چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ژمارەی لیواکانی هێزی پێشمەرگە گەیشتە 24 لیوای هاوبەش

سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و ئێستا ژمارەی لیوا هاوبەشەکان بوونەتە 24 لیوای هاوبەش و گۆڕانکاری و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت کە لە داهاتوودا گۆڕانکاری لە ناوی میحوەرەکانیش دەکرێت.

سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، ڕیڤینگ هروری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”دروستکردن و ڕاگەیاندنی دوو فیرقە لە هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و یەکێکە لە هەنگاوەکانی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە، بۆیە ئەوە هەنگاوێکی گرنگ و پێویستە کە پێشتر تەنها لیوا هەبوون و ئێستا هەنگاوی دروستکردنی فیرقە دەستی پێ کردووە و زۆر گرنگە بۆ هەیکەلیەتی هێزی پێشمەرگە.”

ریڤینگ هروری گوتیشی: ”پێشتر وەزارەتی پێشمەرگە 20 لیوای هەبوو بە دروستکردنی ئەو دوو فیرقەیە ئێستا ژمارەی لیواکان بووەتە 24 لیوای هاوبەش، بۆیە هەنگاوی زۆر گرنگە بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، چونکە لەو دوو فیرقەیە چوار لیوای دیکەی هاوبەش لە هەردوو یەکەی 70و80دروست کراون.”

هروری ڕوونیشی کردەوە: بێ گومان بەرپرسی میحوەر نامینن و سیستەمی هێزی پێشمەرگە لەسەر بنەمای لەشکری دروست دەکرێت و گۆڕانکاری دەکرێت، ئەوەش بە هەنگاو دەبێت، بۆیە چاکسازی بەردەوامە و کاری لەسەر دەکرێت و ئەوە جێگەی دڵخۆشی ئێمەیە.”