کڵۆبەفرەکان لە هەمولایەکەوە بەهێمنی دەکەوتنە سەر دارو درەختو چیمەنی باخچەکەوە، لە بەینی لق و پۆپی دارو دەوەنی پەرژینەکانەوە کۆبوبونەوە.بەویستی خۆی لە چەندین شوێندا دایدەنان. ئەو باخچەیە بەجارێک بووبوە تارای زیوین. سەیرکردن و بۆن و بەرامەی ئەو بەفرە، نیشانەیەکی ئارامی ئەندێشە بوو بەشێوەیەک کە ڕازی کردنی هێزێکی لەڕادەبەدەریان دەبەخشیە ناخی مرۆڤ.
ڕیشۆڵەکان بەدوای یەکدا هوروژمیان دەهێنا بۆ دارسنەوبەرێکی بەرز. هەر لەگەڵ نیشتنەوەیان چەندین تۆپەڵە بەفر لەسنەوبەرەکە دەکەوتنە خوارەوه و بەرسەروشانی ژنێکی خانومان دەکەوتن کە لە ڕیرهوی باخچەکەدا خەیاڵ بردبویەوە و یاری بەپەنجەکانی دەستی دەکرد.
دیمەنێکی ئەوەندە جوان و بەفراوی وەک بڵێیت ئاسمان نیازی هەبێ بەرگی بەفر بەتەواوی بەسەر باخچەکە و ئەم ژنەدا داببڕێ.
چاوە زەردباوەکانی بە ئارامی دەیان ڕوانیە کڵۆبەفرەکان ڕووخساری. لەتەک زەویەکەدا هێندە سپی دەچونەوە هەردەتكووت کێوێکی بەرزەو بەفر بەتەواوی دایپۆشیوە.
ئاخر ئەم ژنە لەئەزەلدا سپی پێست بوو ددانەکانی دەت كووت عاجی مینایە دەبرسیکانەوە و بەتەواوی لەگەڵ سپی بەفرەکەدا لێک جیانەدەکرانەوە .هەنگاوەکانیشی ئەوەندە بەڕێکو پێکی بەڕاڕەوی باخچەکەدا دەناو پەنجە تەزیوەکانی یاری پێدەکرد دەكووت لەئامادە باشیدایە بۆ وەرگرتنی مەدالیای لێهاتویی ئاوازی ژەنینی پیانو.
ئەوەی کە ئەودیمەنەی جوانتر کردبوو ئارامیەکی لەڕادەبەدەری باخچەکەو گڵۆپی ماڵەکانی ئەمبەرو ئەوبەری باخچەکە بوو، کە جارجارە دەکوژانەوەو دوبارە بە هەڵکردنیان دەبریسکانەوە.
چ ڕۆژێکی جیاواز ئەوکەش و هەوا سەرسووڕهێنەرەی بووبوە دڵخۆشیەکی لەڕادەبەدەری خاتونی لەبەفر چوو.
گەربەهەڵەدا نەچوبم دووشت هۆکار بوون تا دڵخۆشیەکەی و هەموو هەست و نەستی ئەم ژنە سپی پێستە ئاوێتە بە سەرسامی باخچەکە و کڵۆبەفرەکان ببن: یەکەم، بایەکە بەناوتەواوی باخچەکەدا بڵاو بووبوونەوە و زۆربەی کڵۆبەفرەکانی ئەدا بەڕووخسارو لاشەیدا. دووەمیش، هیچ دەنگێک لە نێوماڵەکانەوە بەدی نەدەکرا.هەڵبەتە کاتێک بەفردەبارێ دونیش کپ و مات دەبێ.
ئا لەو دۆخەدا تنانت پەردەی پەنجەرەی ماڵەکانیش دادرابوونەوە و هەموشتێک بێدەنگ تنها دەنگی با دەهات بەنەرمی.
دەنگی دووقەلەباچکەی جوانیش تاونا تاوێک دەهاتە بەرگوێ کەئاوێتەی دەنگی ڕیشۆڵەکان بووبوون و بەویستی خۆیان دەیانخوێند. هەڵبەتە ئەو باڵندانە هاتبوون لەودیمەنە خودا پێداوەدا گوێبیستی ئاوازی کڵۆبەفرەکان بن، کە ئەم ژنە بەنیازە بیخوڵقێنێ.
دووقەلەباچکەکە چووبوونە بەینی پەرژینەکانەوە بۆ شەنوکەوکردنی بەفرەکه و گەڕان بەدوای خۆراکدا، دواجار هەڵفڕینە سەردارێکی بەرزو سەریان بەیەکەوەناو، لەبرسا هەڵنیشتن،وەک بڵێی چاویشیان بەردەوام لەسەر ئەوخاتوونە بێ.
لەگەڵ ئەوەشدا خوڕەی ئاوی پاشماوەی ئەو بەفرەی کەدەکەوتنە ناوحەوزێکی بچووکی بەردەم پروسکەی کانیەکە هاژەیەکیان دروست کردبوو دەتكووت کەرنەڤاڵی گوێگرتن لەبێدەنگی بەفرە. ڕیزێک بلۆکی دانراو بۆ بەربەستی پەرژینەکان بەفریان بەقاڵب گرتبوە، خۆیان جارناجارێ دەستە ناسکەکەی شۆڕدەکردەوەو کەمێک لەبەفری سەربلۆکەکانی هەڵدەگرت و دەیبرد بۆلێوە پەمەیی ئاساکەی و دەیخوارد زۆریشی پێخۆش بوو.
پانتۆڵێکی شینی ئاسمانی،بلوسێکی زەرد و سپی خەت خەت، قەمسەڵەیەکی قاوەیی هەموو ئەمانە بەباڵای خاتووندا بڕابوون.هەرباکیشی نەبوو سەرمای دەبێ یاخودنا، تنها هۆش و بیری لای بارینی بەفرەکە بوو کەب ۆچی ئەوەندە بەئارامی دێنە خوار.
چاوم لێ نەتروکاند بزانم بۆ ئۆقرەی نەماوە و بەڕاڕەوی باخچەکەدا هەر دێت و دەڕوات.
دەستە سپیە ناسکەکانی بەفر لەسەری دەوەستان و دەکەوتنە خوارەوە و بەرزی دەکردنەوە و یاریان لەگەڵ دەکرد.
بێ ویستی خۆی هەردەپەنجەکەی بەشێوەیەک دەجوڵاند هەردەتكووت بەنیازە ئاوازێک لەبێدەنگی بەفر بخوڵقێنێ.
خاتوون هەرلەوباخچەیەدا دەهات و دەچوو.
سەیرە چاوەڕێی کێ دەکات، نەخێر دەبێ لێی بپرسم بەم ئێوارە سەرما وسۆڵەیە چی دەکات لەم باخچە ساردەدا.هەڵبەتە ئەوەی پیشان نەدەدا بڵێی نەدارە و بێکەسە.چونکە زۆرخانومان و شیکپۆش بوو.
دواجار لێم پرسی ؟
ـ سڵاو،،،، ببورە خاتوونی بەڕێز ئێوە لێرە بەتهنیان یان چاوەڕێی کەسێکن، ئاخر خەریکە تاریک دەکات، سەرماکەش لەولاوە بوەستێ.تۆبۆچی بەم ناوەختە بەتهنیا لێرەیت.
ـ سڵاو ببورە من تهنیا نیم . هاتووم تا ئاوازێک لەبەفر سازبکەم و وەک بەفر بتوێمەوە لەپێناویدا.
لەڕاستیدا سەرم سوڕما لەپناوی کێدا دەیەوێ بتوێتەوە .كوو
ـ ببورە لێت تێناگەم باسی کێ دەکەیت و ئاوازبۆکێ سازدەکەیت.
ـ لەگەڵ قسەکردنیدا هاڵاوی گەرمی لە دەمە ناسکەکەیەوە بڵاو دەبویەوەو لەگەڵ کڵۆبەفرەکاندا تێکەڵ دەبوو، دەتكووت دیمەنی پشتی پەنجەرەی گرتەی فیلمە سینەماییەکانە کە بەجارێ تەڵخ دەبێت و دەبێتە جوانترین دیمەنی فیلمەکە.
دەستم هەڵگرت لەنووسین جگەرەیەکم داگیرساند و مژێکی قوڵم لێدا.
ئەو وەرەقەیەی چیرۆکەکەم تیادا دەنووسی نزیکم کردەوە لەدەم وچاوم لەسەرەتاوە خوێندمەوە بزانم هەڵەم نەکردوە. بەخێرایی خاتوون هاتە بەردەمم ڕای چڵەکاندم.
لەوکاتەشدا ڕیشۆڵەکان کەوتنە باڵە فڕە چەند کڵۆبەفرێک لەدارەکە بەسەروشانو ملی هەردووکماندا کەوتنە بەرپێمان، چاوە جوانەکانی بڕیە چاوم بەمنی كووت:
ـ تۆخۆت هۆکاری کارەکتەری منیت و لەچیرۆکەکەتدا منت کردوەتە پاڵەوانی چیرۆکەکەت، ئیدی بۆتێناگەی یان خۆت گێل دەکەیت یان لەچیرۆکنووسین شارەزاییت نیە.هەڵبەتە مرۆڤەکان خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن. ڕێگە بدە با منیش خۆم خۆم بناسێنم نەک تۆ بەخەیاڵی خۆت من بناسێنی.
خاتون ڕاستی دەکرد. بەڵام تووشی شۆک بووم کەخۆم کارەکتەرێک بخوڵقێنمئەوەندە جیاواز. هەرواش دەرچوو ئەوەی من ویستم لەواقع و خەیاڵی مندا نەبوو بۆتەواوکردنی چیرۆکەکەم. ئاوا ئێستا دەبینم کارەکتەرەکەم زۆرلەخەیاڵی خۆم جوانتر کۆتایی چیرۆکەکە نەک منی نووسه ر.
ئاخر مرۆڤایەتی ئەونواندنەی پێخۆشە کەخۆی دەیخوڵقێنێ نەک ئەونواندنەی کەلەواقعدا بوونی هەیە. هەرچی نووسەر هەیە پاڵەوان بەئارەزوی خۆی دادەڕێژێ .ئەوەتا لەم چیرۆکەدا کارەکتەر، منی نووسەر بێدەنگ دەکات و چیرۆکەکەم بۆتەواو دەکات.
ئاخر من دەمەوێ وەکو واقع ژنێک بناسێنم کە لەبەفردەچێت بەوجۆرەش کۆتاییەکەی ڕابگەیەنم کەچی ئەم ژنە ئەوەندە ڕۆمانتیکانە خۆی بەرجەستە دەکات. هەرئەوەشە لەنێو ئەو کڵۆبەفرانەدا بەتەواوی لێم تێک چوە. خاتوون کڵۆی بەفرەکانە یان بەفرەکە خاتوونە.
من خەریکم نانووسم تهنیءا ڕاماوم بەدیار پاڵەوانی چیرۆکەکەمەوە و سەرپشکم کردوە کۆتایەکەم بۆتەواوبکات.
بەدەنگێکی زایەڵە و پڕلەهیواوە
خاتوون دوبارە ڕای چڵەکاندمەوە.
کۆتایی چیرۆکەکە بەم جۆرە بوو.
هێواش هێواش ڕاڕەوەکە بەجێ دەهێڵم ئاوازێک لەبەفر ساز دەکەم، دەیسپێرم بەسروشت با بەباڵی هەورو بادا بڕوات. هەموو دونیاش بیبیستێ کەمن ئەم ئاوازەم بۆتۆ دروست کردوە لەبەفر.
ئەوە بزانە من تواومەتەوە لەناوتۆدا کاکی نووسەر وهكوو ئەو بەفرە زۆرەی کە لەناو چیرۆکەکەتدا دات ناوهناوە. دەستت دەگرم و لەگەڵ خۆم لەم باخەدا پێکەوە دەڕۆین، کات درەنگەو دەبێ بەناچاری ئێرە بەجێ بهێڵین.
ئۆڤ خوایە چی ڕوودەدات، دەبێ من چارەنووسی چوونە دەرەوەی یان مانەوەی ئەم خاتوونە لەباخچەکەدا دیاری بکەم. خۆکەمێک لەمەوبەر من ڕێ وشوێنم بۆدادەنا.
هەرئەوەندەم زانی.
زۆر بەنەرمونیانی کڵاوە مۆرە بەفراویەکەی سەری لابرد و چەند جارێک دای بە ئەژنۆیدا تابەفری پێوەنەما.کردیەوە سەری و زەردە خەنەیەکی قوڵ ڕوخساری داگیرکرد دەستی گرتم و لەدەروازەی کۆتایی باخچەکە بردمیە دەرەوە. زۆر بەجوانی گوێبیستی ئاوازی ژەنینی کڵۆ بەفرەکان بووم لەنێو ئەو مانگەشەوهی بەردەم ڕۆشنایی سپی ئەو بەفرەدا هەردووکمان بووبووینە پەڕاوێکی سپی.
کەواتە خۆتان دادوە ربن ئەو منی نوسیوەتەوە یان من ئەوم نوسیوەتەوە