هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا هەنگاوێکی گرنگە بۆ بازاڕی نەوت

عێراق کەیسی دادگەی پاریسی لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێ هێنا، ڕاگەیێنراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، داوا دەکات تورکیا وەکو قەرەبوو بڕی 1.4 ملیار دۆلار لە بەرامبەر ئەو کەیسە بدات. لە سەرەتادا داوای عێراق ٣٤ ملیار دۆلار بوو، بەڵام ئەنقەرە هەر زوو گوتی ئەو پارەیە نادرێت و بەو شێوە نییە، بۆیە لەگەڵ چاوخشاندنەوە بە کارەکان و بڕیاردان لەسەر کەیسەکە، بڕی پارەکەش کەم بووەوە.

فاتیح دۆنمەز، وەزیری وزەی تورکیا ڕایگەیاند : چوار داوای عێراق لە کۆی پێنج داوا ڕەت کراونەتەوە، تەنیا یەکێکیان وەرگیراوە. هەروەها داواکانی تورکیا، لە کۆی شەشیان، پێنج داوا وەرگیراوە، تەنیا یەکێکیان ڕەت کراوەتەوە، کات دەری دەخات ئەو کەیسە چی بەسەر دێت و چۆن ڕوون دەبێتەوە .
ئەو قسانەی دۆنمەز بە رڕوونی دەری دەخات تورکیا خۆی دەڵێ نە شکستیان هێناوە و نە بەتەمای ئەوەشن شکست بخۆن لەو کەیسەدا، بەڵام ملیارێک و چوارسەد ملیۆنی دەکەوێتە سەر، حکوومەتی تورکیاش ڕایگەیاندووە ئەو بڕە پارەیە دەداتە عێراق، لە بەرامبەر ئەو قسانەدا، گوتەبێژی جەهەپە ڕەخنەی لە حکوومەتی وڵاتەکەی گرت لەسەر ئەوە کە دەبێ ئەو بڕە پارەیە بۆ عێراق بژمێرێت، ڕاستییەکە ئەوەیە کە تورکیا دەبێت دوو ملیار دۆلار بداتە عێراق و عێراقیش دەبێت شەشسەد ملیۆن دۆلار بداتە تورکیا بە لێدەرکردنەکان دەبێتە ملیارێک و چوارسەد ملیۆن دۆلار، ئەنقەرە ڕازییە ئەو بڕە پارە بداتە عێراق بۆ ماوەی ٤ ساڵی هەناردەی نەوت،کەیسێکی دیکەش ماوە لە 2018 تاوەکو 2023، بەڵام ئەو کەیسە تاوەکو دوو ساڵی دیکە هیچ بڕیارێکی لەبارەوە دەرناچێت .
ئێستە لەو قۆناغەدا وەزارەی نەوتی عێراق دەڵێ: ئەوان سەرپەرشتی هەناردەی نەوتەکە دەکەن، لەوبارەشەوە ڕێککەوتنێک کراوە لە نێوان هەردوو حکوومەت، کاتی خۆی و پێش زیاتر لە ٨ ساڵ داگیرکرانی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق لەلایەن داعش، نەخشەی ناردنی وزەی لە عێراق گۆڕی، ئەوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کێشەدا بوو بەهۆی ناسەقامگیری عێراق، هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتنێکی هەبوو بە گوێرەی دەستوور و یاسای عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی نەوت لە ڕێگەی لوولەوە. پێشکەوتنێکی بەرچاو لە سەرەتای ئەم مانگە بەدەست هات ئەویش کاتێک هەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەسەر هەناردەی نەوتەکە بە هەمان لوولە، بۆ بەندەری جهیان ڕێک کەوتن. ئەوەش بۆ بازاڕی نەوت گرنگە چونکە پشت بەستن بە نەوتی ڕووسیا لە بازاڕەکانی جیهان کەم دەکاتەوە، بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە هەرێمی کوردستان نەوتەکەی لە ڕێگەی کۆمپانیای نیشتمانیی عێراق دەفرۆشێت و داهاتەکەی دەچێتە بانکی ناوەندی، ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەردوو حکوومەت، بەڵام هێشتا هەندێک وردەکاریش ماوە سەبارەت بە ڕێککەوتنەکان و پێویستە هەردوولایان گەرەنتی چارەی کێشەکان بکەن. لە پەیوەندی تورکیا و عێراقیشدا دەبێت چاوەڕێی ئەنجامی گفتوگۆکان بکەین، بەتایبەت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکە .