چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دەروازەی نێودەوڵەتی زێت دەکرێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەمەبەستی زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابووریەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر لە ئیدارەی سۆران، دەروازەیەکی دیکەی سنووریی دەکرێتەوە.

ھەرێمی کوردستان و تورکیا ئێستە لە ڕێگەی ھەر دوو دەروازەی سنووریی ئیبراھیم خەلیل و سەرزێڕ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری دەکەن و قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوانیان ساڵانە زیاتر لە ١٢ ملیار دۆلارە، مێرگەسۆر ‌دەبێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی ئیدارەی سۆران و ھەکاری.
جگە لە سنووری پارێزگای ھەولێر، دەروازەی سنووریی زێت بۆ بازاڕەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجەش نزیکترین دەروازە ‌دەبێت بۆ گواستنەوەی کاڵا تورکییەکان.
خەڵکی ناوچەکە پەلەیانە بۆ کردنەوەی ئەو دەروازە، ھەر کەسێک لەوانە کارێکی بۆخۆی دەست نیشان کردووە، بەوەش سوودی زۆر لە کردنەوەی سنوورەکە دەبینن، بۆ ئەو مەبەستە ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر و تاکسی دەکڕن و بازرگانی دەکەن.
کۆڤان ڕەشید، بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، دەڵێت: بڕیارە مانگی ٦ی ئەمساڵ دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت لە نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە، دەروازەکە گرنگییەکی زۆری دەبێت بۆ ئەو ھاووڵاتییانەی کە دەیانەوێت ھاتووچۆی تورکیا بکەن، بەپێچەوانەشەوە، چونکە ڕێگاکە زۆر نزیک دەبێتەوە و ئاوەدانی زیاتریش دێتە ناوچەکە و سەدان ھەلی کاریش دەڕەخسێنێت، بۆیە کردنەوەی دەروازەکە دەبێتە ھۆی بووژانەوەی ئابووری ناوچەکە، لە ھەمان کاتیشدا کەرتی گەشتیاریی لە ناوچەکە زیاتر بەرەوپێشەوە دەچێت.