هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید: سه‌ردانی مه‌یدانی و چاودێری كردنی بازارو كۆنترۆڵكردنی نرخ زیاتر ده‌بێت

قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ند: نرخی سوته‌مه‌نییه‌كان به‌گشتی له‌ دابه‌زیندایه‌ ‌..

ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ 2023.4.13، نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ند، لە كۆگاكانی سه‌ر رێگه‌ی موسل نزیک عه‌لوه‌ی سه‌وزه‌و مێوه‌، سەبارەت بە ڕەوشی بازارو كۆنترۆڵكردنی زیاده‌ رۆییه‌كانی، گران كردنی بازارو رێگه‌ گرتن له‌ ساخته‌كاری و خۆراكی به‌سه‌رچوو، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا، قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ند، له‌سه‌ره‌تادا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئه‌م كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌ له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ هات” كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی به‌رێز ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌سه‌ر ره‌وشی بازار له‌ دیوانی پارێزگا به‌رێوه‌ چوو. له‌و كۆبوونه‌وه‌ كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان تێدا ئاماده‌ بوون بریار درا” كه‌ له‌ماوه‌ی داهاتوودا به‌تایبه‌تی له‌ مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زان سه‌ردانی مه‌یدانی و چاودێری كردنی بازار زیاتر بێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌مرۆ وه‌ك لێژنه‌ی قائیمقامیه‌ت” كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی تێدایه‌ و به‌رێوه‌به‌ری چاودێری بازرگانی هه‌ولێر” به‌یه‌كه‌وه‌ سه‌ردانی كۆگاكانی خۆراكی شاری هه‌ولێرمان كرد كه‌ سه‌رچاوه‌ی دابه‌شكردنی خۆراكن نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵكو عێراقیش.
هه‌ر له‌و كۆنگره‌یه‌دا نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ند، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ چاودێریه‌كی چڕی بازاره‌كان ده‌كرێ و كه‌ رێگه‌ به‌ كه‌س نادرێ بازار له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی قورغ بكات.
ئه‌وه‌ش دووپاتكرایه‌وه‌ كه‌ نرخی بازار به‌ به‌راوردكردنی له‌گه‌ل چه‌ند مانگێك پێش ئێستا به‌ هۆی شكانی به‌های دۆلار فه‌رقی كردووه‌” واته‌ كاتێك نرخ له‌م كۆگایانه‌ داده‌به‌زێ راسته‌وخۆ پێویسته‌ له‌ بازاریش ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێت و نرخه‌كه‌ دابه‌زێ.
قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ند، باسی له‌ چه‌ندین ئیجرائات كرد له‌لایه‌ن ئه‌و لێژنانه‌وه‌” وه‌ك سزادان و پێبژاردن و ته‌نانه‌ت كه‌یسی واش هه‌بووه‌ بردراوه‌ته‌ دادگاوه‌” بۆ نموونه‌ له‌وه‌ته‌ی مانگی ره‌مه‌زان هاتووه‌ نۆ كه‌س به‌هۆی خۆراكی قاچاغ و ناشیاوی ناته‌ندورست ئیحاله‌ دادگا كراونه‌ته‌وه” چونكه‌ ویستوویانه‌ له‌بازار ساغی بكه‌نه‌وه‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیان” خۆرماو گۆشتی سوور نموونه‌ی دیاری ئه‌و جۆره‌ خۆراكانه‌ن. ‌

قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ند، سوپاسی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و به‌تایبه‌ت به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی بازگه‌كان كرد” كه‌ چاودێری توندیان خستۆته‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌و شمه‌ك و خۆراكانه‌ی دێنه‌ سنووری هه‌رێم” هه‌روه‌ها له‌ناو شاردا لێژنه‌كانی چاودێری بازرگانی و لیژنه‌كانی قائیمقایمیه‌ت و لێژنه‌ی ته‌ندورستی و ڤیرته‌رنه‌ری و هه‌موو لێژنه‌كان ئه‌ركی سه‌ر شانی خۆیان له‌ چاودێری كردنی بازار وه‌ك پێویست به‌جێگه‌یاندووه‌. دووپاتیشی كرده‌وه‌” كه‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ل حكومه‌تی ناوه‌ند واژۆی كرد” كاریگه‌ری هه‌بووه‌ و نرخی سوته‌مه‌نییه‌كان به‌گشتی له‌ دابه‌زیندایه‌” نرخی به‌نزین و گازوایل و گاز له‌ دابه‌زیندایه‌ .