چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سەعدی پیرە: لە کەرکووک مەترسی لەسەر کورد هەیە

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە کەرکووک مەترسی لەسەر کورد هەیە و بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەو مەترسیانە پێویستە پارتی و یەکێتی ناکۆکییەکان بەلاوەبنێن.

سەعدی پیرە رایگەیاند “بۆ شکست پێهێنانی ئەو مەترسییانەی لە کەرکووک دژی کورد هەن دەبێت یەکێتی و پارتی ناکۆکییەکانیان بەلاوە بنێن و بەیەکەوە کار بکەن، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە بدۆزرێتەوە هیچ پیلانگێڕییەک سەر نەگرێت”.

سەعدی پیرە، لەبارەی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەڵێت: “ئێستا گرنگە هەموو لایەکمان تەرکیز بکەین، ناکرێ بمانەوێت بە تەنەکەیەک بەنزینەوە بچین ئاگر بکوژێنینەوە، ئاگر بە ئاو دەکوژێتەوە بە بەنزین ناکوژێتەوە، ناڕەزایەتیمان هەرچی بێت، پێویستە کات بە فیڕۆ نەدەین، بۆ ئەوەی ئەو هەڕەشەی لەسەرمانە سەرکەوتوو نەبێت”.