سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە چوارچێوەی بودجەی ئەمساڵدا ئەولەویەتەکانیدەرمان دیاری دەکرێ

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

وەزیری تەندروستیی فیدراڵ ڕایگەیاند: بڕیارە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات و بەسەر هەموو ئەو سەختی و گرفتانەدا زاڵ بێت کە ڕێگربوون لە دابینکردنی دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان.

وەزیری تەندروستی، پرۆفیسۆر د. ساڵح حەسناوی ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ پێشینەی بواری دەرمانی لە وەزارەتەكەی دەستنیشان کردووە و، جەختیش دەكاتەوە كە دانپێدانانی تاقیگەی کۆنترۆڵکردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان کارئاسانییەکی گەورەیان بۆ دەكات.
حەسناوی ڕوونی كردەوە كە: لە فایلی دەرمان هەموو پارێزگارەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەگرێتەوە کە لەلایەن کۆمپانیای گشتی دەرمان (کیمادیە) دابین دەکرێت، ئێستا نەبوونی دەرمان لە کۆمپانیاکەدا کاریگەری لەسەر هەموو پارێزگاكان هەیە بەبێ جیاوازی.
ئاماژەی بەوەش کرد، “بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ باشترە لە بودجەی پێش خۆی، گوتیشی: ئێمەش لە وەزارەتی تەندروستی، بەپێی ئەولەویەتەکانمان گرنگیمان بە دەرمانی ڕزگارکەری ژیان (شێرپەنجە، فریاگوزاری و بێهۆشکەر) داناوە.
حەسناوی گوتیشی: پێشتر وەزارەتی تەندروستی فیدراڵ دانی بە تاقیگەی کۆنترۆڵکردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستاندا نەدەنا، بەڵام حکومەتی ئێستا دانی پێدا ناوە، و ئەو پرسە کارئاسانییەکی گەورە بۆ کەرتی تایبەت و گشتی دەكات لە بواری دەرمان.
وەزیری تەندروستیی عێراقی فیدراڵ گوتیشی: بڕیارە وەزارەتەكەی هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات و بەسەر هەموو ئەو سەختی و گرفتانەدا زاڵ بێت کە ڕێگربوون لە ئامرازەکانی دابینکردنی دەرمان بۆ کوردستان .
جێگەی وەبیر هێنانەوەیە ئەم گوتانەی وەزیری تەندروستی حكومەتی عێرافی فیدراڵ دەگەڕێتەوە بۆ پاش سەردانكردنی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان كە لە هەفتەی پێشوو چووە بەغداد بۆ بەدیهێنانی ماف و شایستەكانی دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
هاوكات د. سامان بەرزنجی، ئەوەی خستە ڕوو كە بڕیار وایە لە ماوەیەكی نزیكدا وەزیری تەندروستی حكومەتی عێراقی فیدراڵ سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لە نزیكەوە گفتوگۆ لە بارەی ڕەوشی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان بكەن.