سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

خولی نایابی كوردستان له‌ كۆتایی نزیك ده‌بێته‌وه‌

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ گه‌ڕی 28ـه‌مینی یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌م گه‌ڕه‌ گه‌ڕی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌یه‌ بۆ یانه‌كانی به‌شدار له‌ خوله‌كه‌، بۆ چه‌ند یانه‌یه‌كیش گه‌ڕی مانه‌وه‌ یا نزیكبوونه‌وه‌یه‌ له‌ ماڵئاوایی كردن له‌ خولی نایاب، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ چه‌مچه‌ماڵ یاری ده‌كات، ئاراراتی ركابه‌ریشی ئه‌م گه‌ڕه‌ چاوه‌ڕوانه‌، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر، هه‌موو گه‌ڕێك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دواین زانیاری ده‌خاته‌ڕوو.

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر نزیكه‌ له‌ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ده‌كات، تیپه‌كه‌ی سه‌میر بابۆ، به‌ ئاستێكی جێگیر ده‌رده‌كه‌وێت، تیپه‌كه‌ له‌م یارییانه‌ی كۆتایی ئاستێكی باش پێشكه‌ش ده‌كات، به‌هۆی خێرای گه‌یلان لوقمان و لێدانه‌ به‌هێزه‌كانی دیار عه‌لی و ئاسیسته‌كانی هیدایه‌ت له‌تیف،یانه‌كه‌ پێشه‌نگی خوله‌كه‌ی گرته‌وه‌ده‌ست، به‌ بردنه‌وه‌شی له‌م یارییه‌ پێویستی به‌ یه‌ك هه‌نگاو ده‌بێت تا ببێته‌ پاڵه‌وان، 45 خالیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی یه‌كه‌م دێن.

چه‌مچه‌ماڵ، ئاستی باش نییه‌، ده‌یانه‌وێت به‌هه‌ر نرخێكبێت مانه‌وه‌ی خۆیان له‌ خوله‌كه‌ مسۆگه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام ده‌زانن ئه‌ركیان ئاسان نییه‌، له‌م یارییه‌ جه‌نگی مان و نه‌مان ده‌كه‌ن، چونكه‌ ته‌نها یه‌ك یاریی ده‌مێنێت و له‌ كۆتا گه‌ڕ داده‌نیشێت و چاوه‌ڕوان ده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م یارییه‌ بدۆڕێت، نزیكی دابه‌زین ده‌بێته‌وه‌، 28 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی سێزده‌یه‌م دێت.

دهۆك و زاخۆ جه‌نگی مانه‌وه‌ ده‌كه‌ن

دهۆك له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری یانه‌ی زاخۆ ده‌كات، یاریی ئه‌م دوو تیپه‌ به‌رده‌وام هه‌ستیاری زۆری پێوه‌ده‌بینرێت، ئه‌مجاره‌ش له‌ كاتێكدایه‌ هه‌ردوو یانه‌كه‌ له‌ كۆتا ریزبه‌ند دێن و یه‌كێكیان به‌ دۆڕانی له‌م یاریه‌ نزیكده‌بێته‌وه‌ له‌ ماڵئاوایی كردن، به‌هۆی گرنگی دانیان به‌ خولی عێراقی كه‌متر كارگێڕی یانه‌كان پاڵپشتی مادی و مه‌عنه‌وی ئه‌م دوو تیپه‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌م دۆخه‌ی ئێسته‌، دهۆك خاوه‌نی 26 خاڵه‌ و له‌ كۆتا ریزبه‌نده‌ زاخۆش 26 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی چوارده‌یه‌.

سیروانی نوێ هه‌وڵده‌دات مه‌ترسییه‌كان له‌ خۆی دووربخاته‌وه‌

سیروانی نوێ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری یانه‌ی برایه‌تی ده‌كات، تیپه‌كه‌ی رزگارعه‌لی، كه‌ وه‌رزی رابردوو پاڵه‌وانبوون، ئێسته‌ مه‌ترسی دابه‌زینیان له‌سه‌ره‌، ته‌نها 30 خاڵیان هه‌یه‌، تا ئێسته‌ مانه‌ه‌یان له‌ خوله‌كه‌ مسۆگه‌ر نه‌كردووه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ له‌ برایه‌تی هه‌نگاوێك له‌ دابه‌زین دووربكه‌ونه‌وه‌، برایه‌تیش هه‌رچه‌ند گه‌ڕی رابردوو تووشی دۆڕان هات، به‌ڵام به‌رێژه‌یه‌كی زۆر مانه‌وه‌ی مسۆگه‌ر كردووه‌، 34 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی حه‌وته‌م دێن.

هه‌ندرێن بۆ پله‌كانی دووه‌م سێیه‌م یاری ده‌كات

هه‌ندرێن له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری یانه‌ی ئاكرێ ده‌كات، ته‌نها هه‌ندرێن مانه‌وه‌ی مسۆگه‌ركردووه‌، به‌ڵام هه‌وڵی به‌ده‌ستهینانی پله‌كانی پێشه‌وه‌ده‌ده‌ن، تا به‌لایه‌نی كه‌م مێژووێك بۆخۆیان بنووسنه‌وه‌، هه‌ندرێن له‌ رووی دارایی و یاریزانه‌وه‌ كێشه‌ی نییه‌، به‌ڵام ناتوانێت ببێته‌ پاڵه‌وان، 35 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی چواره‌م دێت، یانه‌ی ئاكرێش به‌ ئامانجی خۆیان نه‌گه‌یشتووه‌ و مانه‌وه‌یان مسۆگه‌ر نه‌كردووه‌، 32 خاڵیان هه‌یه پێویستیان به‌ بردنه‌وه‌ له‌و یاریه‌هه‌یه‌ تا مانه‌وه‌ به‌ فه‌رمی مسۆگه‌ر بكه‌ن، ئێسته‌ له‌ خانه‌ی ده‌یه‌م دێن.

شه‌قڵاوه‌ مێوانی سه‌یدسادقه‌

یانه‌ی سه‌یدسادق له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری یانه‌ی شه‌قڵاوه‌ ده‌كات، ئه‌م دوو یانه‌یه‌ به‌ر له‌ دوو وه‌رز، به‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ریزی نایاب سه‌ركه‌وتن، ئه‌مجاره‌ش به‌یه‌كه‌وه‌ یاری ده‌كه‌ن، تاكه‌ ئامانجیان ته‌نها مانه‌وه‌یه‌ له‌ خوله‌كه‌، سه‌یدسادق 35 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی شه‌شه‌م دێت، شه‌قڵاوه‌ش به‌ 34 خاڵ له‌ پله‌ی نۆیه‌م دێت.

له‌ هه‌مان گه‌ڕ یانه‌ی شێروانه‌ میوانداری یانه‌ی سۆران ده‌كات، یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخانیش له‌ یاریگه‌ی مامه‌عه‌زه‌ میوانداری یانه‌ی چوارقوڕنه‌ ده‌كات، یانه‌ی ئاراراتیش، كه‌ ركابه‌ری سه‌رسه‌ختی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، ئه‌م گه‌ڕه‌ چاوه‌ڕوانه‌، دوای ئه‌م گه‌ڕه‌ خولی نایابی كوردستان ته‌نیا 2 گه‌ڕی ده‌مێنێت و كۆتایی پێ دێت.