چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دوو پڕۆژه‌ی ئاوه‌ڕۆ له‌ هه‌ولێر جێبه‌جێ كرا

له‌ چوارچێوه‌ی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ به‌رده‌وامی، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی ئاوی باران و ڕێگریكردن له‌ ڕوودانی لافاو له‌ شاری هه‌ولێر، دوو پڕۆژه‌ی ئاوه‌ڕۆی جێبه‌جێكرد، هاوكات له‌ ناحیه‌ی كه‌سنه‌زانیش ده‌ شه‌قام ڕۆده‌نرێت.

له‌ چوارچێوه‌ی بایه‌خدانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ پڕۆژه‌كانی ئاوه‌ڕۆ و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی ئاوی باران و ڕێگریكردن له‌ دروستبوونی لافاو، له‌ سنووری شاره‌وانی پیرزین كه‌ سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێره‌، دوو پڕۆژه‌ی ئاوه‌ڕۆی له‌و سنووره‌ جێبه‌جێكرد، كه‌ كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر گرفتی كۆبوونه‌وه‌ی ئاوی باران له‌و سنووره‌ ده‌بێت، كه‌ جاران ئاوێكی زۆری لێ كۆده‌بوویه‌وه‌.
ئێستا كه‌ تێچووی پڕۆژه‌كان له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م دا له‌ تێچووی ڕاسته‌قینه‌ نزیكن و ڕێگری له‌ به‌هه‌ده‌ردان گیراوه‌، ئه‌و دوو پڕۆژه‌یه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار بنایتیناوه‌، به‌ گوژمه‌ی سێ سه‌د و پێنج ملیۆن و دوو سه‌د و شه‌ست و سێ هه‌زار دینار جێبه‌جێی كردوون.
پڕۆژه‌ی یه‌كه‌میان كه‌ به‌ درێژایی حه‌وت سه‌د مه‌تر ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی ١٢٠ سانتیم مه‌ترییه‌ و به‌ گوژمه‌ی دوو سه‌د و په‌نجا و نۆ ملیۆن و دوو سه‌د و شه‌ست و سێ هه‌زار دینار له‌ سنووری شاره‌وانی پیرزین ڕۆنراوه‌ و له‌لایه‌ن تیمه‌كانی شاره‌وانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوه‌ڕۆ سه‌رپه‌رشتی جێبه‌جێكردنی كراوه‌.
پڕۆژه‌ی دووه‌میش به‌ گوژمه‌ی چل و شه‌ش ملیۆن دیناری عێراقی، دانانی دوو سه‌د مه‌تر ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی پۆلی ئه‌سیلینه‌ هه‌ر له‌و سنووره‌ داندراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ گرفتی كۆبوونه‌وه‌ی ئاوی باران چاره‌سه‌ر ده‌كات.