سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سە‌ردە‌می خاپووركە‌وتنی ئە‌زموونی مرۆڤایە‌تی

پ. د. نەزاکەت حسێن

گەشەی خێرای تەکنەلۆجیا و داهێنانی تەکنیەکی، وەختی خۆی بەردەوام کارئاسانییان بۆ مرۆڤ دەکرد و، هەرجارەو ئامێرێکی جاران گەشەی پێ دەدرا و دەبووە ئامێرێکی تر، واتە ئیش لە داهێنانی ئامێرەوە دەهات، بەڵام شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم، قۆناغی راگواستنی دروست کرد و ئیتر ئیش لە داهێنانی ئامێرەکانەوە نەهات؛ ئەوەی مرۆڤ سەدەیەکە دەیخوێنێت و زانست و زانیاریی وەرگرت و بڕوانامەی تێدا دەس خست، ئەمڕۆ بە کەڵکی بازاڕ نایەت، ئیشی پێ ناکرێت، چونکە سەردەکەمە سەردەمی هۆشی دەستکرد و مرۆڤی دەستکردە. مرۆڤ مرۆڤی بەرهەم هێنا لە شوێنی خۆی داینا کە بە سیستمێکی تر جیاواز لە خۆی ئیش دەکات، ئەویش سیستمی داتا و کۆدە، کە بەشی زۆری مرۆڤ کار بەم سیستمە نازانن؛ گرفتەکەش ئەوەیە کە کار بەم سیستمە نەزانێت، مرۆڤی ئالی بەرهەم هێناوە زۆر شارەزایە ودەبێتە جێگرەوەی خۆی و ئەزمونەکەی بەرەوفەوتان دەبات. ‘Patrik Wincent پێشکەشکاری تەلەفزیۆنی لە وڵاتی سوید دەڵێت “دەبێت سەرلەنوێ مرۆڤ فێر بکرێتەوە ئەزموونی نوێ بخوێنێت، زانستی نوێ بخوێنین؛ دەبێ مرۆڤ فێر بکرێتەوە لەم سەردەمەدا چۆن قسە بکات، چۆن بڕوات، چۆن ئیش بکات، چۆن ئیش بدۆزێتەوە؛ چونکە زۆرینەی ئەوەی خوێندویەتی بە کەڵکی نایەت”. فەیلەسوفی سەردەم یوڤاڵ نوح هەراری دەڵێت “ئەم گۆڕانکاریە و خۆگونجان لەگەڵ ئەم سەردەمەدا ئاسان نیە چ بۆ مرۆڤ چ بۆ حکومەتەکان؛ چونکە پێویستی بە سیستمێکی ئابووری هەیە، کە مرۆڤەکان خول و راهێنان ببینن. رەنگە باشترین شت بۆ ئەوەی لە سەدەی ٢١دا بە سەرکەوتوویی بژیین، دەبێت فێر بین مێشکمان بکشێنین؛ گەشە بە هۆشمان بدەین؛ بەردەوام بڕۆین، چونکە تەمەنێکمان بەڕێ کرد، ئێمە شتێکمان خوێند ئێستا جیهان گۆڕاوە، ئەزموون و زانستی تری دەوێت، فێربوونی قووڵی دەوێت؛ زۆر شت لە فیزیکیەوە گۆڕا و بوو بە واقعی گریمانەیی، کە بە یاسای جیاوازی بایۆلۆجی، تەنانەت یاسای فیزیکیش لەوێدا جیاوازە. ئەگەر کارلێکی کۆمەڵایەتیشت هەبێت یان ئیشێکت هەبێت لەم جیهانە گریمانەییەدا بیکەیت، نموونە بتەوێت دیزاین بۆ کراسێک بەرگێک بکەیت بۆ جیهانی گریمانەیی، لەوجیهانەدا دەبێت لەبیری بکەیت کە رووناکی و فیزیک و کێش چۆن ئیش دەکات، بە دڵنیاییەوە لەم جیهانە ئیش دەکات بە رێگەی جیاواز؛ مرۆڤ توانایەکی عەجایبی هەیە لە تەبەنی، بۆ گۆڕانکاری، نە مرۆڤ نە زیرەکیی دەستکرد تەواو تەواو نین لە توانا، بەڵام گۆڕانکاریەکەش بە تاک ناکرێت بەڵکو دەبێت دەزگا و حکومەت ئەوە بکات؛ سەرلەنوێ رایان بهێنێتەوە، چونکە ئیشە کۆنەکانیان ون کردووە؛ گرفت ئەوە نیە ئیش نیە، ئیشی کۆن نەماوە و ئیشی تازە سەری هەڵداوە، بەڵکو گرفت لەنێوان ئیش لەم دوو جیهانەدا راگواستنەکەیە؛ چۆن ئەم راگواستنە بکەین؛ پێویستت بە سیستمی ئابووریە، پێویستت بەوە هەیە لانی کەم دوو مانگ بچیتە خول و راهێنان؛ کێ لەمەدا پشتگیریت لێ دەکات؟ سەدەی رابردوو حکومەت بودجەیەکی گەورەی تەرخان کرد، بناغەیەکی دانابوو بۆ قوتابخانە و فێرکردنی مرۆڤ، ئێستا دەبێت بوودجەیەکی زیاتر و بناغەیەکی زیاتر دانێت؛ دیسان سەرلەنوێ خەڵک فێر بکاتەوە راهێنانی پێ بکات. هەروەها پێویستی بە یارمەتیی سایکۆلۆژیکە؛ چونکە مرۆڤەکان دەکەونە ژێر بارودۆخێکی فشارەوە، تۆ لە تەمەنی ١٦ ساڵاندا ئاسانە فێربوون و گونجان لەگەڵ ئیشدا بەڵام لە ٦٠ ساڵاندا قورسە؛ دەبێت حکومەت پشتگیری بکات، تەنانەت پشتگیری تەندروستی مێشکیش، تەنها بۆ ئەوەی بەرگەی ئەو فشارە گەورەیە بگرێ لەو گۆڕانکاریەی بەسەر ژیان و ئیشیدا هاتووە.
مرۆڤ لەنیوان دوو ئایندەدایە، یان لە شوێنێکدا لە ژیان جێ بمێنێت، یان فێری بکەیت، گەشەی پێ
بدەیت، بڕوات بەرەو پێشەوە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا. گرفتی قورستریش ئەوەیە هەر پێویستمان بە فێرکردنی ئیشی نوێ و ئەزموونی نوێیش نیە، پێویستمان بە دەروونناسەکان، رێکخەرانی کۆمەڵگە و فەیلەسوفەکان دەبێت، سەردەمی کۆدەرەکانە ئەوانەی کۆد دادەنێن بۆ کۆمپیتەر؛ خەڵک پرسیاری بۆ دروست دەبێت پرسیاری تەکنیکی، بۆیە پێویستی بە فەیلەسوفە وەڵامی بداتەوە. چونکە هەندێک ئیش بە تەنها بەسیستمی داتا و کۆد و مرۆڤی ئالی ناڕوات؛ هەر دەبێت مرۆڤی راستەقینە بەشداریی تێدا بکات. پەرستیاری وەک نموونە وەرگرین ئەوە نیە تەنها پێویستی بە چاودێری بێت و بەمرۆڤی ئالی ئەو چاودێریە بکرێت، بەڵکو هەموو شتەکان دەبنە ئۆتۆماتیک؛ پەرستاری بە کۆمپیتەر ساینس و داتاو کۆد وئالی ئیشەکە ناڕوات، راستە کاری پەرستاری رەنگە پێویستی بە برینپێچی و باندج نەبێت سیستمەکە کۆدە و زانیاریە و بە ئۆتۆمەیشن باندج ببەسترێتەوە یان بە مرۆڤی ئالی بۆی، بەڵام کاری پەرستاری پێویستی بە سۆسیالیە و پێویستی بە هەست و سۆزی مرۆڤە؛ ئاسانە ئۆتۆمەیشنکردنی کۆمپیتەر ساینس، لەبەر ئەوەی بە تەنها کۆدە، بەڵام پەرستاری جووڵەیە لەگەڵ ئەزموونی کۆمەڵایەتی و هەست وسۆزدا؛ لە هەمان کاتدا پێویستی بە شیکاریکردنی داتا و زانیاریە، پێکەوەگرێدانی ئەم شارەزاییانە قورسە، ئاڵۆزە، بۆ ئەوەی ببنە ئۆتۆماتیک. هەندێک کار ئاسانە بۆ نموونە، ئەتوانیت بەرهەمهێنانی کراس و رستن و چنین بکەیت بە ئۆتۆماتیکی جونکە سۆسیالی پێویست نیە. بەڵام ئەمە بۆ هەموو ئیشێکی تر نابێت. جگە لەوەی سەختیشی زۆرە؛ بیهێنە پێش چاو چۆن وا بکەین لە مرۆڤێکی تەمەن ٤٠ ساڵقن کە کراسێکی لە جیهانی گریمانەیی و ئۆنلاین بەرهەم بینێت، ئەمانە پشتگیریی حکومەتیان دەوێت؛ دەبێت حکومەتە هەژارەکان سود لە حکومەتە دەوڵەمەندەکان وەرگرن، ئەگەرنا تووشی کارەساتی جیهانی دەبن و زۆر وڵات و نەتەوە بەجێ دەمێنن.