چیرۆک تەنیا بریتی نییە لە هونەری گێڕانەوە، بەڵکوو بە پلەی یەکەم، “هونەری درەنگگوتن و دواخستنی کاکڵەی ئەو ڕووداوەیە کە چیرۆکنووس بڕیاری داوە بیگێڕێتەوە.” نووسەر ئەگەر ئەوەی پێیەتی دوای نەخات، ئەوا هەرگیز ناتوانێت ڕۆمان بنووسیت، ئاخر ئەگەر یەکسەر نهێنییەکان بدرکێنێت، ئەوا بەرهەمەکەی لە کورتەچیرۆک تێپەڕ ناکات. گرنگ ئەوەیە، نووسەر توانای ئەوەی هەبێت، کرۆکی بابەتەکەی دوا بخات و ڕێگەیش نەدات خوینەر بێزار ببێت. بەدرێژاییی ڕۆمانی (ژانی گەل)ی ئیبراهیم ئەحمەد، خوێنەر پێی وایە ژن و منداڵەکەی (جوامێر)ی کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە زیندوون، لە دوا لاپەڕەدا دەزانێت، دە ساڵی ڕەبەقە مردوون. ئەو هەواڵەی خوێنەر پێی خۆشە، لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە بیزانێت، ڕۆماننووس لە کۆتاییدا دەیدرکێنێت، بەبێ ئەوەی خوێنەر لە خویندنەوەی ڕۆمانەکە وەڕز ببێت.
بشگەڕێتەوە یاری کۆچکردوو
نابینێتەوە ژینی ڕابردوو
نە تۆ ئەو تۆیەی جارانی نە یار
نە دوێکە ئیمڕۆ، نە ئیمساڵیش پار(١)
بەختیار عەلی کە لە ڕۆمانی (غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵ)دا، پێویستی بە شیعر بووە، نەیزانیوە بەیتێکی جوان بنووسێت، وەلێ ئیبراهیم ئەحمەد ئەوەی نووسیویەتی، شیعرێکی جوانە و حیکمەتی لێ دەچۆڕێت. ڕۆماننووس ڕاستی گوتووە، ئاخر ئینسان کە شوێنێکی بەجێ هێشت، ئیدی قەت بۆ هەمان شوێن ناگەڕێتەوە، چونکە ئەگەر بشگەڕێتەوە، شوێنەکە و خەڵکەکەی هێندە گۆرانیان بەسەردا هاتووە، نایانناسێتەوە، ئەوە بۆیە کەسێک کە لە تاراوگەوە بۆ زیدی خۆی دەگەڕێتەوە، هەست بە غەریبی دەکات.
ئیبراهیم ئەحمەد لە ڕۆمانی ژانی گەلدا دەنووسێت: “ئەم شوێنانە خانوون و بە بیلدۆزەر تەخت کراون، خانووی ئەوانەی لای میری بە تاوانبار دانراون.” ل١٤٧ چونکە ڕۆمانەکە وەک نووسەر خۆی گوتوویەتی، لە ساڵی ١٩٥٦دا نووسراوە و ئەو سەروەختەیش، میری هەڵوێستی وای بەرانبەر نەیارانی نەدەنواند، کەواتە ئەوە یان پێشبینییەکی بلیمەتانەیە، ئاخر بەعس دەوروبەری چارەکەسەدەیەک دواتر وەهای دەکرد، یان ئەو زانیارییە لە سەرچاوەیەکی دیکەوە گوێزراوەتەوە. بۆ نموونە، دەشێت داگیرکاری فەرەنسایی کاری وای لە جەزائیر کردبێت. شیاوی تێبینییە، نووسەر ڕۆمانەکەی پێشکەش بە گەلی جەزائیر کردووە.
“هەفتە نەبوو لاشەی چەند کوژراوێک لە بەردەرکی سەرا فڕێ نەدەن.” ل١٥٦ چونکە پێش ساڵی ١٩٥٦ ڕووی نەداوە لاشە لە بەردەرکی سەرای سلێمانی فڕێ بدرێت، ئەگەر ئەمەیش پێشبینییەکی زیرەکانە نەبێت، ئەوا دەشێت بەرهەمی خەیاڵی نووسەرێکی بێگانە بێت. دەزانم لە شەشی سێپتێمبەری ١٩٣٠دا، لە بەردەرکی سەرای سلێمانیدا، لاشە کەوت، بەڵام ئەو سەروەختە خەباتی چەکداری لەو دەڤەرە لە ئارادا نەبوو. دەزانم (تالە)ی برای خولە پیزە، لە هەمان شوێندا لە سێدارە درا، بەڵام ئایا تالە پێ میم بوو یان پێ کاف؟(٢) من خۆم لە ناوەڕاستی ساڵانی شەستدا، لە بەردەرکی سەرای سلێمانی، تەرمی فڕێدراوی پێشمەرگەم بینیوە.
نووسەر باسی ئەوەیش دەکات، گوایە ڕژێم ئەو سەروەختە، شەوان بە پرۆژێکترەوە، بەدوای نەیارانیدا گەڕاوە و نەیارانیشی ناوچەی ئازادکراویان هەبووە. ل٥٥ ئەو دوو پێشبینییەیش کە چارەکەسەدەیەک دواتر دێنە دی، دیسان جێی گومانن. “شتێکی ئاسایی بوو کە خزم و کەسوکار و بگرە خانەخوێیش لەبری میوانەکەی بگیرێت.” ل١٨٨ ئەوەیش کە لە کولتووری بەعس دەچێت، پێم وا نییە پێش ١٩٥٦ ئاسایی بووبێت. ئیدی ئەگەر هیچ گومان لە دەستپاکیی نووسەر نەکەین، دەبێت مل بۆ ئەوە بدەین، لە بواری پێشبینیکردندا بلیمەتێکی بێوێنە بووە.
دەزانم نووسەر باسی شتێک ناکات ڕووی دابێت، بەڵکوو باسی شتێک دەکات کە دەشێت ڕوو بدات، وەلێ تۆ بڵێیت کورد بلیمەتی وەهای هەبووبێت، لە هیچ پێشبینییەکیدا بە هەڵەدا نەچووبێت؟ “ناوت لەو بەڵگانەدا هاتووە کە لە (هێلانە)کانتانا دۆزراونەتەوە.” ل١١٤ ئەو (هێلانە)یە، (وەکر)ی عەربییە و ئەوەیش گومانی لای من ورووژاند. “کێ دەڵێت زۆردارێکی تازە، لە پێستی ڕزگارکەردا، بەری ژانی گەل بۆ دەستکەوتی خۆی و دارودەستەکەی ناقۆزێتەوە؟” ل١٥٨ ئەو بۆچوونەیش وەک نیمچەبەڵگەیەک وایە، کە ڕۆمانەکە ئەگەر (خۆماڵی)یش بێت، لە ١٩٥٦دا، نا، لە ١٩٦٤ بەدواوە نووسراوە.
چونکە تەلاری ڕۆمانەکە لەسەر بناغەی ڕێککەوتێک ڕۆ نراوە، (ڕێکەوتێک کە تەواو لە دیمەنێکی فیلمێکی چارلی چاپلن دەچێت، ئاخر جوامێری قارەمانی ژانی گەلیش، وەک هونەرمەندی ناوبراو، بە ڕێککەوت دەکەوێتە ناو خۆپێشاندانێکەوە.)(٣) چونکە جوامێر پێی وایە “چی لە نێوچاوانمان نووسرابێت، هەر ئەوە ڕوو دەدات،” ل٢٠٣ بۆیە بڕوابوون بە ڕێککەوت و بە قەدەر، بۆ قارەمانە ئیجابییەکەی نووسەرێک، خەریکی نووسینی ئەدەبی بەرەنگاربوونەوە بێت، وەک خاڵیکی لاواز، چەشنی ناکۆکی و تەنانەت مینا غەفڵەتیش تۆمار دەکرێت.
من گومانم لەوە هەیە، ژانی گەل لەدایکبووی ١٩٥٦ بێت و پێم وایە دە دوازدە ساڵێک دواتر نووسراوە. وای بۆ دەچم ئیبراهیم ئەحمەد سوودێکی زۆری لە ڕۆمانێک وەرگرتووە کە دوای ١٩٥٦ بڵاو کراوەتەوە و بۆیە ژانی گەلی بە لەدایکبووی ئەو ساڵە لە قەڵەم داوە، تا ئەگەر سوودلێوەرگرتنەکەی ئاشکرابوو، بڵێت ڕۆمانەکەی من پێشتر نووسراوە. کە ڕۆمانێکی جوان دەکرێتە فیلم، زۆربەی جار زیان بە ڕۆمانەکە دەگات. من ڕۆمانی جەنگ و ئاشتیی تۆلستۆیم خوێندووەتەوە و فیلمەکەیشیم بینیوە، پێم وایە دەستی فیلمەکە بە داوێنی ڕۆمانەکەدا ناگات. جەمیل ڕۆستەمی کە لە ژانی گەل فیلمێکی بەرهەم هێناوە، سوودی بە ڕۆمانەکە گەیاندووە، ئاخر فیلمەکەی ئەو، گەلێک لە ڕۆمانەکە ئەدەبیتر و هونەریترە.
وەک بە سەرەتای ڕۆمانەکەوە دیارە، جوامێر لە وەرزی پاییزدا، لە زیندان ئازاد دەکرێت و بۆ شارەکەی خۆی کە سلێمانییە، دەگەڕێتەوە، ل١٠ کەچی دوو سێ هەفتە دواتر کە بە نووسین بریتییە لە لە سەد و پەنجا لاپەڕەیەک، ڕۆماننووس ئەوەی لەبیر دەچێتەوە و دەنووسێت: “جاروبار گەرما تینی بۆ ئەهێنا.” ل١٥٩ یان: “بەم قرچەقرچی گەرمایە بچم بۆ کوێ؟” ل١٦٤ ئەوەیش غەفڵەتێکی دیکەیە. کاتێک نووسەر لەسەر زاری جوامێرەوە دەڵێت: “بە پەرداخی ماستاوەکە، نەختێ ئاوم کرد بە دەمییەوە.” ل١٢٤ لەو ژووری زیندانەدا کە تەنیا تەنەکەیەکی بۆ پاشەڕۆک تێدایە، ئەو پەرداخ و ئاوەی چۆن پەیدا کرد؟ بەبێ ئەوەی هیچ لە ژنە چایچییەکە ڕووی دابێت، گێڕەرەوە دەڵێت: “ژنەکە هەر ئێسکسووک و تەنیا نەبوو، دەستەمۆیش بوو.” ل١٦١ یان دەڵێت: “زۆر کەوی دیارە.” ل١٦٤
“چۆن بێ بەرچایی دەڕۆن، خۆ ماڵەدۆم نییە!” ل١٣١ ئایا کەس مافی ئەوەی هەیە، سووکایەتی بە میللەتێک، تیرەیەک یان گرووپێک بکات؟ ئایا ئەوە بێڕێزیکردن نییە بە دۆم؟ ڕاستە ئەوە قسەی ژنێکە نەک ڕۆماننووس، وەلێ نووسەر نابێت ڕیکلام بۆ بیر و بۆچوونی ڕاسیستانە بکات. لایەنێکی لاوازی دیکەی ڕۆمانەکە ئەوەیە، نووسەر زۆر لەسەر دایکی ئاسکۆڵ کە کارەکتەرێکی لاوەکییە دەڵێت و زۆر لەسەر چۆنیەتیی دروستبوونی دڵداریی نێوان جوامێر و کاڵی دەڕوات.
نووسەر دەڵێت: “موچڕکەیەکی ئاودامانی پیا هات.” ل٢١ موچڕکە بە ناخدا دێت، ئاودامان بۆ پۆشاک و بۆ دیوی دەرەوەی جەستە دەبێت. یان: “لە ڕێگا هیچ بەنگ نەبن.” ل٣٠ بەنگ بە مانای تلیاک دیت، بەند دروستە. یان: “ئەوە نان، سنگانی کە.” ل ١١٩ سندان دروستە، ئەو بەنگ و سنگانە، شێوەیەکی بەرتەسکی گوتنە لە یەک دوو گەڕەکی سلێمانی، هی ئەوە نییە ڕۆمانی پێ بنووسرێت. “فڕۆکە ئەو کەژ و کێوەی ئەدایە بەر گرمەی بۆمبا.” ل٢٠٤ فڕۆکە کەژ و کێو ناداتە بەر گرمە، دەیانداتە بەر بۆمبا، دواتر بۆمبا گرمەی دێت.
“ئەشمبینی چ خوێنێکم لە دەمارتا هێناوەتە جۆش.” ل٢٠٦ دەبوو بڵێت: ئەشمبینی چ جۆشێکم هێناوەتە خوێنی دەمارتەوە. “جوامێر وتی: کوڕی نەمرێ.” ل١٨٩ کوڕی نەمرێ، قسەیەکە ژنان دەیکەن، نەک پیاوان، ئەمە وێڕای ئەوەی جوامێر وەک ڕۆماننووس باسی کردووە، پیاوێکی یەکسانیخوازە و کوڕی لە کچ پێ باشتر نییە. “هەموو ئەو شەقامانەی لە شار ئەچنە دەرێ یان دێنە شارەوە، خرابوونە ژێر چاودێرییەکی ورد و توندەوە.” ل١٥٥ ئایا نووسەر چۆن دەزانێت ئەوە کامەیانە دەچێتە دەرەوە و کامەیانە دێتە شارەوە؟ خۆ ئەو سەردەمە، (ناوەڕاستی ساڵانی پەنجا) هیچ شەقامێکی جووتسایدمان نەبوو. ئەوەی لە شارەوە دەچێتە دەرەوە یان دێتە ناوەوە، شەقامی پێ ناڵێن، ڕێگەی پێ دەڵێن، شەقام لەنێو شاردایە.
*
(١) ئیبراهیم ئەحمەد، ژانی گەل، ل٩٣ چاپی چوارەم، دەزگەی ئاراس ٢٠٠٨ هەولێر.
(٢) پێ میم: پێشمەرگە. پێ کاف: پیاوکوژ.
(٣) (ئەمجەد شاکەلی)یش سەرنجی خوێنەری بۆ ئەو لێکچوونە ڕاکێشاوە.