سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر زانیاری له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنی عه‌لی سیاسی بڵاوده‌كاته‌وه‌

 

ئاسایشی هه‌ولێر له‌باره‌ی كوژرانی هاووڵاتییه‌ك به‌ناوی كاوه‌ بازیانی، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: بەپێویستی دەزانین سوپاسی دانیشتوانی شاری هەولێر بکەین کە هەمیشە هەماهەنگ بوون لە پێدانی زانیاری بە دەزگا ئەمنییەکان، هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەولێر دڵنیادەکەینەوە، کە هەمیشە هێزەکانمان چاوکراوەن و هیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە نییە.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر:

دوای ئەوەی لە رێککەوتی 20/4/2023  لە شاری سلێمانی نزیک قەزای تاسلوجە هاووڵاتییەک بە ناوی ( کاوە بازیانی) بریندارکراو دوای مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباری ئەم رووداوە دەرچووە بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادانی عێراقی، دوای ئەوەی زانیاریمان بەدەست گەیشت تۆمەتبارەکە بەرەو شاری هەولێر هەڵاتووە، دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانمانەوە بەدواداچوون کراو توانرا شوێنی تۆمەتبارەکە دەستنیشان بکرێت لە شاری (هەولێر/ گەڕەکی راستی) لە ماڵی هاووڵاتی ( عەلی مەحموود محەمەد) ناسراو بە ( عەلی سیاسی) خۆی حەشارداوە.

دوای وەرگرتنی رەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، هێزەکانمان توانیان لە بەرەبەیانی رێککەوتی 25/4/2023 تۆمەتبار ( بابان ئیبراهیم حەبیب قاسم) دەستگیربکەن و هەروەها هاووڵاتی ( عەلی مەحموود) دەستگیربکرێت، کە لە ماڵەکەی خۆی تۆمەتبارەکەی داڵدەدابوو، بە ماددەی (271) لە یاسای سزادانی عێراقی، بەپێی تایبەتمەندی تۆمەتباران رێكکاری یاسایی بەرامبەریان گیراوەتەبەر و رەوانەی دادگای تایبەتمەند بەم تاوانە دەکرێن.

بەپێویستی دەزانین سوپاسی دانیشتوانی شاری هەولێر بکەین کە هەمیشە هەماهەنگ بوون لە پێدانی زانیاری بە دەزگا ئەمنییەکان، هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەولێر دڵنیادەکەینەوە کە هەمیشە هێزەکانمان چاوکراوەن و هیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە نییە و ئامادەن بۆ پاراستنی ماڵ و گیانیان و دەستگیرکردنی تاوانباران.‌