پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکاتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ڕاگرتنی نەوتی کوردستان زیانی زۆری بە ئابووریی عێراق گەیاندووە، بۆیە حکوومەتی عێراق بەدوای ڕێگایەکی دیکەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکات. ئەندامێکی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان چارەی بە پەلەی پێویستە. سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە بەغدا، ڕایگەیاند: شەست و چوار ترلیۆن دینار کورتهێنان لە بودجە ھەیە، ئەگەر ڕاگرتنی نەوت بەردەوام بێت، ئەو ڕێژەیە زیاتر دەبێت، بۆیە بەغدا ناچارە پابەندی ڕێککەوتنەکە بێت و کێشە بۆ جێبەجێ کردنی دروست نەکات.

دوای ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەسەر ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق دووجار بە فەرمی بە تورکیای ڕاگەیاندووە دەست بە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکەنەوە، بەڵام تا ئێستە ھیچ وەڵامێکیان نەداونەتەوە و بێ دەنگن، حکوومەتی عێراقیش زیانێکی زۆری بەرکەوتووە بەھۆی ڕاگرتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان؛ بۆیە دەیەوێت بە ھەر ڕێگەیەک بێت دەست بە ھەناردەکردنەوەی بکرێتەوە. بە گوتەی پسپۆرانی بواری وزە، نەبوونی یاسای نەوت و گاز لە عێراق سەرچاوەی ئەو کێشانەیە کە لە دۆسییەی نەوتدا دروست دەبێت، چونکە ئەگەر یاسا ھەبووایە بە ئاسانی کێشەکە چارە دەبوو.
لەدۆسییەی نەوت و گازدا، بەغدا داوای پابەندبوون بە دەستوور دەکات، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەمان بابەت نەک ئەمساڵ، چەندین ساڵە داوای ئەوە دەکات. جیاوازییەکە ئەوەیە، بەغدا تەنھا لە دۆسییەی نەوت داوای جێبەجێکردنی دەستوور دەکات، لەکاتێکدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دۆسییەی نەوت، ماددەی ١٤٠، پێشمەرگە و بودجە داوای پابەندبوون بە دەستوور دەکات.
ڕۆژی سێشەممە، ٥-٤-٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێک ئیمزا کرا کە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە، ھەردوولا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەشدا ڕێککەوتنەکەیان بە گرنگ وەسف کرد کە دەبێتە سەرەتایەک بۆ ڕێککەوتنی زیاتر.
ھەرێمی کوردستان، ڕێککەوتننامەکە بە دانپێدانانی بە ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەزانێت، کە ماوەیەکی زۆر بوو لەلایەن عێراقەوە نکۆڵی لێ دەکرا، ھەروەھا بۆ یەکەمجارە بەپێی نێوەڕۆکی ڕێککەوتننامەکە کوردێک دەبێتە جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق ناسراو بە”سۆمۆ” و ئاگاداری سەرجەم گرێبەست و داھاتەکانی نەوتی عێراق دەبێت.
د سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: لوولەی کەرکووک – بانیاس کە بەناو خاکی سووریادا دەڕوات لەکار کەوتووە، بۆیە کاتێکی زۆری دەوێت تا لوولەکە چاک دەکرێتەوە، ئەمە چارەی بە پەلە ناکات، بۆیە پێویستە بیر لە ڕێگەچارەیەکی دیکە بکرێتەوە، بۆ ئەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکرێتەوە.
سیپان عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، ئەنجامی باشی بۆ ھەردوولا دەبێت. ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە، بڕی چوارسەد ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ھەناردە دەکات. ئەمە ڕێککەوتنە نەک ڕادەستکردن.
لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی سیاسیی نێوان ھەردوولا، حکوومەتی فیدراڵی تەنھا چاودێری پرۆسەکە دەکات نەک هەموو پرۆسەکە لەژێر دەستیدا بێت و بەڕێوەی ببات، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٤٠٠.٠٠٠ بەرمیل دەفرۆشێت و داھاتەکەی دەچێتە ناو ھەژمارێکی بانکی، کە ڕاستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دەبێت، حکوومەتی عێراق ناتوانێت ئەو داھاتە بەکار بێنێت و دەسەڵاتی خەرجکردنیان نییە، بۆیە ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەناو بودجە جێگیر کراوە، تەنھا ماوە تورکیا دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکاتەوە، بۆیە ئەو بابەتە زیاتر بابەتێکی عێراقییە، نەک ھەرێمی، چونکە بەپێی بودجەی ٢٠٢٣ ئەو چوارسەد هەزار بەرمیلەی ھەرێمی کوردستان دەفرۆشێت، بەشێکە لە داھاتی عێراقی فیدراڵ، ئەگەر بێت و حکوومەتی ناوەند پەلە نەکات لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم، داھاتی عێراق کەم دەبێت، بۆیە عێراق پەلە دەکات و ئەو بابەتە چارە دەبێت و لە بودجەدا وەکو ڕێککەوتن جێگیر کراوە.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، ڕایگەیاند: بڕیارە گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەموار بکرێنەوە، مەبەست لە ھەموارکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستانیش بۆ ئەوەیە، نەوت بە نرخێکی باشتر بفرۆشن و لە داھاتوودا کە یاسای نەوت و گاز دەردەچێت، ئەوکات دەسەڵاتەکانی ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و عێراق بەپێی دەستوور لە یاساکەدا دیاری دەکرێن.
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، گوتیشی: ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت بووە، کە ھەموو لایەنەکان تێیدا بەشدارن، بۆیە ڕێککەوتنەکە جگە لەوەی لە نێوان ھەردوو حکوومەت کراوە، پاڵپشتییەکی سیاسیشی ھەیە، نەک تەنھا ڕێککەوتنێک بێت لە نێوان دوو حکوومەتدا.
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، دەشڵێ: پێشتر زۆرجار ھەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکرا کە نەوت دەفرۆشێت و زیان بە ھەموو خەڵکی عێراق دەگەیەنێت، بەڵام ئێستە دەرکەوت کە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی ھەرێم چەند زیانی بە خەڵکی عێراق گەیاندووە، بۆیە حکوومەتی عێراق زیاتر ھەوڵی داوە لەگەڵ ھەرێم بگەنە ڕێککەوتن، چونکە فرۆشتنی ٤٠٠٠٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا کراوەتە بنەمایەکی سەرەکی، پێویستە حکوومەتی عێراق ڕۆژانە سێ ملیۆن و پێنجسەد ھەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت، کە چوارسەد هەزار ھەزار بەرمیل لە نەوتی ھەرێمی کوردستان دەبێت، بەڵام دوای ڕاگرتنی، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دۆخی عێراق ھەبووە، چونکە شەست و چوار ترلیۆن دینار لە بودجە کورتھێنان ھەیە و ئەگەر ڕاگرتنی نەوت بەردەوام بێت، ئەو ڕێژەیە زیاتریش دەبێت، بۆیە ئەوان ناچارن پابەندی ڕێککەوتنەکە بن و کێشە بۆ جێبەجێ کردنی دروست نەبێت.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئاشکراشی کرد: ڕێکاری دەستپێکردنەوەی ناردنی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە ئەوەیە، کە کۆمپانیای سۆمۆ نامەیەک بۆ کۆمپانیای ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم دەنرێت و پرۆسەکە دەست پێدەکاتەوە، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە ھەناردەکردن دەکرێتەوە، چونکە حکوومەتی عێراق جددییە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.