چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بەهۆی تەقینەوەی تانکییەکی گاز لە کەلار کەسێک گیانی لەدەستدا

لە قەزای کەلار لە کاتی لەحیمکردن تانکیی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەست داوە و دوو کەسی دیکەش بەشێکی جەستەیان سووتاوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی 04ـی 2023 تانکییەکی گاز تەقییەوە و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و لەمبارەیەوە ڕایگەیاند:  لە ناوچەی پیشەسازی قەزای کەلار لە کاتی لەحیمکردنی تانکی سووتەمەنی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر تەقییەوە و لە ئەنجامدا پیشەوەرەکە کە سەرقاڵی لەحیمکردنی تانکییەکە بوو بە ناوی ( ئاریان ئیبراهیم مەحموود) لەدایکبووی 1994 دانیشتووی گەڕەکی شۆڕشی قەزای کەلار گیانی لەدەستدا و شوفێری ئۆتۆمبێلەکە و دوو هاووڵاتیی دیکە بەشێکی جەستەیان سووتاوە.

پۆلیسی گەرمیان هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بەمەبەستی توێکاری تەرمی ناوبراو ڕەوانەی پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کراوە و  لە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار چارەسەری سەرەتایی بۆ بریندارەکان  کراوە.

لە ڕاگەیەنراوەکە پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەش داوە کە بریندارەکان بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتانیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی دەکرێن.