پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

میدیایی كوردی ،قۆناغ و به‌رپرسیاریه‌تی

دوێنێ 10ی نیسانی 2023 به‌ ئاماده‌بوونی د.سالار عوسمان به‌ر‌پرسی به‌شی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بازنه‌ی گفتۆگو، ئه‌لقه‌ی چواره‌می به‌ ناونیشانی ” میدیایی كوردی.. قۆناغ و به‌رپرسیاریه‌تی ” به‌رێوه‌برد.

له‌م گفتوگۆیه‌دا كه‌ به‌ڕێزان “ئازاد جندیانی، د. سامان جه‌لال، د. سادق حه‌مه‌ غه‌ریب، ئازاد حەمه‌دەمین، نه‌رمین سندی، به‌فرین سه‌لمان، شڤان حه‌مدی، د.نه‌زاكه‌ت حوسێن، د.جه‌لال ئه‌حمه‌د ، فه‌رهاد محه‌ممه‌د” به‌شداربوون.
زۆر به‌ وردی و ڕاشكاوی گفتۆگۆ له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئێستای میدیای كوردستان به‌ تایبه‌تی و ڕه‌وشی میدیا له‌سه‌ر ئاستی جیهان كرا و ، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌، كه‌ جیا له‌وه‌ی پێشكه‌وتنی خێرای ته‌كنه‌لۆژیا وایكردووه‌، كه‌ هه‌ر تاكێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ڕۆڵی میدیاكارێك له‌ناو فه‌زای تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بگێڕێت، له‌ هه‌مان كاتدا به‌شدربووان ئاماژه‌شیان به‌وه‌كرد، كه‌ ڕه‌فتار و مامه‌ڵه‌ی حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ میدیا به‌گشتی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌تایبه‌تی گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی به‌ڕێگه‌ی كه‌ناڵه‌ فه‌رمیه‌كانیان و كه‌ناڵه‌ سێبه‌ره‌كانیان و ئه‌و په‌یجه‌ فه‌یكانه‌ی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایەتییه‌كان دروستیان كردووه‌، فه‌وزایه‌كی ئیعلامی ئه‌وتۆیان دروستكردووه‌، كه‌ میدیا زۆر به‌زه‌حمه‌ت ده‌توانێت له‌ناو ئه‌و فه‌وزایه‌دا ڕۆڵی خۆی وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م بگێڕێت و، ڕای گشتیشیان به‌ جۆرێك چه‌واشه‌ كردووه‌، كه‌ زۆر ‌ زه‌حمه‌ته به‌ ئاسانی‌ زانیاریی ڕاست و ناڕاست له‌یه‌كتری جیابكرێته‌وه‌.
بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌م باره‌ ناله‌باره‌ و دانانی سنوورێك بۆ ئه‌و فه‌وزا ئیعلامییه‌ی حزبه‌ سیاسییه‌كان دروستیان كردووه‌، ئاماده‌بووان كۆمه‌ڵێك چاره‌سه‌ری زانستی و پراكتیكیان ده‌ست نیشان كرد و له‌هه‌مانكاتدا ده‌ستخۆشیشیان له‌ به‌شی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، به‌وه‌ی شانی داوه‌ته‌ به‌ر ئه‌م ئه‌ركه‌ نیشتیمانییه ‌و، هه‌روه‌ها هه‌وڵده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ودایه‌كی فراوان بۆ دیالۆگ و گفتۆگۆ له‌ نێوان بۆچوون و ئایدیۆلۆژییه‌ جیاوازه‌كان دروست بكات بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بڕەخسێنێت به‌وه‌ی لانی كه‌م هه‌موولایه‌ك پێكه‌وه‌ شان بده‌ینه‌ به‌ر‌‌ ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتییانه‌ی له‌ناو پرسه‌ نیشتیمانییه‌كاندا دروست بووه‌ و له‌چوارچێوه‌ی ته‌سكی تێڕوانینی حزبییانه‌ بیانهێنینه‌‌ ده‌ره‌وه‌.
جێگه‌ی ئاماژه‌ پێكردنه، پوخته‌ی‌ ئه‌م گفتۆگۆیه‌ی ” بازنه‌ی گفتوگۆ” له‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو، 17ی نیسانی 2023 له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی گۆڤاری گوڵان و له‌ دیجیتیاڵ میدیای گوڵان و سایتی گوڵان میدیا به‌ هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.