چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ھە‌ندێك ئادابی زە‌كاتی فترە‌ و خە‌رجیماڵ و منداڵ لە‌ جە‌ژندا

عومەر چنگیانی

پشتیوان بەخوا گوڵخەرمانی ئەمڕۆمان دوا زنجیرەی ئەم ڕەمەزانی ساڵی 1٤٤٤ی کۆچییەمان دەبێت و لەم بەشەدا باسی دوو تەوەر دەكەین؛ هەندێك ئادابی زەكاتی سەرفترە و، باسی خەرجی ماڵ و منداڵ لە جەژندا.

یەكەم/ هەندێك ئادابی زەكاتی سەرفترە: سەرفترە ئەركێكی ئایینیی پەیوەست بە داهات و خەرجی و سامانی مسڵمانانەوەیە و، وەك یارەكان بۆمانی باس دەكەن، پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لێ بێ ئەو ئەركەی دەستنیشان كرد و دەفەرموون: “ساعێك خورما، یان ساعێك جۆ، بە پێویست گێڕراوە، بۆ زەكاتی سەرفترەی هەر مسڵمانێك، ئەو كەسە ئازاد بێت، یان بەندە، نێر، یان مێ، گەورە، یان بچووك؛ هاوكات فەرمانیشی داوە، كە بەر لە چوونی مسڵمانان بۆ نوێژی جەژن بدرێت”. وەك لە هەندێ دەقی تردا هاتووە، دەبێ هەركەس لە كوێ جەژن دەكات لەوێیش زەكاتی سەرفترەكەی خۆی بدات. كەئەم دەقە پیرۆزە و ئەوانەی لەمبارەوە هاتوون، لە كۆن و نوێدا بوونەتە جێگەی فتوای لێكجودای زانایانی ئیسلام؛ هەیانە دەڵێن: دەبێ مرۆڤ هێندە پابەند ببێت بە دەقەكەوە، خورما یان جۆ زێدەتر نەدات، یان كەشك وەك لە هەندێك دەقی تردا هاتووە. هاوكات هەندێكی تر لە زانایان وا بۆ بابەتەكە دەچن، كە هەردەم ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی هەژاران لە هەمووشت لە پێشترە، ئەڵبەتە بۆ ئەم بۆچوونەیشیان، پەنا بۆچەند دەقێك دەبەن، وەك ئەوەی كە ئەو كەسانەی لە سەردەمی پێغەمبەردا دروود و سڵاوی خوای لێ بێ نێررابوون بۆ وڵاتی “یەمەن”، كە زەكاتی ئەوێیان كۆ دەكردەوە، لە میانەی زەكاتەكان هەندێ كراس بوو كە بۆ خەڵكی مەدینە نەدەبوو، یارەكان لەوێ دەچوون دەیانفرۆشتنەوە و لە مەدینە شتی تریان پێ دەكڕی، لێرەشدا دەفەرموون: “بەرژەوەندیی هەژاران ئەگەر لە پارە و دراوپێداندا بوو، بایی ئەو ساعە خۆراكە، دراوی بە
رەواج دەدرێت بە هەژاران. لێرەدا من چەند ئامۆژگارییەكی بچووكم هەیە:

  1. ئەگەر هەر سەرەك خێزانێك تەماشای داهات و بار و دۆخی تایبەتی خۆی بكات و وردببێتەوە لە ماڵەكەیدا و بە ئەندازەی مامناوەندی ژەمێكی ئێوارانی ڕەمەزانی هەرتاكێك بدات لە باتی سەرفترە، ئەوە بۆخۆی خێری زۆرە.
  2. دەكرێ هەرچەند ماڵێك زەكاتەكەی خۆیان ئاوێتە بكەن و وێكڕا بیدەنە ماڵێكی هەژار، سا بەڵكو وایان لێ بێت لە جێژنەدا ئەوانیش بە خۆشی و بوونێكی مامناوەندییەوە جەژن بكەن
  3. 3. ئەوانەیش كە لە دەرەوەی وڵاتن و لای خۆیان هەژار نییە
    و دەینێرنەوە بۆ كوردستان، كارێكی باش دەكەن، بەڵام باش وایە ئەوان ئەوەندەی ژەمێكی خۆیانی پێ دابین دەكرێت لەلای خۆیان، ئەوەندە بنێرنەوە بۆ كورردستان.
    ئەمانەی كە من دەیانڵێم بۆچوونی خۆمە و من وا لەو دەقە پیرۆزانە دەگەم، بەتایبەتی كە دەقی وامان هەیە ئاماژەمان بۆ ئەوە بۆ دەكات كە كارێك بكەین هەژارەكانمان لەو شەو و رۆژی جەژنەدا بێئیحتیاجیان بكەین، خوایش لە هەموان زاناترە. ئەمەی من دەیڵێم، بچووكترین هەنگاوە بگیرێتە بەر بۆ كەمكردنەوەی كەمێك لە ئازارە زۆر و لەهەژمارنەهاتووەكانی، هەژارانی كوردستان، بەتایبەتی لەم كاتە ناسكەی بەرە جەژناندا، متمانەم بەوەیش هەیە، كە ئەوانەی دەتوانن لەم مەسەلەیەدا رۆڵی باشیان هەبێت، بەر لە هەركەس گەورە دەستەڵاتدارانی وڵاتەكەم و ئەو زەنگینانەیە كە تروسكاییەكی
  4. ترسی خوایی لە دەروونیاندا بەدی دەكرێت و لە بارودۆخەكە ئاگادارن.دووەم/ باسی خەرجی ماڵ و منداڵ لە جەژندا: ڕەنگە ئەم بابەتە بە لای هەندێ كەسەوە زۆر گرنگ نەبێت، لەسەر ئەو بنەمایەی، كە وەك كارێكی ئاسایی سرووشتی تەماشای مەسەلەكە بكات و بڵێت: هەموو باوكێك هەست بەو بەرپرسیارەتی و ئەركەی سەرشانی دەكات. لەگەڵ ئەوەی كە تا ئەندازەیەك قسەكەیانم بەلاوە بەجێیە، بەڵام ئەوەی من مەبەستمە، دووبارە پابەندكردنەوەی مرۆڤی بڕوادارە، تەنانەت لە جێبەجێکردنی ئەم كارە سرووشتی و حەزە دەروونیەیشیدا بە خواوەندی گەورەوە، كە لە 233هەمین ئایەتی سوورەتی “ئەلبەقەرە”دا، دەفەرمێت: “هەر باوكێك ئەركی سەرشانێتی، كە ڕۆزی و كاڵا و پۆشاكی منداڵەكانی دابین بكات، ئەڵبەت بە باشی”. وشەی بە باشی ئەوە دەگرێتەوە، كە دەبێ، لە ڕێگەی حەڵاڵەوە پەیدای بكات و كەمتەرخەمییش نەكات لە ئاستیان، نەك زیادەڕەوی لە خەرجیدا، هەروەها، لە حەوتەمین ئایەتی سوورەتی “تەڵاق”دا، دەفەرمێت: “با ئەو كەسانەی كە هەبوون و بەتوانان، بە پێودانگ و توانای خۆیان، خەرجی ماڵ و منداڵیان بكەن، ئەوانەیش كە كەمداهاتن بە پێی ئەوەندەی كە خوا پێی داون، چونكە خوای گەورە داوای لە هەركەسێك بە پێی توانا و بوونی ئەو كەسەیە”، هەر وا لە سی و نۆهەمین ئایەتی سوورەتی “سبأ”دا، دەفەرمێت: “ئاگادار بن لەوە كە هەر خەرجیەك بۆ ماڵ و منداڵتانی بكەن، ئەوە خوای گەورە بۆتانی قەرەبوو دەكاتەوە”، هەر وا پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێ – دەفەرمێت: “ئەی باوك، ئەی بەرپرسی خێزان، ئاگادار بە كە هەر خەرجیەكی، تۆ لە بەرخوا، بۆ ماڵ و منداڵەكەتی بكەیت، خوای گەورە پاداشتت دەداتەوە و بۆتی قەرەبوو دەكاتەوە، تەنانەت ئەو پارووەی دەیكەیت بە دەمی خێزانەكەتەوە بۆ تۆ بەخێر دەنووسرێت”. وەك دەزانین وشەی”نەفەقە”، كە لە دەقەكاندا، بەكار دەهێنرێت، لە داڕشتنیدا، لە وشەی”نەفەق”، وەرگیراوە، ئەویش ڕەوانبێژییەكی تایبەتی تێدا هەیە، چونكە نەفەق: واتە تونێل، یان ئەشكەوتی دووسەرە، لەلایەك چوونە ژوورەوە و لەلایەك لێ دەرچوون، ئیتر ئەو خەرجیەی باوك دەیكات بۆ ماڵ و منداڵی، بە عەدالەت و میانڕەوێتی و بەدوور لە خەرجی بێهودە، وەك ئەو تونێلە وایە، لەلایەكەوە، كە خەرجی دەكات، لێی دەردەچێت و لەلایەكی ترەوە، تێی دەچێتەوە و خوا پڕی دەكاتەوە. وێڕای ئەم چاو بوونەیشمان لە ماڵ و منداڵی خۆمان، دەبێ ئەوەیشمان لە یاد بێت، كە ئێمەی بڕوادار فەرمانی ئەوەمان پێ دراوە، لە شەو و رۆژی جەژندا، هەژارەكانمان لەوە بخەین، كە لە دەرگای ماڵان بدەن، چونكە وەك ئەرك لەسەر شانمانە و وەك دیاردەیەكی ناشیرینیشە و دەبێ هەوڵی ئەوە بدەین نەیهێڵین، هەموولایەكیشمان دەزانین ئەو لە دەرگا دانە، تەنها هەر بۆ ئەوە نییە نانیان نەبێت و بەس! بەڵكو بۆ هەموو پێداویستییەكانە، هەربۆیەكە هەندێك لە زانایان دەفەرموون: ئەگەر بەتەنها هەر پارە باش بوو بۆ هەژاران، زەكاتی فترە بە پارە بدەن”، كە من وام بە لاوە پەسندە، دەكرێ هەر چەند ماڵێك پێكەوە زەكاتەكە كۆ بكەنەوە و هیچ نەبێت، ماڵە هەژارێكی بۆ جەژن پێ ببووژێننەوە؛ هاوكات وشیاری ئەوە بن كە هەستیان مەڕووشێنن و دڵیان بریندار مەكەن. ماوەتە بڵێم بەهیوای جەژنێكی پڕ لە خۆشی و دوور لە هەر نەهامەتی و ئاشۆ و ئاژاوەیەك؛ جەژنەکەتان لێ پیرۆز بێ