بە سێ قۆناخ و لەماوەی ٥ مانگدا، ڕێگا بازرگانییەکەی نێوان پارێزگای هەولێر و قەزای خەبات نۆژەندەکرێتەوە، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بەمزووانە دەست بە کارەکان دەکرێت.
یەکشەممە ١٦ـی نیسانی ٢٠٢٣، بەردی بناخەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ڕێگای هەولێر – خەبات دانرا و بەپێی زانیارییەکان، تێچووەکەی سێ ملیار و ٨٤٢ ملیۆن دینارە.
دووریی نێوان پارێزگای هەولێر و قەزای خەبات، ٣٥ کیلۆمەترە و ئەو ڕێگایە بەهۆی هاتووچۆی بەردەوامی بارهەڵگرەکان، بووەتە ڕێگایەکی بازرگانی و هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و مووسڵ بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
بەپێی گوتەی پارێزگاری هەولێر، کارەکانی پڕۆژەکە لەماوەی ٥ مانگدا تەواو دەکرێن و لەمزووانەش دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ باشترکردنی دۆخی ڕێگاوبان و ئاسانکاریکردن بۆ شۆفێران، بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی ڕێگەوبان و ئەو هەوڵانەشی تەنیا بۆ شەقامەکانی ناوەوەی شارەکان نییە، بەڵکو ڕێگاکانی دەرەوەی شارەکانیش دەگرێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٦ـی نیسانی ٢٠٢٣