ئەردۆغان هێرش بۆ سەر رکابەرەکانی چڕ دەکاتەوە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا، کە بڕیارە لە 14 ئایاردا کێبڕکێ و شەڕی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا گەرمتر بووە،  رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر رکابەرەکانی چڕتر کردووەتەوە.

بەکر بۆزداغ، وەزیری داد رایگەیاند، گواستنەوەی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ رەتکردنەوەی ئەو تانانەی کە لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەکان و یاساناسان پێشکەشی کراوە هیچ سوودێکی نییە.

رۆژی یەکشەممە، بۆزداغ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند: “بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردنەکان کۆتایی و کۆتایین،  ناتوانرێت تانەیان لێبدرێتەوە، بەپێی دەستوور، هەربۆیە تانەدان لە بڕیارەکان لەبەردەم دادگای دەستووری هەنگاوێکی بێ کەڵکە”.

لە هەمان کاتدا لەگەڵ پەرەسەندنی بانگەشەکانی هەڵبژاردن، بەتایبەتی شەڕی سەرۆکایەتی کە لە لایەن 4 کاندیدەوە بەڕێوەدەچێت، ئەوانیش بریتین لە ئەردۆغان سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان، کەمال کلیچدارئۆغڵو، کاندیدی ئۆپۆزسیۆن، موحەرەم ئینجە، سەرۆکی پارتی بەلەد، سینان ئۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی عەتا.

ئەنجامی راپرسییەکانی 17 کۆمپانیا کە لە ماوەی مانگی ئاداردا ئەنجام دراون دەریانخستووە کە کاندیدی هاوپەیمانی نەتەوەی ئۆپۆزسیۆن کەمال کلیچدارئۆغڵو بە جیاوازی لەسەدا 2.6 لە ئەردۆغان باشتر بووە  هەروەها دۆخی ئابووری گەورەترین هۆکارە کە کاریگەری لەسەر ئاراستەی دەنگدەران هەیە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە زیاتر لە 6 ساڵە دەستگیرکراوە لە رێگەی هەژماری تویتەرەکەیەوە کە پارێزەرەکەی بەڕێوەی دەبات، پەیامێکی بۆ دەنگدەران ناردووە و دەڵێت: “کەسانێک هەن دەڵێن هەموو شتێک زۆر خراپ دەبێت ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا دۆڕا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ نمونە یۆرۆ یەکسانە بە 20 لیرەی تورکی، کیلۆیەک گۆشت بە 300 لیرە، کیلۆیەک پەنیر بە 200 لیرە، ژمارەی بێکاران 5 ملیۆنە، کەمترین کرێ 8500 لیرە، تەنانەت 50 هەزار کەسیش لە بوومەلەرزەیەکدا دەمرن، بۆ خاتری خودا چی لەوە خراپتر دەبێت؟.

ھەواڵی زیاتر