مەسرور بارزانی ،سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵیادی جێنۆسایدی ئەنفال پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایدەگەێنێت، تاوانی ئەنفال، جینۆسایدێكی دڕندانە بوو نەك تەنیا دژی گەلی كوردستان، بەڵكوو دژی هەموو بەها مرۆیی و ئەخلاقییەكان بوو، كە بە داخەوە لێكەوتە و دەرهاویشتە هەمەلایەنەكانی ئەم تاوانە هۆڤانەیە ، هەر ماون و برینەكان تا ئێستاش ساڕێژ نەبوون.
دەقی پەیامەكەی سەرۆكی حكومەت ..
ئەمڕۆ بە دڵێكی پڕ لە خەم و كۆڤانەوە، یادی شەهیدان و قوربانیانی شاڵاوە بەدناوەكانی (ئەنفال) دەكەینەوە، كە یەكێك بوو لە دڕندانەترین شێوازی جینۆساید دژی گەلی كورد و كوردستانیان، سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی بەعسی عێراق، بە چەند قۆناغێكی جیا، بە هەزاران خەڵكی سیڤل و بێتاوانی گوند و ناوچە جیاجیاكانی كوردستانی ڕاپێچ كرد و لە بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق زیندەبەچاڵی كردن و بەشێكی زۆریان تا ئێستاش بێسەر و شوێنن و چارەنووسیان نادیارە.
تاوانی ئەنفال، جینۆسایدێكی دڕندانە بوو نەك تەنیا دژی گەلی كوردستان، بەڵكوو دژی هەموو بەها مرۆیی و ئەخلاقییەكان بوو، كە بە داخەوە لێكەوتە و دەرهاویشتە هەمەلایەنەكانی ئەم تاوانە هۆڤانەیە ، هەر ماون و برینەكان تا ئێستاش ساڕێژ نەبوون.
لەم یادە خەمگینەدا، كە بەشێكە لە زنجیرەیەك تاوان كە بەرامبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراون، داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین ئەرك و بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بكات و زیانلێكەوتووان و بنەماڵە و كەسوكاری ستەملێكراوی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەكی شایستە قەرەبوو بكاتەوە و هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی باشتر، بتوانێت خزمەتی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان بكات.
لە یادی پڕخەمی شاڵاوەكانی ئەنفالدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان و ئەنفالكراوانی كوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لە یادمانن.
مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
2023/4/14