڵ ئەمە مافی زیندانییەکانیش زیاتر لە جاران پێشێل دەکرێ و هەر بۆیەش لە ماوەی ڕابردوودا ٢٠ فەرمانبەری گرتووخانەکان بەهۆی پێشێلکردنی مافی زیندانییان لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە.
ڕاوێژکارەکەی سوودانی باسی لەوە کردووە کە ٣٠٠٠ سکاڵایان پێ گەیشتووە کە لە سەرجەمیاندا ڕاپۆرتی پزیشکیی دادیش پشتڕاستی ئەشکەنجەکانی کردووەتەوە و سەرجەم دۆسیەکانیان ڕەوانەی داواکاری گشتی کردووە بۆ ئەوەی لێپێچینەوەی پێویست لەگەڵ تاوانباراندا بکات.
وەک خستوویەتە ڕوو، لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرە سکاڵایە، ١٥٠٠ سکاڵای تریان ڕەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی مافی مرۆڤ کردووە بۆ ئەوەی بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەی پێویست، دووبارە پێداچوونەوە بە دۆسیەکاندا بکرێتەوە.
زەید خەلەف بە عەرەبیە جەدیدی گوتووە لە کاتی سەردانکردنی گرتووخانەکان هیچ ڕاپۆرتێکیان بەدەست نەگەیشتووە کە پێوەندیدار بێ بە ئەشکەنجە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و پێداگری لەوەش کردووە کە عێراق ئەندامی پەیمانی ڕێگریکردنە لە ئەشکەنجەی زۆرەملێ بە ئامانجی وەرگرتنی دانپێدانانە و بە هەنگاوێکی نایاسایی هەژماری کردووە.
ئەو بەرپرسە ئاشکرای کردووە بەشێک لە لێکۆڵەر و ئەفسەرەکان لە کاتی لێپێچینەوە لە زیندانییەکان و تۆمەتباران هەوڵیان داوە لە ڕێی ئەشکەنجە دانپێدانان وەربگرن و هۆشداری داوە ئەگەر ئەمە بە بەڵگە لەسەر هەر فەرمانبەرێک بسەلمێنرێت ئەوا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێ و سزا دەدرێن.
یەکێکی تر لەو هەنگاوانەی کە بڕیارە لە گرتووخانەکانی عێراق بگیرێتە بەر ئەوەیە سزای ئەلترناتیڤ بدۆزرێتەوە و ئەم پڕۆژەیەش لە لایەن سەرۆک وەزیران قبوڵ کراوە و دراوەتە ڕاوێژکاری یاسایی بۆ ئەوەی زیاتر لە بابەتەکە ورد بێتەوە.
بەپێی ئەم پڕۆژەیە ئەگەر تاوانبارێک لە گرتووخانەکانی عێراق دوو لەسەر سێی ئەو ماوە سزادانەی کێشابوو کە لە دادگادا بەسەریدا سەپاوە، ئەوا دەتوانێت بە پێدانی پارە یان کارکردن لە کارگەکان و فێربوونی پیشەیەک لە گرتووخانە ئازاد بکرێت.
بۆ نموونە ئەگەر کەسێک ١٨ ساڵ زیندانیی حوکم درابێت و ١٢ ساڵی کێشابێت ئەوا دەتوانێت شەش ساڵەکەی تری بکڕێتەوە یان لە کارگەیەکی حکوومەت کار بکات و فێری پیشەیەک بێت و لە جیاتی ئەوەی تەنیا لە زیندان دابنیشێت و چاوەڕوانی تەواوکردنی حوکمەکەی بکات.
ڕەنگە یەکێک لە ئامانجەکانی عێراق لەم پڕۆژە ئەوە بێت قەرەباڵغیی زیندانەکانی کەم بکاتەوە چونکە وەک پێشتریش ڕاوێژکارەکە باسی کردبوو چڕیی زیندانییان لە گرتووخانەکانی عێراق ٣٠٠% زیادی کردووە و ئەگەر نیوەی حوکمدراوانیش بە هەر هۆکارێک ئازاد بکرێن هێشتا لە سەرووی ستانداردی جیهانی مامەڵە لەگەڵ تاوانباران و حوکمدراواندا دەکرێت.