دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هونەرمەند عەلی ئەحمەد: هەتا درامای كوردی زۆرتر بێت، بۆ كولتووری میللەتەكەمان باشترە!

هونەرمەندی بواری نواندن عەلی ئەحمەد رایدەگەیەنێت، درامای كۆشكی هەنار توانی هەنگاوێكی باش درامای كوردی بەرەو پێش ببات، بۆیە ئەگەر ساڵانە چەندین دراما بەرهەم بهێنرێن، بۆ پێشخستنی كوردی زۆر باشە.

درامای كۆشكی هەنار، لە نووسین و دەرهێننی جەمیل مەفاخیری و سیناریۆی ئومێد كەمال و بەرهەمهێنانی ناوەندەهونەری زەنێ، ئەمساڵ لە مانگی رەمەزاندا پەخش کرا و توانیویەتی ببێتە خاوەنی بینەرێكی زۆر.

ئەم درامایە چەندین هونەرمەندی توانای كوردستان بەشدارییان تێدا كردووە ئەوانیش (مستەفا ئەحمەد، عەلی ئەحمەد، یونس حەمەكاكە، ژیان ئیبراهیم خەیات، بەیان عەلی، بەیان بۆمبا، بەكر مستەفا و فەرەیدوون حەمەساڵح) و چەندین ئەكتەری دیكە. 

هونەرمەندی نواندن عەلی ئەحمەد كە یەكێكە لە ئەكتەرە دیارەكانی دراماكە لەم چاوپێكەوتنەی (هەولێر)دا باسی بەرهەمهێنانی درامای كوردی دەكات.

هەولێر: وەك هونەرمەندێكی دیاری بەشداری دراماكە، بە گشتی دراماكەت بەلاوە چۆن بوو؟

عەلی ئەحمەد: هیچ كارێك بێ كەموكوڕی نییە، بەڵام ئەمساڵ ئەو درامایە جێگەی خۆی كردەوە، بۆیە جێی دەستخۆشییە بۆ ئەو هەموو لایەنانەی كە توانییان ئەو دراما باشە بەرهەم بهێنن، پەیامەكەشی زۆر شتی تێدا بوو، لەوانە خۆشەویستی و دووڕوویی و خۆڕاگری لەو كارەساتانەی بەسەر مرۆڤدا دێن.

هەولێر: دەقی ئەمجارەی دراماكە تاڕادەیەك خەمناك بوو، دەقەكە چۆن بوو بەلاتەوە؟

عەلی ئەحمەد: دەقەكە بۆ میللەتی ئێمە لە شوێنی خۆی بوو، چونكە ئێمە چەندین كێشەمان هەیە و دەبینین ئەو كەسە كێشەی دیكەشی بۆ دروست دەبێت، بەڵام بە خەیاڵیدا نایەت، بەڵام میللەتی كورد كێشەمان ئەوەیە سیناریۆنووسمان كەمە، بۆیە ئومێد كەمال، سیناریۆنووسی دراماكە كە سیناریۆكەی نووسیوە جێی دەستخۆشییە.

هەولێر: لەم درامایەدا چەندین ئەكتەری تەمەن جیاواز بەشدار بوون، ئاستی ئەكتەرەكان چۆن بوو؟

عەلی ئەحمەد: هەڵبژاردنی ئەكتەرەكان بەگشتی زۆر باش بوو، هەم بەتەمەن و مامناوەند و گەنجەكانیشی تێدا بوون، هەروەها ئەكتەرە ئافرەتەكانیش زۆر باش بوون، ستافی تەكنیك كەسانی زۆر باش و توانا بوون.

هەولێر: بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە درامایانە بۆ پێشخستنی درامای كوردی تاچەند پێویستن؟

عەلی ئەحمەد: بەدڵنیاییەوە بەرهەمهێنانی ئەم درامایانە بۆ پێشخستنی درامای كوردی زۆر پێویستن، چونكە دەبینین ساڵانێكی زۆرە هەر درامای بیانی دۆبلاج دەكرێن كە زۆربەشیان بە دابونەریتی كوردی نامۆن، بۆیە بەرهەمهێنانی ئەم درامایانە دەبنە هۆی پێشخستنی زیاتری درامای كوردی، لەو رووەشەوە دەستخۆشی لە ناوەندی بەرهەمهێنانی هونەری زەنێ دەكەین كە ساڵانە ئەو درامایانە بەرهەم دەهێنێت.