پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پاراستنی خێزان

لاڤــــــــــه‌

پێکەوەبوون و یەک پارچەی خێزان جوانترین بەشی ژیانی هەر مرۆڤێکە چەند ئەو پەیوەندیە پتەو بێت ژیانی تاکەکانی خێزان باشتر و گەشاوەتر ئەبێت، بەڵام بەداخەوە دەتوانین بڵێین لە ئێستادا چەند هۆکارێک هەن کە هێواش هێواش خەریکن یەکپارچەی خێزان تێک دەدەن ئەوانیش مۆبایل-تەلەڤیزیۆن-کارکردن.
ڕەنگە ئەگەر دانیشن و باس لە سوود و باشیەکانی تەکنەلۆژیا بکەین کۆتای نەیەت، چونکە بە ئەندازەیەک ژیانی مرۆڤەکانی ئاسانکردووە کە لەباسکردن نایەت،لە چەند چرکەیەکدا ئەوەی دەتەوێت دەینوسیت و هەر لە هەمانکاتدا وەڵامی بەرامبەرەکەت وەردەگریت، هەر زانیاریەکت پێویست بوو تەنها کلیکێک بەسە بۆ بەدەستهێنانی، هەر ئەمەش وایکردووە کە ئێمە لەبیری بکەین و بێ ئاگابین لەوەی بەبێ ویستی خۆمان بوینەتە دیلی دەستی ئەو ئامێرە بچوکەی کە پێی دەوترێت مۆبایل، ئەوەمان لەبیرکردووە کە تا چەند بچینە ناو ئەو کەشە ئەوەندە لە خێزانەکانمان دوور دەکەوینەوە بە داخەوە.
تیڤیەکانیش بە بۆنەی بەرنامەو دراما خەیاڵیەکانی ناوی بە جۆرێک کاریگەری لەسەر تاکەکان دروست کردووە کە هەندێک لەوان باوەڕی بەو ژیانە ئەفسوناویەی ناوی کردووە بێ ئاگا لەوەی کە دنیایەک زیانی بە ژیانی گەیاندووە.
ئەمە جیا لەوەی کە بەداخەوە بەشی زۆری دایک و باوکان بابەتی سەرەکی گفتوگۆی ناو ماڵ و خێزانەکانیان بووەتە باسکردن لە کارەکانی ڕۆژانەیان و ئەو بابەتانەی کە پەیوەندی بە وەزیفەکەیانەوە هەیە و بە هەموو جۆرێک دورکەوتونەتەوە لەو شتانەی کە گرنگە بۆ پتەو بونی پیەوەندی خێزانیان و پەروەردەی دروستی منداڵەکان.
ئەمانە هەموو هۆکارن بۆ لێک ترازان و دورکەوتنەوەی ئەندامانی خێزان و نەبوونی وابەستەی لە نێوان ئەندامانی خێزان کە وردە وردە ئەمەش جوانیەکانی کۆمەڵگە لەناودەبات و بەرەبەرە ئامارەکانی توندوتیژی و جیابوونەوە ڕوو لەزیادبوون دەبێت.
بۆیە پێویستە هەمووان لە هەوڵی پاراستنی کلتور و خێزانەکانمان بین و هەوڵەکانمان بۆ بەدەست هێنانی بەختەوەری خێزانەکانمان بێت،نەک لەخەست دانی پەیوەندی پتەوی خێزانەکان لە پێناو شتانێکی کاتی.