ڕۆژنامەی هەولێر
وەك پیشەی هەمیشەیی، ستران عەبدوڵڵا، بەرپرسە لابەلاكەی ڕاگەیاندنی یەكێتی، لەبارەی ڕووداوەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانی، قسەی بۆ سایتی حزبەكەی كردووە. قسەكانی ناوبراو، زیاتر تانەوتەشەر و بوختان و چەواشەكارین، نەك لێدوان و تەنانەت قسەی ئاساییش.
ڕاستتان دەوێت، ئەم وەڵامە بۆ ستران نییە، چونكە ناوبراو دەمێكە شایستەیی ئەوەی لە دەستداوە بایەخ بە قسەكانی بدرێت، ئاخر گفتوگۆ و وەڵامدانەوەی نانخۆری بەرسێبەر بێ جەدوایە. ئاخر هەر كردنی كەسی وەك ستران بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی ڕاگەیاندن، نیشانەی قووڵیی ئەو ئەزمەیەیە كە یەكێتی تێیكەوتووە، جیا لەوەی هەرچی لەبارەی ئەو كەسەوە بڵێین هێشتا هیچ نیە لەچاو ئەوەی برادەر و هاوكارەكانی لەبارەیەوە دەیزانن و دەیڵێن، بۆیە ئەم وەڵامە بۆ ئەو كەسانەیە كە دنەی ستران و هانی جنێوفرۆشی دەدەن، ئەوانەی لەپێناو مانەوەیان و قۆرخكردنی دەسەڵاتیان بەسەر یەكێتی و خۆسەپاندن و ڕووتاندنەوەی سلێمانیدا، شەرم لە هیچ خیانەتێك ناكەن، سەر لە هیچ تەڵەكەبازی و چەواشەكارییەك ناكەنەوە، ئامادەی هەر تەنازولێكن بۆ هەر دەوڵەت و هێزێك، تەنیا بۆ كوردستان و میللەتەكەی خۆیان نەبێت.
بەڕاست پێناسەی فەشەل و كەسانی فاشیل لای ستران و وەستاكانی چییە؟ كاركردن و تەحەموولی مەسئوولییەت و شاندانە بەر ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییاتەكان فەشەلە، یان ڕاكردن لە بەرپرسیارێتی و لەهەردووبەر خواردن و داڵدەدانی تاوانباران؟!.. دەوڵەتداری و ڕێزلەخۆگرتن و مساوەمەنەكردن لەسەر مافەكانی كوردستان گاڵتەجاڕییە، یان تۆران و گڕووگرتن لە حكوومەتێك كە خۆت بەشێكی سەرەكی بی لێی؟!.. لەوەش سەیرتر، هەموو ڕۆژێكیش واستە بكەیت بگەڕێیتەوە و داوای پۆست بکەیت و ئیمتیازات ببەیتەوە؟!..
كێن ئەوانەی وایانكردووە نەیاران دەسكەوتیان دەستكەوێت، وەك ستران دەڵێت؟.. ئەوانەی خەمی بستێك خاكی كوردستانیانە، یان ئەوانەی لەچاوتروكانێكدا نیوەی كوردستانیان فرۆشت؟!!.. كەسانێك تەنیا بۆ مانەوە و دەستكەوتی ڕۆژانە، وڵاتیان كردبێتە گۆڕەپانی تەراتێنی ئەموئەو، سەودا و مامەڵەی خیانەتكارانە بە پرسی نەتەوەیی و نیشتیمانی و هێز و حزبەكانەوە بكەن:(ڕووداوەكەی فڕۆکەخانە نوێترین نموونەیە)، چۆن لە ڕوویان دێت و كەی مافی ئەوەیان هەیە باسی نیشتیمان و نەتەوە و مافی هاووڵاتییان بكەن؟!..
لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە: ڕووقایمی ستران و كاربەدەستانی حزبەكەی كە عەڕابی فەوجی لابەلا و هێزەیلی لەیاسادەرچوون، بگاتە ئەو جێیەی باسی دامەزراندنی فەوجی لابەلا بكەن!!.. ڕاستیان گوتووە: ئەگەر شەرمت نەكرد چی دەكەی بیكە!.
ستران لە شوێنێكدا بەناوی یەكێتییەوە دەڵێت: یەكێتی بێ ئاگایی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كاری نەكردووە!!. ئەوەی یەكێتیی ئێستێ بناسێت و كەمێك لە حاڵی شارەزا بێت، دەزانێت ئەم قسە زلەی ستران، لە وەهمێكی خۆبەشتزانین زیاتر چیتر نیە، جیا لەوەیش نازاندرێت، ستران مەبەستی كام كارانە و كام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە؟
كورتوكرمانجی: ڕۆژگاری ئەوە بەسەرچووە ڕاستییەكان و زانیارییەكان دیزە بەدەرخۆنە بكرێن، خەڵكی هۆشیاری سلێمانی بەتایبەتی و خەڵكی كوردستان بەگشتی و تەواوی ڕای گشتی، ئەمڕۆ یان سبەی، وردەكاری و حەقیقەتی ڕووداوەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانیان بۆ دەردەكەوێت، تا ئەو ڕۆژە با جارێ بەس بێت !..