سلێمان تاشان – ههولێر
لەم ڕۆژانە یادی ٣٥ ساڵەی تاوانی ئەنفال دەکرێتەوە کە بەشێوەیەکی پلانداڕێژراو لە لایەن رژێمی بەعسی ڕووخاو، هەوڵ درا گەلی کورد بە تەواوی جینۆساید بکرێ. لانی کەم لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعسەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەو چاوەڕوانییە لە حکوومەتی فیدراڵی هەبووە بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ و قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان و جینۆساید و کیمیاباران بکاتەوە، بەڵام خۆی لێ گێل کردووە و لەم ڕووەوە پێشێلی دەستووریشی کردووە، وەک ئەوەی خۆشیان لەگەڵ تاوانەکە بن.
کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و دام و دەزگاکانی تریش بەڵێنیان داوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان هەنگاو بنێن، بەڵام هیچ کام لەو بەڵێنانەیان جێبەجێ نەکردووە. لە ڕابردوودا لێژنە جیاواز و پەیوەندیدارەکانی پەرلەمانی عێراقیش چەندین جار بەڵێنیان داوە کاری جددی لەسەر قەرەبووی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال لە ڕووی مادی و مەعنەوییەوە بکەن و ئەوانیش جگە لە قسە و گەرمکردنی مێدیا، هیچ دەستکەوتێکیان نەبووە.
وەک ئاشکرایە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوان ئەوە بووە، ئەو کەسانە سزا بدرێن کە دەستیان لە ئەنفالدا هەبووە و بە ئەرکی حکوومەتی عێراقی دەزانن قەرەبووی ئەو تاوانە گەورەیە بکاتەوە و دۆسیەکەش لە دادگا نێودەوڵەتییەکان بجووڵێنێت. حکوومەتی عێراق کە میراتگری ڕژێمەکەی پێشووە، دەبێت بەرپرسیارێتیی قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان بگرێتە ئەستۆ و پەرە بە دۆسیەی ئەنفالیش لە دادگا نێودەوڵەتییەکان بدات؛ بەڵام خەمی لێ نەخواردووە و تەنانەت کارئاسانیی بۆ گەڕاندنەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوان نەکردووە کە لە بیابانەکانی باشوور ژێر خاک نراون.
وەک ئاشکرایە لە کۆتایی دەیەی هەشتای سەدەی پێشوو، رژێمی بەعس بە بەرنامە دەستی بە کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی گەلی کورد کرد و بە هەشت قۆناغ ئەو تاوانە گەورەی جێبەجێ کرد. لە ئاکامی ئەو تاوانە دژە مرۆییە پتر لە ١٨٢٠٠٠ کەس ئەنفال و بە هەزاران گوندیش وێران کران. تاوانێک، کە دوای ئەو ماوە درێژە نە بکەرانی بە تەواوی سزا دراون نە قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان کراوەتەوە.
پیلانەکەی رژێمی بەعس بۆ لەناوبردنی گەلی کورد لە دەیەی هەشتای سەدەی ڕابردوو بە وێرانکردنی گوندەکان و دروستکردنی کۆمەڵێک کۆمەڵگەی زۆرەملی دەستی پێکرد کە دواتر زۆر دڕندانە خەڵکی هەرێمی کوردستانی بۆ بیابانەکانی باشوور و ڕۆژئاوای عێراق ڕاگواست و زیندەبەگۆڕی کردن. دەگوترێ بەهۆی ئەو سیاسەتەوە نزیکەی ٢٠٠٠٠٠ کەس لە هەرێمی کوردستان ئەنفال کراون جگە لە وێرانکردنی هەزاران گوند.
لە کوردستان کەم ناوچە هەیە بەر شاڵاوی ئەنفال نەکەوتبێت. شاڵاوی ئەنفال لە دۆڵی جافایەتی لە 23ی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ دەستی پێکرد و تاکوو 19ی ئاداری هەمان ساڵی خایاند. ئەم شاڵاوە بە هێرشکردن بۆ سەر گوندەکانی سەرگەڵوو و بەرگەڵووی دۆڵی جافایەتی دەستی پێکرد، لە چەند قۆڵێکەوە بە درێژایی 30 کم لە بنگردەوە بۆ لای ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی دووکان و شارۆچکەی دووکان، لەوێشەوە بۆ شاری سلێمانی و شارۆچکەکانی ماوەت و چوارتای گرتەوە. ئامانجی ئەم هێڕشە لەناوبردن و وێرانکردنی ٣٠ گوندی دۆڵی جافایەتی و داگیرکردنی بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە بوو لەم ناوچەیە .
ئەم هێڕشە بەربڵاوە سنووری شارۆچکەکانی سوورداش، دووکان، سەرچنار، قەڵاچۆلان و چوارتای گرتەوە کە بە سەرپەرشتی سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری ئەو دەمەی عێراق بوو.
لە 22ی ئادار تاکوو یەکی نیسانی 1988 قۆناغێکی تری ئەنفال ناوچەی قەرەداغی گرتەوە لە تەکیە، سێوسێنان، سەگرمە دەربندی باسەڕە، قۆپی قەڕاغ و چەند شوێنی تر. سەرەتای هێڕشەکە بە کیمیابارانکردنی چەند شوێنێکی ستراتیجیی لە ناوچەکە بوو کە خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوو و ژمارەیەکی زۆر گیران کە دواتر شوێنبزر کران و ژمارەیەکی زۆریش بوونە قوربانی.
لە ئەنفالی قەرەداغ ئەو هاوڵاتییە کوردانەی گیران یان خۆیان دا بەدەستەوە، بۆ سەربازگەی قۆرەتوو گواسترانەوە، کە نزیکەی هەشت هەزار کەس بوون لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج، پاشان گواسترانەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە لە نزیک کەرکووک. ئینجا لەوێ گەنجەکان لەوانی تر جیاکرانەوە بەرەو شوێنی نادیار ڕەوانە کران، خەڵکەکەی تر لە ژن و منداڵ و کچی گەنج خرانە زیندانەوە بەڵام پیرەژن و پیرەمێردەکان بۆ نوگرەسەلمان لە بیابانی سەماوە گواسترانەوە، لەوێ ژمارەیەکی یەکجار زۆریان لە برسان و تێنوویەتی و نەخۆشیی، مردن و تەرمەکانیان فڕێ دەدرانە دەرەوی زیندانەکە .
لە 7 تا 20ی نیسانی 1988 گەورەترین شاڵاوی ئەنفالی کرا، کە ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، گەورەترین و خوێناویترین هێرش و پەلامار بوو لە ساڵی ١٩٨٨ بۆ سەر کوردستان، کە ناوچەکانی دوز، قادرکەرەم، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، تێلەکۆ، پێباز، سەنگاو، تەکیە و بەشێک لە ناوچەی ئاغجەلەری گرتەوە.
لە ١٤ی نیسانی 1988 دا چوار شارۆچکە لە یەک کاتدا خاپوور کران، نزیکەی ٢٠٠٠٠ ژن ومنداڵ و پیاو بۆ سەربازگەی قۆرەتوو ڕەوانە کران، بۆیە ئەم ڕۆژە لە هەموو ساڵێک کراوەتە ڕۆژی یادکردنەوەی تاوانە گەورەکەی ئەنفال لە کوردستان.
لە هەشتی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ هێڵی سنووری هەر دوو پارێزگای کەرکوک و هەولێر ڕووبەڕووی شاڵاوێکی تری ئەنفال بوویەوە. شارۆچکەکانی ڕێدار، ئاغجەلەر، تەقتەق و چەند گوندێکی گەورەی وەک عەسکەر و گۆپتەپە ئەنفال کران.
سەرەتای ئەنفالی چوار بە کیمیابارانی گوندی گۆپتەپە لە ڕۆژی سێی ئایاری 1988 دەستی پێ کرد بەهۆی فڕۆکە جەنگییەکان بۆمبی کیمیایی بەسەر خەڵکەکەی باراند کە قوربانیانی ئەم گوندە نزیکەی 300 کەس دەخەمڵێنرێن، هاوکات گوندی عەسکەری کیمیاباران کرد . بۆ ڕێگرتن لە دەربازبوونی دانیشتووانی گوندەکانی گۆپتەپە و عەسکەر و حەیدەر بەگ، ڕژێم ئاوی بەنداوی دووکانی بەردایەوە تاوەکو خەڵکی نەتوانن لە زێیەکە بپەڕنەوە و ڕزگار ببن.
دۆڵی چیاکانی شەقڵاوە و ڕەواندوز لە ١٥ی ئایار تا 2٦ی ئابی 1988 ئەنفال کرا. گوندەکانی وەرە، نازەنین، کاموسک، سپیندارە، عەلیاوە، سماقوڵی کیمیاباران کرا . توندترین هێرشی سوپای عێراق بۆ ناوچەی دۆڵی بالیسان بوو، گەورەترین زیان لەم ناوچەیە بەر گوندی بلەی خواروو کەوت، خەڵکەکەی شوێنبزر کران.
لە ٢٦ی تەمووزی هەمان ساڵ ناوچەکانی دۆڵی بالیسان و دۆڵێ مەلەکان و دۆڵی وەرتێ و دۆڵی هیران و سماقوڵی بە چەکی کیمیایی هێرشیان کرایە سەر، ٥٢ گوند لە ناوچەکانی خەلیفان و ڕەواندوز و خۆشناوەتی وێران کران.
لە ٢٥ی ئاب تا شەشی ئەیلوولی ١٩٨٨ ئەنفالی بادینان ئەنجام درا. ئەم شاڵاوە بە درێژایی ناوچەکانی زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاکرێ بەردەوام بوو. ناوچەکانی بە بۆمبی هێشوویی و کیمیایی هێرشیان کرایە سەر.
تاوەکو ئێستا ٢٥٠٠ ڕووفاتی ئەنفالکراوان و جینۆسایدکراوان گەڕێنراوەتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی هەندێك هۆکاری سیاسی و ئەمنی و ئیداری نەتوانراوە بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی شوێنی تر بکرێت کە گومانی ئەوەی لێ دەکرێت قوربانیانی ئەنفالی تێدا شاردرابێتەوە.