ڕائیب جادر – هەولێر
لەو کاتەی ھێزی پێشمەرگە بۆ گوندی پەلکانە جووڵەی پێکرا حەشدی شەعبی و عەرەبە ھاوردەکان لە ناوچەکە نەماون و جووتیارانی کورد دەستیان بە کێلانی زەوییەکانیان کردووە و وەکو خۆیان دەڵێن، زەوییەکانیان لەژێر ھیچ گوشارێکدا ڕادەستی عەرەبی ھاوردە ناکەن. سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم، دەڵێت: چارەکردنی کێشە و گرفتەکانی ناوچە کوردستانییەکان، تەنھا بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستوور دەبێت و پێویستە دەستوور بکرێتە بنەما بۆ چارەکردنی کێشەکان. یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، گوتی: لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە دە جار عەرەبی ھاوردە ھێرشیان کردووەتە سەر گوندە کوردییەکان.
لە ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، زیاتر لە ٤٠٠ عەرەبی ھاوردە لە گوندی پەلکانە بە دار و بەرد، ڕووبەڕووی ھاووڵاتییانی کورد بوونەتەوە و زیاتر لە ١٠ ھاووڵاتی کوردی گوندەکە بریندار بوون. ھێزەکانی پێشمەرگە کەمتر لە پێنج کیلۆمەتر لە گوندی پەلکانەوە دوورن و پەیامیان بە ھێزە عێراقییەکان داوە، ئەگەر دۆخی پەلکانە ئاسایی نەکەنەوە، جووڵەی زیاتریش دەکەن.
گوندی پەلکانە دەکەوێتە ڕۆژئاوای کەرکووک و سەر بە شارەدێی سەرگەڕانە، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە عەرەبی ھاوردە ھەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زەویی جووتیارانی کورد دەدەن.
سنووری سەرگەڕان لە ٤٢ گوند پێک دێت و تەواوی ناوچەکە کوردییە جگە لە دوو گوند، عەرەبی ھاوردە ھەوڵدەدەن زەوییەکانی کورد لە سنووری شارۆچکەکە داگیربکەن و جووتیارانی کوردیش سوپای عێراق تۆمەتبار دەکەن بە پشتیوانی کردنیان.
دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ گۆڕانی زۆر بەسەر دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستاندا ھات. دانانی کەسێکی عەرەب ڕاکان جبووری، بە پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک، دوورخستنەوەی چەندین بەڕێوەبەری کورد لە پۆستەکانیان و دانانی کەسانی عەرەب و تورکمان لەشوێنیان، دوورخستنەوەی ٥١ بەرپرسی بەش و ھۆبە لە پۆستەکانیان کە ئەوانیش کورد بوون، بەشێک لەو گۆڕانانە بوون.
ھاووڵاتییانی ناوچەکە زۆر دڵخۆشن بە نزیکبوونەوەی پێشمەرگە لە گوندەکەیان و ھیوادارن پێشمەرگە ھەر لە ناوچەکە بمێنێتەوە، چونکە تا پێشمەرگە لەناوچەکە بێت دۆخی ئەو ناوچانە ئارام دەبێت.
دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، ھەوڵەکانی عەرەبی ھاوردە بۆ داگیرکردنی زەوییەکانی کورد زیاتر بوون، زۆرترین ھەوڵی عەرەبی ھاوردە بۆ شارۆچکەی سەرگەڕان بووە کە ٧٠%ـی نەوتی کەرکووک لەو سنوورەدایە. لە چەند ساڵی ڕابردووشدا گوندی پەلکانە زۆرترین ئاڵۆزییەکانی نێوان عەرەبی ھاوردە و جووتیارانی کوردی بەخۆیەوە بینیوە.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ھێرشەکەی عەرەبی ھاوردە بۆسەر جووتیارانی کورد لە گوندی پەلکانەی کەرکووک پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ھەوڵێکی نەزۆکە بۆ تێکدانی ئەو کەشە ئەرێنییەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ خەریکین دروستی دەکەین بۆ ئاشتەوایی و چارەسەریی کێشەکان و ھەنگاونان بەرەو سەقامگیری.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: داکۆکی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستوور دەکەینەوە لە پێناو چارەکردنی بنەڕەتیی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و نەھێشتنی ئاڵوزی لەو ناوچانە و ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ گەشەسەندنی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
نووری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەری پێنجی ڕۆژئاوای کەرکووکی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: ھێزەکانمان لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی بەرپەرچی ئەوانە بدەینەوە کە دەیانەوێت تەجاوزی خەڵکی ئێمە بکەن، لەگەڵ فەرماندەی لیوا و فەرماندەی فەوجەکەیان قسەمان کردووە و گوتوویانە ھیچ کێشەیەک نییە، بەڵام ئیتر ئێمە لە نزیکی ئەو شوێنانەین کە پێویستە و بە فەرمان ھاتووین.
محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: لە پەرلەمانی عێراق ھزری شۆڤێنی بەرامبەر کورد ھەیە و تا ئێستە نەتوانراوە لە پەرلەمان یاسایەک دەربچێت بۆ ئەوەی گرفتی تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان چارە بکرێت.
محەممەد خورشید، باسی لەوەشکرد، پێویستە چارەکردنی ئەم بابەتە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڕیاری بۆ دەربچێت، ھەروەھا دەبێت بڕیاری ئەنجوومەنی قیادە سەورەی ھەڵوەشاوە کە تا ئێستە لە دادگاکان کاری پێدەکرێت ھەڵبوەشێندرێتەوە و بڕیارێکی پەرلەمانی لەوبارەیەوە بدرێت، بۆ ئەوەی ئەم گرفتە بە یەکجاری چارە بکرێت.
محەممەد خورشید، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە دە جار عەرەبی ھاوردە ھێرشیانکردووەتە سەر گوندە کوردییەکان و بەپێویستی زانی کە نوێنەرانی کورد جددیتر بن لەسەر چارەکردنی ئەو کێشەیە، بە تایبەت لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەلایەن فەرماندەی ھێزە چەکدارەکان فەرمانێک دەربچێت ھێزە چەکدارەکانی عێراق و ھێزەکانی حەشدی شەعبی کاریان بەسەر ئەم پرسەوە نەبێت.
فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەرکۆنەی ھێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ژمارەیەک عەرەبی ھاوردە بۆ سەر گوندنشینە کوردەکانی پەلکانە کرد و ڕایگەیاند: لە چەند ڕێگەیەکی جیاوازەوە نیگەرانییەکانیان گەیاندووەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و پێیان ڕاگەیاندوون، ھێرشەکان بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان بەردەوام بن، برایەتی و پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتەکان دەکەوێتە مەترسییەوە.
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم ئاماژەی بەوەکرد، دوور لە ھیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووری لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان ھێرشکرایە سەر گوندنیشان و ھاووڵاتییانی کوردی گوندی پەلکانە، ئەمە شتێکی زۆر نامۆیە بۆ برایەتی و پێکەوە ژیانی نێوانمان، پێشتر ڕووینەداوە، لەجیاتی جەژنە پیرۆزە و گەردەن ئازاکردن، ھەڕەشکردن، چاو سوورکردنەوە و ھێرشکردنە سەر کورد ڕووبدات.
فەھمی بورھان، چارەکردنی کێشە و گرفتەکانی ناوچە کوردستانییەکان، تەنھا بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستوور دەبێت و پێویستە دەستوور بکرێتە بنەما بۆ چارەکردنی کێشەکانمان.
ڕێبوار تاڵەبانی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، دەڵێت: دەستێکی تێکدەر ھەیە، ئەو بارودۆخە و کەشە ئەرێنییەی ئێستەی نێوان حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستانی بەدڵ نییە و دەیەوێت بکاتە دەستکەوتێک بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئاییندە کە نزیکبووەتەوە و ھەموو لایەنەکان ھەوڵی بۆ دەدەن، دژایەتی کورد یەکێکە لەو پڕوپاگەندانەی نەیارانی کورد لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەکاری دەھێنن بۆ ئەوەی دەنگێکی زیاتر بەدەست بھێنن.
رێبوار تاڵەبانی، پێیوایە بەردەوامی ھێرشکردنە سەر ھاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی گوندی پەلکانە و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، درێژەپێدەری ئەو پڕۆسەی تەعریبکردنەیە، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە سەردەمی کابینەی عەبادی دەستیپێکردووە و، مەبەست لەو ھێرشانەش زەوتکردنی ناسنامە کوردستانییەکەی ئەو ناوچانە و سەپاندنی ھەژموونی خۆیانە، کە بەردەوام بەشێوەی تەعریب باسی لێوەدەکەن و شەرمیشی لێ ناکەن.