دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

دوو چــیرۆکـــــی جێی گومان

حەمەسەعید حەسەن

ئەوە شیاوی ستایشە کە ڕۆشنبیرێکی وەک ئیبراهیم ئەحمەد (١٩١٤ – ٢٠٠٠) هێندە بێفیز بووە، ناسناوی (بلە)ی بۆ خۆی هەڵبژاردووە، ئاخر زۆری وا شک دەبەین، بەبەراورد لەگەڵ ئەودا، بێسەواد بوون و پاشناوی گەورە گەورەیان دوای خۆیان خستووە. شانازییەکی دیکەی گەورە کە پێم وایە لە ئەدەبی کوردیدا، تەنیا بە ئیبراهیم ئەحمەد دەبڕێت، ئەوەیە: لە ساڵی ١٩٣٣دا، کە تەمەنی تەنیا نۆزدە ساڵ بووە، شیعری (یادگار و هیوا)ی نووسیوە کە یەکێکە لە شیعرە جوانەکانی ئەدەبی کوردی.
بێ دابنیشین، جەبن داری بەی
نەختێ بنۆشین، جە خۆشاوی مەی
ئینجا بزانە، کامیان جوانن
بەی ڕەنگی گەردن، مەی ڕەنگی گۆنەی(١)
لە کوردەواریدا، دەشێت جوانترین وەسف بۆ گەردنی جوانی ژن، گەردنزەرد بێت، ئەوە بۆیە ئیبراهیم ئەحمەد، گەردنی یاری بە بەی چوواندوو کە زەردە. کە دوو نیوەدێڕی یەکەمی چوارینەکە دەخوێنینەوە، دەشێت خەیاڵمان بۆ ئەوە بچێت، ئەو بەی و مەیە، لەبەر ڕاگرتنی پاشبەند جێیان کرابێتەوە، وەلێ هەر زوو لە نیوەی دووەمی چوارینەکەدا، هەست دەکەین ئەو خەیاڵەمان (بڵقی سەر ئاو) بووە،(٢) ئاخر شاعیر بۆیە داوا دەکات، لەسایەی داری بەهێدا شەراب بنۆشین، چونکە گەردنی زەردی یار لە (بەی) و گۆنای ئاڵیشی لە (مەی) دەچێت. ئەوەیش دەستپێشخەرییەکی دیکەیە، کە لەبری (کە،) (جە)ی بەکار هێناوە، ئاخر ئەو سەروەختە، ئەوە دەگمەن بووە، شاعیرێکی دەڤەری سلێمانی، سوود لە شێوەزارێکی غەیری سۆرانی وەربگرێت.
*
(کوێرەوەری) کۆچیرۆکێکی ئیبراهیم ئەحمەدە، ئەپریلی ١٩٥٩ بڵاو کراوەتەوە، بریتییە لە پێنج چیرۆک: (کەرەلۆتیی مەنووچەر، خازێ، کوێروەری، تۆڵەسەندن و لە وڵاتی قارەمانانا) کە لەنێوان ساڵانی ١٩٤٣ و ١٩٤٥دا نووسراون و وەختی خۆی لە گۆڤاری (گەلاوێژ)دا بڵاو بوونەتەوە. لایەنی هاوبەشی نێوان سێ چیرۆکەکەی یەکەم، بریتییە لە ململانێی نێوان جووتیار و فیودال و بە زمانێک نووسراون کە گێڕەرەوە تێیاندا گەلێک جار پشتی بە قسەی نەستەق بەستووە. ناوەڕۆکی ئەو سێ چیرۆکە، هەر ئەو بابەتانەن کە ئەحمەد موختار جاف لە (مەسەلەی ویژدان)دا و جەمیل سائیب لە (لە خەوما)دا بایەخیان پێ داون، بەتایبەتی لە هەردوو بواری بەسەرکردنەوەی چەوساندنەوەی هەژاران و گەندەڵکاریدا. دەستتێوەردانی چیرۆکنووس بە کۆتاییی هەر سێ چیرۆکەکەوە بەزەقی دیارە، کاتێک چارەسەر بۆ هەلومەرجە دژوارەکان پێشنیاز دەکات.
لە (کەرەلۆتیی مەنووچەر)دا، چیرۆکنووس لە دوا پەرەگرفدا، ڕاستەوخۆ پێمان دەڵێت: “چونکە ئاو لە سەرچاوەوە لێڵە، کێشەکان بە خەباتی ڕێکۆپێکی هەرەوەز چارەسەر دەکرێن، نەک بە کۆششی تاکەکەس.” لە کۆتاییی چیرۆکی (خازێ)یشدا دەڵێت: “بەزەیی هیچ سوودێکی نییە، پێویستە بیر لە چارەسەر بکەینەوە.” لە دوا ڕستەکانی چیرۆکی (کوێرەوەری)یشدا دەبێژێت: “هەموو ئەم ئازارە، زادەی ناتەبایی و گەلۆریی خۆمانە.”
ئەوە جێگەی سەرنجە کە نزیکەی هیچی هاوبەش، لەنێوان سێ چیرۆکی یەکەم و دوو چیرۆکەکەی تردا: (تۆڵەسەندن و لە وڵاتی قارەمانانا) نییە و هەر لەوە دەچێت، سێ چیرۆکی یەکەم، بەرهەمی نووسەرێک بن و دوو چیرۆکەکەی تر، بەرهەمی چیرۆکنووسێکی تر. لە (تۆڵەسەندن)دا، باس باسی بەرەنگاربوونەوەی گەلی کۆرسیکایە،(٣) بە ڕووی داگیرکاری فەرەنساییدا کە هەر لە چیرۆکی (مەدمۆسێل فیفی)(٤)ی گەی دی موپاسان (١٨٥٠ – ١٨٩٣) دەچێت. موپاسان لەو چیرۆکە بەناوبانگەیدا، باسی فەرەنسای ساڵانی (١٨٧٠ – ١٨٧١) دەکات کە لەبن دەستی بروسیادا بوو. لەو چیرۆکەی موپاساندا، ڕاشیڵ کە ژنێکی سێکسفرۆشە، ئەفسەرێکی ئەڵمان دەکوژێت و هەڵدێت.
لە چیرۆکی (تۆڵەسەندن)یشدا نزیکەی بە هەمانن شێوە، کچێکی کۆرسیکایی، کاپتن مۆریسی فەرەنسایی دەکوژێت و دەرباز دەبێت. بێجگە لە زمانەکەی هیچ داوێک چیرۆکی تۆڵەسەندن، بە کوردستانەوە نابەستێتەوە، شێوازی نووسینەکەیشی هەر لە شیوازی نووسەرێکی پرۆفیشیۆناڵی ئەورووپایی دەچێت، لەو چیرۆکنووسانەی یەک وشە بە خەسار نادەن و یەک ڕستە درێژدادڕی بە چیرۆکیانەوە دیار نییە، بەپێچەوانەی بۆ نموونە چیرۆکی کوێروەرییەوە کە تێیدا ئیبراهیم ئەحمەد، بەک لاپەڕەی تەواو، باسی چۆنیەتیی فڕێدانی بەڵغەم دەکات.(٥)
چیرۆکی (لە وڵاتی قارەمانانا) لاپەڕەیەکە لە خەباتی یەکێتیی سۆڤیەتی دێرین، لە سەروەختی دووەمین جەنگی جیهانگرەوەدا، کە بەشێکی زۆری ئەو وڵاتە بەرینە، لەلایەن ئاڵمانیاوە داگیر کرابوو. ئەم چیرۆکەێش وەک چیرۆکی تۆڵەسەندن، بێجگە لە زمانە کوردییەکەی، هیچ مۆرکێکی کوردیی پێوە دیار نییە و هەر دەڵێیت چیرۆکنووسێکی بەتوانای ڕووس نووسیویەتی و ئیراهیم ئەحمەدیش بەوپەڕی دەستپاکییەوە کردوویە بە کوردی.
ژن بۆ نموونە لە چیرۆکی (خازێ)ی ئیبراهیم ئەحمەددا، یان کەسێکە لاواز، یان ئاغاژنێکە ئەوەی سۆز بێت، شکی نابات، بەڵام (ئۆلگا)ی کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکی لە وڵاتی قارەمانانا، کە مەدالیای (لینین)ی وەرگرتووە، دایکێکی هێندە بوێرە، دەڵێیت دایکەکەی ماکسیم گۆرکییە. ئۆلگا کە هەر سێ کوڕەکەی: ئیڤان و ئەندرێڤ و دیمترۆڤ، گیانی خۆیان لەپێناوی نیشتماندا دەبەخشن، خەمناکی ئەوەیە، ئیتر کوڕی دیکەی نەماوە، تا لە بەرەکانی جەنگدا، بەگژ داگیرکاراندا بچێتەوە. لە چیرۆکی (تۆڵەسەندن)یشدا، ئافرەت قارەمانی گۆڕەپانی داکۆکیکردنە لە نیشتمان. ئەم دوو تێڕوانینە جیاوازەیش بۆ ژن، بەڵگەیەکی دیکەیە، بۆ ئەوەی نووسەری خازێ، نە هەمان نووسەری (لە وڵاتی قارەمانانا)یە، نە هەمان نووسەری (تۆڵەسەندن.)
(خازێ) و (لە وڵاتی قارەمانانا)هەرچەندە گوایە هەردووکیا ن لە ساڵی ١٩٤٣دا نووسراون، کەچی هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوە نییە، هەمان چیرۆکنووس ئەو دوو چیرۆکەی نووسیبێت و لە بەرهەمی دوو قەڵەمی تەواو جیاواز دەچن. خازێ هەر بەو شێوازە نووسراوە کە چیرۆکنووسانی ئەو سەردەمەی کورد پێیان دەنووسی، شێوازێک دەستتێوەردانی نووسەر بەئاشکرا بە چیرۆکیانەوە دیاربوو، بۆ نموونە ئیبراهیم ئەحمەد بە خازێی قارەمانی چیرۆکەکەی دەڵێت: “لە سەرەنوێلکی نزمی بێشەرمیدا دەژی.”(٦) ئەمەیش نەک هەر دەستتێوەردان، تەنانەت دەتوانین بڵێین، ئەوپەڕی سووکسەرنجدانی ئەو کارەکتەرەیە. بەپێچەوانەی (خازێ)وە، چیرۆکی لە وڵاتی قارەمانانا، هێندە هونەرییانە نووسراوە، هیچ کەلێنێکی تێدا نییە و هەر دەڵێێت بەرهەمی ئەو نووسەرانەی ئەورووپایە کە جوانترین چیرۆکیان نووسیوە.
(کەرەلۆتیی مەنووچەر) و (تۆڵەسەندن)یش کە گوایە هەمان چیرۆکنووس لە هەمان ساڵدا (١٩٤٥) نووسیونی، جیاوازییان وەک جیاوازیی نێوان بەرهەمی دوو نووسەرە کە یەکەمیان هیچی وا لەبارەی چیرۆکنووسینەوە نەزانێت و دووەمیان لە بواری نووسینی چیرۆکدا ئوستاد بێت. پێویستە ئەوەیش بڵێم، ئیبراهیم ئەحمەد لە وەڵامی پرسیارێکی (عومەر مارف بەرزنجی)دا(٧) کە دەربارەی هەردوو چیرۆکی تۆڵەسەندن و لە وڵاتی قارەمانانا لێی دەکات، دەڵێت: “ئەو دوو چیرۆکە وەرگێڕان نین، بەرهەمی خۆمن.”
لە (کەرەلۆتیی مەنووچەر)دا، خوێنەر دەرک بە هەڵەی زمان و دەربڕین دەکات، وەک: “کاروانی ئەسپێت ئەدی، وەک شارەمێروولە ڕێچکەی بەستبوو.” ل١٤ ئەوەی ڕێچکە دەبەستێت، شارەمێروولە نییە، مێروولەیە. مێروولە لە شاری خۆیاندا ڕێچکە نابەستن، بە ناو یەکدا دێن و دەچن. لایەنێکی لاوازی دیکەی ئەو سێ چیرۆکەی کە هیچ گومان لەوەدا نییە، بەرهەمی خودی ئیبراهیم ئەحمەدن، زیاد لە پێویست ناشیرین پیشاندانی ئەو کارەکتەرانەیە ڕقی لێیانە، هەرچەندە نووسەر پێویستە تا بۆی دەکرێت، بێلایەنانە وێنەی
کارەکتەرەکانی بکێشێت. “پەیتا پەیتا چڵم و بەڵغەمی دەکردە سەرچاوەی کانییەکەوە.” کەرەلۆتیی مەنووچەر ل١٥ یان: “بەڵغەمەکەی وەک تابلۆ بە دیوارەکەدا هەڵواسی.” کوێرەوەری ل٦٨ ئەو جۆرە دەربڕینانە هیچ جوانییەکیان تێدا نییە و خوێنەر بێزی لێیان دەبێتەوە.
“دار و گۆشت ئاشنایییان نییە.” ل٢٨ و ل٥٢ نووسەر هەمان ئیدیۆمی لە (کەرەلۆتیی مەنووچەر) و لە (خازێ)یشدا بەکار هێناوە. قارەمانی کەرەلۆتیی مەنووچەر کەرێکی لێ زەوت دەکرێت و قارەمانی (کوێرەوەری)یش مانگاکەیەک. هەرچەند ورد ببینیەوە، هیچی وەهای هاوبەش، لە چیرۆکەکانی خۆی و ئەو دوو چیرۆکەی تردا نییە کە لە هی خۆی ناچن. ئەفسەرەکەی چیرۆکی کەرەلۆتیی مەنووچەر، “باریکەلەیەکی سەرقژنە.” ل٢٦ ئەفسەرەکەی چیرۆکی کوێرەوەری “کورتەبنەیەکە تەنیا دوو چڵ تووک هەموو قژی سەرە کەچەڵەکەی بوون.” ل٦٧ ئەو دوو وەسفە لە بەرهەمی هەمان نووسەر دەچن، شتێکی تری ئاوا هاوبەش، لەنێوان سێ چیرۆکی یەکەم و ئەو دوو چیرۆکەدا نییە کە من گومانم هەیە هی ئیبراهیم ئەحمەد بن.
*
(١) عومەر مارف بەرزنجی، برایم ئەحمەد لە کارە زانستی و ئەدەبییەکانی پرۆفیسۆر د. مارف خەزنەداردا، ل٥٩ چاپخانەی شڤان ٢٠٠٤ سلێمانی.
(٢) ئەمانە هەموو خەیاڵپڵاون
کۆشکی سەرلمن، بڵقی سەر ئاون
ئیبراهیم ئەحمەد
(٣) دوورگەیەکە لە زەریای سپیی ناوەڕاستدا و دەکەوێتە باشووری خۆرهەڵاتی فەرەنساوە.
(4) Maupassant Guy de، Froken Fifi och andra noveller 1960 Stockholm.
(٥) ئیبراهیم ئەحمەد، کوێرەوەری، چاپی دووەم، ل٦٧، ٦٨ و ل٧٦ ناوەندی چاپ و ڕاگەیاندنی خاک ٢٠٠٥ سلێمانی.
(٦) هەمان سەرچاوە، ل٥٥
(٧) نووسەری ناوبراو بلەناسێکی بێوێنەیە.