پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وابەستەیی نیشتمانی و پەروەردە

د. ڤیان سلێمان

نیشتمان ئەو ڕووبەرە جوگرافییەی تێیدا لە دایک بووین و هاونیشتمانی بوون لە ئەوەوە وەردەگرین و لەوەوە هەست بە بوونی خود و شکۆمەندی دەکەین. نیشتمان ئەو ئامێزە پڕ سۆزەی کە لە سایەیدا هەست بە کەسایەتی، خاوەندارێتی، دڵنیایی و ئارامی بۆ ئێستا و داهاتووی خود دەکەین و پەیوەستییەکی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و فیزیکی و مەعنەوی پێیەوە گرێمان دەدات. خۆشمان دەوێت و ئەو خۆشەویستییە بە ڕادەیەکە کە ئەگەر ئێمە لەوێشدا نەژین، ئەو لە ئێمەدا دەژی و لە ڕۆحی ئێمە دایە، ئەو خۆشەویستییە بە شێوەیەکە مرۆڤ ئامادەیە لە پێناویدا ژیانی خۆی ببەخشێت، خۆڕسکە و هەموو مرۆڤێک ئەو هەستەی بۆ نیشتمانەکەی هەیە. ئەم هەستە لە باوەرێکی قووڵی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت کە مرۆڤ لە خاکەوەیە. مرۆڤ نەک تەنها بوون و مانەوەی خۆی لە بوون و مانەوەی خاکەکەی وەردەگرێت بەڵکۆ کەسایەتی و شکۆ و کەرامەتیشی بەندە بە خاکەکەیەوە. بۆیە خۆشەویستی خاک واتە خۆشەویستی خود و هاوتاکانی خود. پاراستنی خاک واتە پاراستنی خود. بەم شێوەیە پاراستنی خاک و خود هاوتا و ئاوێتەی یەکتر دەبنەوە و دەبنە بەهایەکی کومەڵایەتی کە چەمکی شەرەف گوزارەی لێ دەکات. بە درێژایی مێژوو ئەم تێڕوانینە دەبێتە چەمکێکی هاوبەش لە تێگەیشتنی تەواوی مرۆڤەکان و لەگەڵ پێشکەوتنی ژیان و دروستبوونی شارستانییەت و سیستەمە حوکمرانییەکان لە کۆمەڵە دەربڕینی تری وەک نیشتیمان، وڵات، نەتەوە و..تد. ماناکەی قووڵتر و بەرژەوەندی هاوبەش موکمتری دەکات تا ئەو ڕادەیەی کە ئاوێتەی یەکتر دەبن کە لەیەک جیاکردنەوەیان مومکین نییە؛ بەم شێوەیە دەبێتە باوەڕ و هەست و نەستێکی جێگیر و خۆڕسک لە کیانی هەر تاکێکدا بۆ ئەو خاکەی کە بە سەرچاوەکەی خۆی دەزانێت و بە میراتی باب و باپیرانی؛ بۆیە بەرگیری لێکردن وپاراستن و ئاوەدانکردنەوەی نیشتیمان دەبێتە ئەرکی تاک بە تاکی نەتەوە و گەلانی ئەو نیشتمانە، هاوکات خۆشەیستی نیشتیمان کە خۆی لە بەهاکانی بەرگیری، پاراستن و ئاوەدانکردنەوەی بەهەموو واتاکانییە دەنوێنێت دەبنە بەها هەرەبەرزەکانی ناو کۆمەڵگە وەک پێوەری پاک و دروستی پەروەردە وسیمای ڕەسەنایەتی تاک و گەیشتنی کردارەکی هەر تاکێک بەو بەهایانە، پێگەیەکی بەرزی کۆمەڵایەتی پێ دەبەخشێت و پێچەوانەکەشی دەبێتە ناپاکی و لاوازی و نەمانی کەسایەتی تاکەکە.
بێگومان هەستی خۆشەویستی بۆ نیشتمان هەر چەندە هەستێکی خۆڕسکە؛ بەڵام لە هەمانکات پەیوەستە بە پەروەردە و هۆشیارییەوە بەرامبەر نیشتمان، ئێمە چەند هەستی خۆشەویستیمان بۆ نیشتمان هەیە، پێویستە ئەو هەستە بگوازرێتەوە بەرەو هۆشیاری و ئەو هۆشیارییە ئینتیما بۆ ئێمە دروست بکات و پابەندمان بکات، بۆ بەگەڕخستنی تەواوی تواناکانمان لە خزمەت نیشتمانەکەمان.
نیشتمانی ئێمە کوردستانە و کوردستان ئەو سەرزەمینەیە کە بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی داگیرکاری و هەوڵی لەناوبردن بووەتەوە، هەردەم مەیدانی ململانێی وڵاتان و نەتەوەکانی دیکە بووە و ئەوان چاویان بڕیوەتە خاکەکەی، لە بەرامبەردا کوردستانیان بەردەوام بەرگرییان کردووە و داکۆکییان لە مانەوەی ئەم نیشتمانە بۆ خاوەنەکەی و پاراستنی دیمۆگرافیاکەی کردووە. نەوەکانی ئەم خاکە یەک لەدوای یەک ئەرکی سەرشانیان جێبەجێ کردووە، ئەمە سەرەڕای دەستتێوەردانی دەرەکی و ناهوشیاری بەشێک لە نەتەوەکەمان، هەروەها ناپاکی و بێباکی بەشێک لە هاونیشتمانییانمان کە لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکست پێهێنانی شۆڕش و بزاڤە جۆراوجۆرەکان بوون لە مێژووی نەتەوەی کورددا.
کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ شکۆمەندی و داستانی نەبەردی و گیانفیدایی ڕۆڵەکانیەتی، بەڵام لێرە و لەوێ هەوڵ دەدرێت بۆ لەناوبردنی ئەو کیانەی کە بەرهەمی مێژوومانە و کەس و لایەنی ناوخۆییش بەردەوام لە هەوڵی سەرخستنی ئەم هەوڵەن. قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا بەرهەمی چەندین شۆڕش و بەرخودان و پرۆسەی کۆمەڵکوژی و ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگوازتن و دەربەدەرکردنە و چەندین نەوەی یەک لە دوای یەک قوربانییان بۆ داوە و ژیان و تەمەنی خۆیان پێ بەخشیوە؛ لە ئێستادا نوێنەرایەتی فەرمی و یاسایی کوردستان و جێی ئاوات و خەونی هەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە.
بە سەرنجدانێک لەم بارودۆخەی لە ئێستادا دەگوزەرێت، دەگەینە ئەو بڕوایەی کە چارەسەری سەرەکی لەسەر ئاستی تاک لە نێو خێزان و کەناڵەکانی دیکەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی گرنگیدان بە لایەنی هەستی نیشتیمانپەروەری و بەها نیشتمانییەکان لە پەروەردە و پرۆسەی پەروەردەی تاکە. ئەمەش لە سۆنگەی گرنگی پەروەردە بۆ کۆمەڵگە و بۆ هەر وڵاتێک کە بیەوێت گۆڕانکاری بکات و تاکەکانی خاوەن دیدێکی مرۆڤدۆستانەی یەکسانیخواز و ئینتیمایەکی بەهێزی نیشتمانی بن.
ئێمە لە هەر وڵاتێک زیاتر پێویستیمان بە پەروەردەیەکی نیشتمانی ئامانجدارە، بۆ پێگەیاندنی تاکێکی دڵسۆز بۆ نیشتمانەکەی کە هۆشیارییەکەی لە ئاستێکدا بێت، هەموو ئەو هەوڵە ناکامانە کار نەکەنە سەر ئاستی ئینتیما و پابەندی بۆ کوردستان. پێویستە هەموومان ئینتیمامان بۆ نیشتیمان هەبێت و کێشەکانی بە کێشەی خۆمان بزانین و هۆکاری مانەوەی خۆمان کە لێرەدا زیاتر مەبەستم بوونی مەعنەوییە بە فاکتەری مانەوەی خۆمان بزانین، ئەوەش بزانین کە نیشتمانپەروەری لە هەموو کردار و ڕەفتاری ئێمەدا ڕەنگ دەداتەوە، لە دڵسۆزیمان بۆ کار، لە ژینگەپارێزی، لە ڕێزگرتن لە بەها مرۆڤایەتی و نیشتمانییەکان، لە پابەندی بە یاساکان.
لەم چوارچێوەیەدا خێزان ڕۆڵی سەرەکی لە پەروەردەکردن بە هەستی نیشتمانی و چاندنی بەها نیشتمانییەکان و پابەندبوون بە یاساکان و شانازیکردن بە هێما نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، دەبینێت. ئافرەتان بەگشتی و دایکان بەتایبەتی لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی یەکەم و سەرەکی دەگێڕن، ئەویش لە ڕێگای پەروەردەی خۆیان و پەروەردەی منداڵەوە، هەروەها وێڕای دایکایەتی و چوارچێوەی خێزان، ئافرەتان لە ناوەندە پەروەردەیییەکانی دیکەش ڕۆڵی کاریگەر دەگێڕن و داینەمۆی پرۆسەی پەروەردەن، دایک مامۆستای یەکەمی مرۆڤە و دایکێکی هۆشیاریش بناغەی خێزانێکی هۆشیار و پابەندە بە بەها مرۆڤایەتی و نیشتمانییەکان.
بەهێزکردنی ئینتیما بۆ نیشتمان بە تەنیا ئەرکی دایک نییە و بە تەنیا ئەرکی خێزانیش نییە، ئەرکی پەروەردە لە ئەستۆی دایک و باوکدایە بە هاوبەشی، هەر وەک ناوەندە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەش لە شێوەی ژینگەی کۆمەڵایەتی، قوتابخانە، دەزگا ئایینییەکان، پارتە سیاسییەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بەرپرسن لە ڕاهێنان و دروستکردنی چوارچێوەی هزری بۆ تاک. هەموو ئەو دەزگا و دامەزراوانە هاوبەشن لە بەرپرسیاریەتی پێگەیاندنی نەوەکان، بەڵام دەتوانم بڵێم دایک ڕۆڵی سەرەکی هەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەی منداڵ سەرەتاییترین پەیوەندییەکانی لەگەڵ دایک دایە، تەنانەت هەر لە کاتی دووگیانییەوە ئەو پەیوەندییە دروست دەبێت. ئەوەش زۆر لە زانایان و دەروونناسان جەختیان لێ کردووەتەوە .هەروەها دەتوانین بڵێین: دایک یەکەم نیشتمانی هەموو منداڵێکە و هەر منداڵێک بوونی خۆی لە بوونی دایکیدا هەست پێ دەکات و لە باوەشی دایکی هەست بە دڵنیایی و ئارامی دەکات. منداڵ لە خۆشەویستی نیشتمانی دایک و پیرۆزی دایک فێری خۆشەویستی نیشتیمانی دووەم کە وڵاتە دەبێت.
بەو هیوایەم دایکانی کوردستان هەموومان منداڵەکانمان بە هەستی بەرزی نیشتمانی و خۆشەویستی بۆ کوردستان پەروەردە بکەین و فێریان بکەین کە ڕێز لە مێژوو و سەروەرییەکان و بەها نەتەوەیییەکان و پیرۆزییەکانی ئەم نیشتمانە بگرن و گیانی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر نیشتمان لە دەروونیان بچێنین.