ژمارەیەک هاووڵاتی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەربازبوون و گەیشتنیان بە وڵاتانی ئەوروپا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی بێلارووسەوە دەستگیر دەکرێن.
ئەم هاووڵاتییانە مانگی 11ی 2022 بە ڤیزای گەشتیاری، خوێندن یان چارەسەری پزیشکی چوونەتە رووسیا، دواتر بەشێوەیەکی نایاسایی خۆیان گەیاندووەتە بێلارووس، بۆ ئەوەی لە سنوورەکانی بێلارووسەوە بگەن بە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بێلارووسەوە دەستگیرکراون.
بەهۆی ئەوەی عێراق نوێنەرایەتی لە بێلارووس نییە، کوردستان24 پەیوەندی کرد بە باڵوێزخانەی عێراق لە مۆسکۆ، بەڵام بەهۆی پشووی جەژنی رەمەزانەوە نەتواندرا هیچ لێدوانێک وەربگیرێت.
هەروەها لەلایەن دەسەڵاتدارانی بێلارووسیشەوە، هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی دەستبەسەرکراوان و رەگەزنامەکانیان رانەگەیاندووە.
وابڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا نوێنەرێک لە باڵوێزخانەی عێراق لە مۆسکۆ بەدواداچوونی زیاتر بکات بۆ دۆسیەی سەرجەم ئەو هاووڵاتیانەی هەرێمی کوردستان و عێراق کە لە زیندانەکانی بێلارووس دەستبەسەرن.