هه‌ولێر و به‌غدا به‌رده‌وامن له گفتوگۆ دەربارهی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان كه 21 ڕۆژه ڕاگیراوه. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه توركیا و عێراق به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی دهرچهیهكن بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی باڵا له‌و بارەیەوه بگه‌نه ڕێككه‌وتن، په‌رله‌مانتارێكی كوردیش له لێژنه‌ی داراییی په‌رله‌مانی عێراق زانیاری ده‌خاته ڕوو.
ماوه‌ی 21 ڕۆژه هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان بۆ توركیا و له‌ویشه‌وه بۆ به‌نده‌ری جیهان ڕاگیراوه. گرفته‌كه له‌وه‌دایه كه توركیا هێشتا ڕه‌زامه‌ند نه‌بووه به ڕۆیشتنی نه‌وته‌كه، چونكه به‌رپرسیاریه‌تیی دارایی كه‌وتووه‌ته سه‌رشان به‌هۆی بڕیاری دادگای پاریسه‌وه كه ده‌بێت قه‌ره‌بووی حكوومه‌تی عێراق بكاته‌وه. له‌و نێوه‌نده‌دا هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌وه‌یه كه مووچه‌ی مانگی 4 دابین بكات، چونكه داهاتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی له‌سه‌ر فرۆشتنی نه‌وته، به‌ڵام تا ئێستاش ڕێككه‌وتن له‌و بارەیه‌وه له نێوان توركیا و عێراق نه‌كراوه. سیپان شێروانی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له لێژنه‌ی دارایی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: “به‌غدا و ئه‌نقه‌ره ده‌گه‌نه ڕێككه‌وتن بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان، هه‌ندێك ڕێكاری ماوه، وا خه‌ریكن، زۆر ناخایه‌نێت و له زووترین كاتدا هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان ده‌ست پێ ده‌كاتەوە.”
بۆ مووچه‌ی مانگی 4ی فه‌رمانبه‌رانیش گوتی: ده‌بێت به‌غدا سولفه‌یه‌ك بنێرێت بۆ كوردستان بۆ مانگی 4 و له كارنامه‌ی حكوومه‌تی سوودانییشدا هاتووه بۆ مانگی داهاتوو حكوومه‌تی عێراق ئه‌و پارەیە له ئه‌ستۆ ده‌گرێت و له‌و بارەیه‌شه‌وه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق له گفتوگۆدان و ئیشه‌ڵا نابێته گرفت و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و موازه‌نه‌ش دوا ناکەوێت و په‌سه‌ند ده‌كرێت، له‌سه‌ر ئه‌و موازهنەیه ده‌ڕۆین و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌بێت ڕێگای دیكه هه‌یه.
دەربارهی ئه‌وه‌ی كه ڕێككه‌وتن كراوه ڕۆژانه هه‌رێمی كوردستان 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشێت و پاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ژمارهحسابێك كه حكوومه‌تی هه‌رێم ته‌سه‌ڕوفاتی پێوه ده‌كات، له كاتێكدا ئێستا كوردستان نه‌وتی ڕاگیراوه، چۆن ئه‌و پارەیە ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ژمارەحسابە كه پاره‌كه‌ی بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین ده‌كرێت؟ گوتی: ئه‌و 400 هه‌زاره وه‌ك به‌شێك له ئیراداتی عێراق حساب كراوه و مه‌رج نییه ئیلا له‌و نه‌وتەی كوردستان فرۆشتویه‌تی پاره‌ی كوردستان بدرێت، كاتێك كه حكوومه‌تی عێراق بودجه په‌سه‌ند ده‌كات، ئیتر ئه‌و نه‌وتەی كوردستان چ ده‌ست پێ بكات، یان نه‌یكات، به‌شێك له مادده‌یه‌ك له بودجه‌كه‌ی عێراق پشكی كوردستانی دیاری كردووه و له‌و بارەیەوه هیچ گرفت نابێت.
هاوكات د. ڕێبوار بابكه‌یی، ئه‌ندامی لێژنه‌ی وزه و سامانی سروشتی له په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: دوای ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دەربارهی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان كه كۆمه‌ڵێك ورده‌كاریی تایبه‌تی تێدا بوو و هه‌نگاوێكی گرنگ بوو، له‌وانه دانپێدانانی مه‌له‌فی نه‌وتی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه، نەوتی كوردستان بە سەرپەرشتیی سۆمۆ و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەفرۆشرێت و له بابه‌تی لهئهستۆگرتنهكان هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان ده‌بێت له ئه‌ستۆی حكوومه‌تی عێراق بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زانراوه كه هۆكاری نه‌ناردنه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان كۆمه‌ڵێك ڕوایه‌تی جیاواز هه‌یه، ئه‌وه‌ی هه‌یه حكوومه‌تی توركیا ڕێگای نه‌داوه هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان ده‌ست پێ بكاته‌وه، حكوومه‌تی توركیا ده‌یه‌وێت ئه‌م بابه‌ته وه‌ك كارت به‌كار بهینێت له به‌رانبه‌ر حكوومه‌تی عێراق، به‌تایبه‌ت له بابه‌تی قه‌رزه‌كان كه ئه‌و پابه‌نده دارایییانه‌ی له ئه‌نجامی بڕیاره‌كه‌ی دادگای پاریس كه‌وتووه‌ته سه‌ر توركیا سازشی له‌سه‌ر بكات له‌گه‌ڵ به‌غدا، تا ئێستا دیار نییه به‌غدا له‌و بارەیەوه چۆن ده‌چێته گفتوگۆوه له‌گه‌ل توركیا، به‌ڵام به هه‌ر جۆرێك بێت ئه‌مه زیانی گه‌ورە بە ئابووریی عێراق و كوردستان دەگەیەنێت.
ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وت زیان به به‌غداش ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه پرۆژه‌بودجه‌ی عێراق خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه، نزیكه‌ی 60 ترلیۆن كورتهێنانی هه‌یه، ده‌ستپێنه‌كردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان، ئه‌م كورتهێنانه زیاتر ده‌كات، له كاتێكدا هه‌وڵێك هه‌یه له په‌رله‌مانی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی كورتهێنانه‌كه كه‌م بكه‌نه‌وه بۆ 30% له‌جیاتی %60 و ئه‌مه زیانه بۆ به‌غدا و ده‌بێت به‌غدا به‌زوویی چاره‌سه‌ری بكات.
ڕایشیگه‌یاند: به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی هه‌یه و سه‌ردان له نیوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه، پێم وا نییه به‌غدا لێره‌دا خه‌مساردی بكات، به‌رپرسیاره‌تیی یه‌كه‌م له‌وه‌دا ده‌كه‌وێته سه‌ر به‌غدا کە ئه‌م پرسه چاره‌سه‌ر بكات و ئاگاداری توركیا بكاته‌وه بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان و ئه‌وه‌ی گرنگه له‌و ڕۆژه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه واژۆ كراوه ده‌بێت له‌و ڕۆژه‌وه بچێته واری جێبه‌جێكردنه‌وه، لێره‌دا ئه‌گه‌ر به‌رپرسیاره‌تیی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان له ئه‌ستۆی عێراق بێت كه ڕێگا بدات توركیا نه‌وته‌كه بنرێت به هه‌مان ئه‌و ڕێگایه ده‌بێت مووچه‌ی مانگی 4ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان دابین بكات، چونكه حكوومه‌تی هه‌رێم بە هیچ شێوەیەك هۆكار نییە لە دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتەكەی.