سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

تەرمی ئافرەتێك لەنێو ماڵەكەیدا دۆزرایەوە

تەرمی ئافرەتێكی بەڕەگەز عەرەب لەماڵەكەیدا دۆزرایەوە و تائێستاش كەسوكارەكەی دیار نییە.
سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، ئەو ئافرەتەی كە تەرمەكەی دۆزراوەتەوە لەدایكبووی ساڵی 1976ە و بە رەگەز عەرەبە، تەرمەكەشی لە ماڵێكدا لە سنووری گەڕەكی راپەڕین دۆزراوەتەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، تەرمی ئافرەتەكە رەوانەی پەیمانگەی پزیشكی داد كراوە و هیچ ئاسەوارێكی ئەشكەنجەدان یان چەقۆ یان تاوانی پێوەدیار نییە.
سەركەوت ئەحمەد گوتیشی: گومان دەكەین ئافرەتەكە بە جەڵتە گیانی لەدەستدابێت، چونكە حەبیان لە ژوورەكەیدا دۆزیوەتەوە و دراوسێكانیشی گوتوویانە كە نەخۆشبووە.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەشكرد، ئەو ئافرەتە بە تەنها ژیاوە، تائێستاش كەسوكارەكەی دیار نییە.