دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

مەرجەكانی هەدەپە بۆ دەنگدان بە كلیچدارئۆغڵو پارتی خاس توڕە دەكات

كارزان گلی – هه‌ولێر

کەمال كلیچدارئۆغڵو، وەكو بەربژێری ئۆپۆزسیۆنی توركیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دیاری كرا، بۆ ئەوەی بتوانێ سەر بكەوێت، لە پلانیدایە سەردانی بارەگای هەدەپە بكات و داوایان لێ بكات دەنگیان پێ بدەن، بەڵام پارتی خاس، هۆشداری داوەتە كلیچدارئۆغڵو، شتێك نەكات ئۆپۆزسیۆن هەڵوەشێتەوە و نابێت هیچ بەڵێنێك بە هەدەپە بدات.

هەدەپە، دڵخۆشە بە بەربژێرایەتیی كلیچدارئۆغڵو، بەڵام دەڵێت چاوەڕێین بێتە بارەگای پارت و لەوێ گفتوگۆ و رێككەوتن بكەن بۆ ئەوەی دەنگی پێ بدەن، بەڵام مەراڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی خاس، هۆشداری دایە كلیچدارئۆغڵو، بەوەی بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەن هەدەپە ببێتە بەشێك لە هاوپەیمانیی میللەت، بەڵام ئاساییە لەگەڵیان دابنیشێت و داوای دەنگیان لێ بكات.
ئاكشەنەر، پێی باشە دەنگی هەدەپە بۆ كلیچدارئۆغڵو بچێت، بەڵام بەبێ هیچ مەرجێك و بەڵێنێك، هۆشداریش دەدات، ئەگەر سەركۆماریان بردەوە هیچ وەزارەتێك نادەنە هەدەپە و ئەوان قبوڵی ناكەن.
بەرپرسێكی پارتی خاس، نەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرا بكات، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”ئاساییە كلیچدارئۆغڵو، بچێتە بارەگای هەدەپە و داوای دەنگیان لێ بكات، بەڵام ئێمە چاودێری دۆخەكە دەكەین و نابێت كلیچدارئۆغڵو شتێك بكات، ئۆپۆزسیۆن هەڵوەشێتەوە، چونكە ئێمە رێگە نادەین هیچ بەڵێنێك بە هەدەپە بدرێت“.
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، لە گرتووخانەی ئێدیرنەوە، نامەیەكی بۆ مەراڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی خاس ناردووە و پێی دەڵێت، بە لاتەوە ئاساییە كە بەدەنگی هەدەپە بتوانن سەركۆماری توركیا ببەن و تۆیش هەر بە دەنگی هەدەپە ببیت بە جێگیری سەركۆماری توركیا، بەڵام هەدەپە هیچ شتێكی نەدرێتێ و تەنیا تاڵبی دەنگی بن؟
دەمیرتاش، رەخنەی لێ دەگرێت و پێی دەڵێت، پێویستە بەجوانی هەدەپە بخوێننەوە و بزانن كە بەبێ هەدەپە، ناتوانن هەڵبژاردن ببەنەوە.
هەدەپە، خۆی ئامادە كردووە تا كلیچدارئۆغڵو، سەردانیان دەكات و لەوێ رێككەوتنێك ئیمزا بكەن، چونكە هەدەپە چەند داواكارییەكی هەیە، وەكو چۆن پارتەكانی تری ئۆپۆزسیۆن لەسەر دوانزە مادە رێك كەوتوونە، هەدەپەش دەیەوێت بە نووسراو لەگەڵ كلیچدارئۆغڵودا رێك بكەوێت.
وەكو ئەوەی میدیاكان باسی دەكەن، هەدەپە هەروا ئاسان پشتگیری لە كلیچدارئۆغڵو ناكات، بەڵكو مەرجی خۆی هەیە و دەیەوێت ئەو مەرجانەی بۆ جێبەجێ بكرێت، وەكو چۆن پارتی خاس بە چەند مەرجێك دەنگ بە كلیچدارئۆغڵو دەدات، هەدەپەش بەهەمان شێوە.
بەڵام ئەوەی بووەتە جێی مەترسی بۆ ئۆپۆزسیۆنی توركیا، كلیچدارئۆغڵو، بە هەر مەرجێكی هەدەپە رازی بێت، بۆ نموونە بەڵێنیان پێ بدات ئەگەر بووە سەركۆماری توركیا دوو وەزارەتیان دەداتێ، لێرەدا پارتی خاس دێتە دەنگ و شەڕێكی تر لەناو ئۆپۆزسیۆنی توركیا دروست دەبێت.
كلیچدارئۆغڵو، لە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی زۆر گەورەدایە، ئەگەر بتوانێت لەو تاقیكردنەوەیە سەر بكەوێت، هەنگاوی باش دەبڕێت تا بگاتە كورسی سەرۆكایەتی، ئەویش رازیكردنی هەدەپەیە تا دەنگی پێ بدەن، هەروەها بێدەنگكردنی پارتی خاسە كە هیچ كاردانەوەیەكی نەبێت كاتێك رێككەوتن لەگەڵ هەدەپەدا دەكات.
مەراڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی خاس، بۆ خۆی لە كلیچدارئۆغڵو لە بەهانەیە، بینیمان یەك رۆژ بەر لەوەی بەربژێر هەڵبژێرن، دژی ئەوە بوو كلیچدارئۆغڵو ببێتە بەربژێر و لەسەر مێزی ئۆپۆزسیۆن هەستا و گوتی ئیتر نایەمەوە، بەڵام بە هەوڵی سەرۆك شارەوانییەكانی ئەنكەرا و ئیستانبۆڵ گەڕایەوە.
لە ئێستاشەوە چاودێرییەكی وردی كلیچدارئۆغڵو دەكەن، کە ئاخۆ چ بەڵێنێك بە هەدەپە دەدات و بە چ شێوازێک لەگەڵیدا رێك دەكەوێت تا دەنگی پێ بدەن، ئەگەر رێككەوتنەكە بە دڵی پارتی خاس و سەرۆكەكەی نەبوو، ئەگەرێكی بەهێزە، ئاكشەنەر بۆ جاری دووەم لە هاوپەیمانیی میللەت بكشێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان ئەستەمە بگەڕێتەوە.