وەزارەتی ناوخۆی عێراق کۆمەڵێک شێواز و میکانیزمی راگەیاند، کە لە رێگەیانەوە خەڵکی ئاسایی دەتوانن مۆڵەت و مۆڵەتی فەرمی بۆ هەڵگرتنی چەک بەدەست بهێنن، کە زۆربەیان چەکی سووکن وەک دەمانچە کلاشینکۆف.
رۆژی چوارشەممە،12ی نیسان 2023، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک لە قۆناغی یەکەمیدا دەبێت رەزامەندی وەزیری ناوخۆ لەسەربێت، دواتر بەڵگەنامەی فەرمی و زانیاری بایۆمەتری، هەروەها پشکنینی پزیشکی دەکرێت بۆ ئەو کەسەی کە دەیەوێت مۆڵەتەکە وەربگرێت،لە پاشان پشکنینی بەڵگەی پزیشکی دادوەری لەسەر ئەو چەکەی کە مۆڵەتی پێدەدرێت، هەروەها خولێکی راهێنان لەسەر بەکارهێنانی چەک بۆ دەکرێتەوە لە کۆلێژی پۆلیس.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە قۆناغی دووەمدا، پڕۆسەی وەرگرتنی مۆڵەتەکە بە وردبینییەکی گشتگیردا تێدەپەڕێت، کە دەبێتە هۆی رادەستکردنی مۆڵەتی هەڵگرتن لە رێگەی لیژنەی تایبەتمەند لە وەزارەتی ناوخۆ.
راستە پرسی چەک بەدەست هاووڵاتیانی ئاسایی پەیوەست بوو بە یەکەم ساتی دامەزراندنی وڵاتی عێراق لە ساڵی 1921، بەڵام مەترسی نەبووە بەو شێوەیە وەک ئەوەی لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا روویداوە.
لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا بابەتی چەکهەڵگرتن کوشتن و هەڕەشەکردن زیادی کردووە.
شا فەیسەڵی یەکەم لە زستانی 1932دا یاداشتێکی بۆ سیاسەتمەدارانی باڵای عێراق ناردووە و دەڵێت: کۆی ئەو چەکانەی لەلایەن حکومەتەوە خاوەندارێتییان دەکرد لەو سەردەمەدا 15 هەزار چەک بوو، لە کاتێکدا 100 هەزار تفەنگ لە دەستی خەڵکی گشتیدایە” ئەمەش وا دەردەخات ئەو کێشەیە درێژخایەنە و کە نزیکەی سەدەیەکە وڵات بەدەستیەوە دەناڵێنێت.