ڤایرۆسی سوورێژە لەناو منداڵانی هەرێمی کوردستاندا بڵاو بووەتەوە و تەندروستی هەولێریش هۆشداری دەدات لە باپەندبوون بە كوتانی ڕۆتین.
سەرەڕای هەرێمی كوردستان، لە بەشێكی پارێزگاكانی عێراقیشدا ڤایرۆسی سوورێژە بڵاو بووەتەوە؛ وەزارەتی تەندروستی عێراق لەبارەی رێنوێنییەكانی بۆ چارەسەركردنی ئەو نەخۆشییە ئاشكرای كردووە، كە چارەسەركردنی ئاسانە، تەنیا هەندێك حاڵەت نەبێ كە تووشیارەکە دۆخی خراپ دەبێ و گیانی دەردەچێت. هاوكات بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر لەڕێگەی پاراستنی تەندروستیی هەولێرەوە داوا لەمامۆستایان و دایکوباوکان دەکات ئەگەر منداڵ تای گرت و پەڵەی سوور لەسەر دەم وچاو و جەستەی دەرکەوت ئەوا دەبێت جیا بکرێتەوە، هاوكات سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پیوێست بۆی.
بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر لە بڵاوكراوەكەیاندا دەشڵێت ئەو منداڵانەی بە ماکوتەی دژی سوورێژە بە پێی خشتەی خۆشەکردن (کوتان)ـی نیشتمانی نەکوتراوە با سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن بۆ ئەوەی منداڵەکەیان خۆشە بکرێ (بکوترێت)، تا بەری بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە بگیرێ.
ڤایرۆسی سوورێژە خێرا لەسەر دەموچاو و سینگ و پشت، پاشان لە تەواوی جەستەدا بڵاو دەبێتەوە. دكتۆرەخان دیلان رەمزی پیرداود پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان لە بارەی ڤایرۆسی سوورێژەوە دەڵێت: بەداخەوە ئەو ماوە زۆر بڵاو بۆتەوە لەناو منداڵاندا؛ سوورێژە بریتیە لە هەوکردنێکی ڤایرۆسی کە پێی دەڵێن measles virus؛ کە بە هەناسە و لیکاو و پژمە دەگوازرێتەوە و، دوای پێنج رۆژ هەتا حەفتەیەک، منداڵی تووشیار، نیشانەکانی سوورێژەی لێ پەیدا دەبێت.
پلەی گەرمای لەشی منداڵی تووشیار دەگاتە 39 پلە؛ بێتاقەتی، کۆکە، هەڵامەت “لووتەچۆڕە”، سوورداگەڕان و ئاوسانی چاو، پەڵەکی سپی لەناو دەم، دوای (3_٥) رۆژێک پێستی نەخۆش پڕ دەبێت لە خاڵی سوور، كە لە دەموچاوەوە دەست پێ دەکات و ئینجا مل و سینگ دەداتە بەر و، پاشان هەموو جەستەی دەگرێتەوە كە بۆ ماوەی ٥_7 رۆژ بەردەوام دەبێت.
دكتۆره دیلان رەمزی ڕوونی دەكاتەوە كە لەو کاتەدا نەخۆش زۆر باری تەندرووستیی تێک دەچێ و زۆربەیان پێویستیان بە ڕاوێژکاری و چاودێریی پزیشک هەیە؛ لەو کاتەدا دەبێ شلەمەنی زۆر بخواتەوە و دژەتا (تەوبڕ) بەردەوام بەکار بێنێت؛ هەربۆیە ئێمەی پزیشكان جەخت دەكەینەوە كە پێویستە بزانن گرنگترین ڕێگا بۆ پاراستنی منداڵ لە سوورێژە ئەوەیە کە منداڵ پێکوتە وەرگرێت لە تەمەنی دیاریکراودا، چونکە زۆربەی ئەوانەی ئێستا تووش بوونە پێکوتەیان وەرنەگرتووە.
د. دیلان رەمزی دەربارەی زیانە لاوەکیەکانی سوورێژە، دەڵی: هەندێک جار هەوکردنی گوێ، یان هەوکردنی سیپەلاک، یان هەوکردنی مێشکی بەدوودا دێ و، بە داخەوە هەندێک جار منداڵەکە پێی دەمرێ.