نرخی نەوت بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی

نرخی نەوت بە رێژەی 8% بەرزبووەوە دوای ئەوەی رێکخراوی ئۆپێک پڵەس رایگەیاند تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ خستنەڕووی نەوت بە بڕی 1 ملیۆن 160 هەزار بەرمیل کەمدەکاتەوە. نرخی زێڕیش بە رێژەی 0.5% دابەزی.

نرخی نەوتی برێنت 4 دۆلار و 26 سەنت بەرزبووە و هەر بەرمیلێک بە 84 دۆلار و 13 سەنت مامەڵەی پێوەکرا؛ هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 4 دۆلار و 14 سەنت بەرزبووە و بە 79 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

سعودیە رایگەیاندووە، کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت لە مانگی 5ی داهاتووەوە دەستپێدەکات.

کەمکردنەوەی قەبارەی خستنەڕووی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەس هاوکاتە لەگەڵ کەمکردنەوەی بڕی رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن رووسیاوە کە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 بەردەوام دەبێت.

لەو بڕەی کە ئۆپێک پڵەس بەڵێنی کەمکردنەوەی داوە، سعودیە رۆژانە 500 هەزار بەرمیلی دەگرێتە ئەستۆ؛ هەروەها ئیمارات بەڵێنی داوە رۆژانە 144 هەزار بەرمیل کەمبکاتەوە.

تینا تێنگ، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاریی CMC مارکێت لەو بارەیەوە رایگەیاند، “پلانی ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنانی نەوت ئەگەری هەیە نرخی نەوت بەرز بکاتەوە بۆ نزیکەی 100 دۆلار.”

تینا تێنگ ئاماژە بە کەمکردنەوەی قەبارەی خستنەڕووی نەوت لەلایەن رووسیاوە دەدات کە وەکو تۆڵەسەندنەوە لە وڵاتە رۆژئاواییەکان بڕیاری لەسەر داوە. هەروەها پێشبینی دەکرێت خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لەبەر بووژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە ئەمساڵ بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە.

گۆڵدمان ساکس لەو بارەیەوە رایگەیاند، “بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس 5 دۆلار بە پێشبینییەکانیان لەسەر نرخی نەوت زیاد دەکات و بەرزی دەکاتەوە بۆ 95 دۆلار.”

بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەس لە کاتێکدا پلانی خۆیان بۆ کەمکردنەوەی ئارەزوومەندانەی نەوت لە بازاڕدا خستووەتەڕوو کە ئەمڕۆ دووشەممە بڕیارە کۆمیتەی هاوبەشی چاودێریی ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک بۆ تاوتوێکردنی رەوشی بازاڕی نەوت کۆببنەوە.

نرخی زێر دابەزی بۆ خوارەوەی 1960 دۆلار

لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لەم هەفتەیەدا، نرخی زێڕ بەڕێژەی 0.5٪ دابەزی و گەیشتە خوار 1960 دۆلار.

هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی مانگی داهاتووشدا بە هەمان رێژەی 0.5٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بە 1975 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی زێڕ هەفتەی رابردوو بەهۆی تەشەنەکردنی قەیرانی بانکی لە ئەمریکا بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکرد و ئاستی 2000 دۆلاری بۆ هەر ئۆنسەیەک تێپەراند، بەڵام لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە چەندین رێوشوێنیان راگەیاند بۆ دەربازکردنی کەرتی بانکی لەو وڵاتە لە قەیران، بەو هۆیەوە ترس لە داڕمانی بانکەکان کاڵ بووەتەوە و رەوانەوەی ئەو نیگەرانییانە، نرخی زێڕی دابەزاند.

ئەم هەفتەیە چەندین ئاماری پەیوەست بە ئابووری ئەمریکا بڵاودەکرێنەوە، کە پێشبینی دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر نرخی زێڕ دابنێن.

یەکەم ئاماری گرینگ دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ (دووشەممە، 3-4-2023) بڵاودەبێتەوە کە پەیوەستە بە پێنوێنی بە چالاکی کارگەکانی ئەمریکا.

پێشبینی دەکرێت چالاکی کارگەکانی ئەمریکا خاوببێتەوە، ئەگەر و واش دەربچێت ئەگەری هەیە کاریگەری ئەرێنی لەسەر نرخی زێڕ دابنێت.

رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەش ئاماری ژمارەی هەلەکانی کارکردن لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە، کە زیاتر لە هەر فاکتەرێکی دیکە کاریگەری لەسەر بازاڕی زێڕ دادەنێت.

ھەواڵی زیاتر