مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی نیسانی 2023، پەیوەندی بە پارێزگارەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە)ـوە کرد و لە دۆخی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی پرسی.
دوای ئەو دوای ئەو شەپۆلە بەهێزەی بارانبارین و رەشەبا کە چەند ڕۆژێکە هەرێمی کوردستانی گرتووەوە و لە چەند ناوچەیەکیش لافاو روویداوە، سەرۆکی حکومەت پەیوەندی بە پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستانەوە کرد و لە دۆخی ناوچەکانی پرسییەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت پارێزگارەکانی راسپارد کە هەموو هەوڵەکانی دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بخەنەگەڕ بۆ بەهاناوەچوون و فریاکەوتنی هاونیشتمانییان و پێشکەشکردنی هاوکاری پێویست بۆ زیانلێکەوتووان.
ئاماژە بەوەشدرا، سەرۆکی حکومەت هەروەها سوپاسی پارێزگارەکانی کرد بۆ ئەو رێکارانەی گرتوویانەتەبەر بۆ کەمکردنی کاریگەری نەرێنی ئەگەری لافاو و ئامادەکارییەکانیان لەمبارەیەوە.